ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

1

هەموو ئێوارەیەك زۆربا

وەك شەباقەیێ‌ لە نوور

وەك ڕووبارێ‌ لە بخوور

لەناو تۆزی كتێبەكانم دێتە دەرەوە

وەك لە باخی بەی هاتبێ‌ بانگم دەكات

دوای ئەوەی كە مەست مەست دەبین

ئەلف و بای سەمام فێر دەكات

2

من بە بۆنی كتێب دەژیم

لەڕێی بۆنی كتێبەوە دانتیم ناسی و

سەفەرمان بۆ باڵا كردووە

هەر بەو بۆنەش چوومەوە سەر گۆڕی نالی

3

بۆ هەر كتێبێ‌ دەنووشتێمەوە

یادەوەرییەك دەمكوژێ‌

هەر پەڕێ‌ هەڵدەدەمەوە

ڕستەیێ‌ ڕۆحم هەڵدەمژێ‌

4

كتێبێ‌ هێندە لە گەڵیا خەوتووم

جار جار وەك ژن هاوار دەكات

داوای مناڵم لێ دەكات

5

كتێب هەیە ناوە ناوە لە دڵەوە كۆتم دەكا

كتێب هەیە دروستم دەكاو

وەك نووسین ئازادم دەكا

6

هەموو نیوە شەوانێك 

كتێبێ‌ لە بەرزایی ڕەفەكانەوە

بانگم دەكاو ورد ورد دڵم دەداتەوە

هەندێ‌ جاریش وەك مه‌عشووقێ‌ 

دەخزێتە ناو باوەشم و

بێباكانە دوگمەكانی دەكاتەوە

7

كتێبێكم هەیە هەمیشە و بەردەوام

خەمبارو خەمگینە

ئەوە كتێبێ‌ نیشتمانمە ئاڵ بووە

ئەوە كتێبی نیشتمانمە

لەتاو بێ‌ ئەمەكی ڕۆڵەكانیدا لاڵ بووە

8

شەوانە درەنگ درەنگ

گوێم لە ناڵەی كتێبێكە دەناڵێنێ‌

من دەزانم ئەوە كتێبی نالییە

لەتاو هیجرەت دەناڵێنێ‌

دڵنیایە نیشتمانە جێی دەهێڵی

9

ئەو كتێبەی باوكم لە سەرە مەرگا كردییەوە

ئێستاش وەك خۆی كراوەیە

چەند دای دەخەم شەوانە خۆی دەبێتەوە

چی بكەم كتێب هەمیشە بۆ

عاشقی خۆی دەچێتەوە

10

كتێبی هەموو برادەرانم وەك گلێنە پاراستووە

هەندێ‌ لەو كتێبانە دەڵێن فڕێماندەو هەڵمان مەگرە

كە خاوەنی حەرفەكانمان زۆر لەمێژە

ئێمەی لە ناو بێ ئومێدی جێ هێشتووە

11

زۆر جاران لە ناو كتێبخانەمدا وا هەست دەكەم

من برایەكی تاقانەی هەزاران هەزار خوشكم

12

من بە بۆنی كتێب نیشتمانی خۆم ناسییەوە

هەر بە بۆنی كتێبانیش دەیناسمەوە

هەر كاتێ‌ كتێب نەمینێ‌

نیشتمان چەمكی نامینێ‌

13

هێندە دەستم بە گەردنی كتێبەكانمدا هێناوە

لێم ببورن ئەگەر بڵێم

هیچ جیاوازییان لە گەڵ كۆرپه‌كانمدا نەماوە

14

تەنها كتێب شایانی ئەوەیە

لە قوڕگی شێری دەربێنی

15

هەركاتێ‌ سەفەر بكەم

نیشتمان بە كتێب دەسپێرم

ئەگەر سەد ساڵیش نێمەوە

تەنها كتێبە دیاری منه‌

بۆ نیشتمانی بنێرم