۱
پوونگی تەڕی دەم جۆگەلە
شەرم دادەگرێ
لە بینینی باڵای ڕێواست
لەبەهەشتیش، شایەتی دەدەم
تامی لە لێوم ماوە
ماچی لێوی گێلاست
۲
باخی دڵم کراوەیە،
وەرە بگەرێ بۆ خۆت
حەزت لە کام میوەیە
بە سێ پەنجە
ڕادەگرم بۆت!
۳
هەرچی هەیە،
لە بۆنی خونچە و کرووک
ناگات
بە بۆنی هەناسە و
باوەشی بێگەردی تۆی بووک
٤
لە ژوانی باخ
من و تۆ، بووین بەیەک
بووین بەئەسپیندارێکی پڕ شکۆ و ڕێک
ڕەشەبامان شەرمەزارکرد
بەو هەموو ڕقە،
نەیتوانی بمانکات لێک
٥
لە نێو باخی سێوان
من سێوێکم دا بەتۆ
تۆ دووان
بزە بوو بە پێک
چەند نۆشمان کرد
شەرابی شاتووی لێوان
٦
دارچنار، بۆ هاتنت
گەڵای بێگەردی خۆی
دەخاتە ژێر پێت
پەپوولە دێتە سەما
کەناریش،
ئاوازی ئەوین دەچڕێنێت.
۷
سیمای تۆ،
ڕەنگی سروشتی گرتووە
منیش، بۆنی تۆ
گەر بشنازی،
وەک نازنازی بەر هەتاوێ
منیش، خاڵخالوکەم
لەسەر گوڵی تۆ.
٨
ئەو ئەوینە، چەند شیرینە
کانیاوی بزەو
ماچ و حەزە
سنەوبەری هەر چوار وەزە
جوان و
پڕ شکۆ و بەرزە!