ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 

مردن ..

 

 

هێندە بێرەدا مەیە !

ئێرە شاری کوڵانەوەی برینـە 

نازانـی !

لەنێوان گۆڕستان و شار 

پڕیەتی لە کوژانەوەی دوانەفەسی شیبایەکی گەنج و 

پڕیەتی لە پیاسەی حیکایەتی سپی ؟!

تەم و مژە ،

بەڕژانی دوا دێڕی هەتاوو 

لە پیربوونی قاچەکانی ئـاو !

 

 

هەموو ڕۆژێک خواشاهیدە لە کۆڵانە ،

تۆزاویەکانی ئێرە 

سێبەری قەڵەمێک و پێکەنینی منداڵەکانی کۆڵان 

بە پێخواسی ڕاو دەنێی !

وامان لێهاتووە لە ناشتنی گریانا 

ڕستەکانمان بۆنی خۆڵیان لێ بێ !!

چاوەکانمان هەرلە گۆڕستان جێ بێڵین !!!

 

 

لێرە پەلەی چیتە مردن ؟!

هەموو ڕۆژێک بەستەی کۆچی ،

خۆشەویستی یەکێکمان ،

لەسەر لەوحەی بێدەنگیمان دادەنێی 

نازانی !

ڕۆژژمێری ئێرە پڕیەتی لە دڵی شکاو ؟

پڕیەتی لە کتێبی ،

گۆرانیەکانی خواحافیری ؟؟

 

 

نازانم چۆن دڵت دێ 

دوا دێڕی شیعرێک و ئایەتەکانی خۆشەویستی و 

باڵەکانی دارستان 

لەسەر بەردەکانی تاتەشۆر دانێی ؟!

نازانم چۆن لەدەستت دێت ،

هەموو ڕۆژێک گریانی قەسیدەیەک و

هەناسەکانی ژنێک 

لەبن هەنگڵی بــا بنێی ؟!