ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە دوور دوورەوە ئەسپێک دێ 

ئاگر لە سمی هەڵدەچێ 

ئەو ئەسپە نیشتیمانی ون کردووە

هەرگیزاو هەرگیز ناگاتە جێ

چاوەکانی پڕن لە حەسرەت 

شەڵاڵی ئارەقەی کەوتن

لەهەموو ئەسپێ ماندوو ترە 

لە هەموو رێبوارێ تێنووترە 

کورژنی ئەو ئەسپە لە هەموو هاوارێ بەسۆ ترە 

ئەسپێکە دەشت و کێوو تەلانی ڕکی تەی کردووە

رێگەی هات و نەهاتی بڕیوە 

گەیشتۆتە هەر ئاوێ وشکی کردووە 

لە هەر مەیدانێکی جەنگا هەزاران ڕمی پێکەوتووە

زاکیرەی پڕە لە شکست و برین

ئەو ئەسپە ئێمەین 

کە نە ئەگەین و نە ئەمرین