نووسینی: د. چواس حسن
ئێمە بەردەوام،
لەسەر شەقام و چێشتخانە و فەرمانگەکان،
لەبەردەمی مێزی نانەواخانە و میوەفرۆشەکان،
لەلای چایچی و لەفە فرۆشەکان،
لەناو مۆڵ و بازاڕ و دوکانەکان،
لە سەیرانگا و مەلەوانگەکان،
لە نەخۆشخانە و ژووری پزیشکەکان،
لەناو پاس و تەکسی،
تەنانەت لەدەشت و دەریش،
بگرە لەماڵەکانیشمان،
ئۆتۆمۆبێلەکانیشماندا،
تێکخزاوین.
........
لەکاتی قژ بڕین و دان کێشاندا،
لەکڕینی شیرینی جەژن و
هەواڵ پرسینی نەخۆشدا،
تەنانەت لەناشتن و قەبریشدا،
مرۆڤەکان
هەمیشە تێکخزاون،
تا ئەوەی گەر شارەزای زەوی نەبین،
وا دەزانین،
ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین،
کە دوا دەنکی گەنم و قومی چا و پارچە کێک و بزماری کەوش و کەوچکی چێشت و سەمونی حەجەری ماون و بەس،
سەردەمێک دوا بستی زەوی و سێبەری دار و قەراغی رووبار و کورسیی پاس ماون و بەس،
سەردەمێک دوا چرپای نەخۆشخانە و دوا پزیشک و دوا دەرمان و دوا گۆڕ مابن و بەس.
مرۆڤ بوونەوەرێکی ترساوی تێکخزاوە.