ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شیعری خەلدون جاوید

و. جەلال دەباغ

خەلدون جاوید شاعیرێکی عێڕاقی پێشەوتنخوازە، لە ٢٥ی نیسانی ١٩٤٨دا لە(سدە الهندیە) لە دایکبووەو، باوکی بەغدادی و دایکی خەڵکی حیللەیە، ساڵی١٩٧٣ بەشی ئینگلیزی لە کولێژی زمانەکان تەواوکردووەو، لەساڵی ١٩٦٤ەوە شیعر دەنووسێت.

شیعرەکانی لە گۆڤارو رۆژنامە عێڕاقییەکانداو بە تایبەتی لەرۆژنامەی (گریق الشعب)دا بڵاوکردۆتەوە، ٣٠ ساڵ زیاترە ئاوارەی هەندەرانەو، لە بوڵگاریاو جەزایرو مۆسکۆ ژیاوەو لە ساڵی ١٩٩١ەوە لەوڵاتی دانیمارک دەژی. خاوەنی چەندان دیوانی شیعریی بەهیزەو نووسەری چەندان کتێبەو، شایانی باسە هەڵوێستی پێشکەوتنخوازانەی لە مەسەلەی رەوای گەلی کوردمان هەیەو شیعرێکی جوانی لەسەر کچە کوردی ناسراوی پەرلەمانتار (لەیلا زانا) نووسیوە.

 

"لە کۆمونیستەکان وریابن!"

ئەوان دەکەونە ناو خەڵک!!!

لە توانایان زۆرتر خەڵکیان خۆشدەوێ

دڵیان دەبەخشن

بەرەنگی جۆربەجۆر وێنەی گوڵ دەکێشن

منداڵانی پێ ڕادەکێشن، فریودەدەن..!

لە شارەکاندا مەکتەبە بۆ منداڵان دادەنێن

هەروا لە لادێکاندا

وریابن ئەوانە موزیکیان فێردەکەن

وریابن

موزیک لەرینەوەیەکی جودایان فێردەکات

ریتمێکی جوانیان فێردەکات

"وریای شیوعییەکانبن"

بە جوانیی رەنگەکان

بە وێنەی گوڵ و خەیاڵ

خۆ دەخزێننە ناو

لە پێناو 

خزمەتی ئەوانیتردا خۆ بەختدەکەن!

ئەوەتا ئەوان هەر لەم ڕۆژانەدا

پزیشکی گەڕۆک دەنێرن 

بۆ چارە سەری مرۆڤەکان

خۆ ئەگەر بتوانن بۆ رازاندنەوەی کەڤەرەکان!

وریایانبن

نەخۆش چاکدەکەنەوە

وریایانبن ئەوان بەبەخشندەیی

دەرمانەکان پێشکەشدەکەن

لەدەرەوە دەرمانەکاندێنن- واتە لە شەیتانەوە!

لەوێوە کەسانێکهەن پێشکەشیانی دەکەن

ئەوان داوا لە خەڵکی دەکەن

یارمەتی یەکتر بدەن 

وریایانبن..

هەردەبێ لەوەدا نیازێکیان هەبێ!

دەیانەوێ خەڵکی لە نەخۆشی رزگاربن!

منداڵانیش دڵخۆشبن 

خەون بە باخچەی گوڵانەوە ببینن

وریایانبن..

منداڵەکان رەنگە دیمەنی ئەو گوڵانە 

بەتایبەتی گوڵەسوورەکان!

بەدخویانکردبن

وریایانبن

بەتایبەتی ئەم ڕۆژانە

بەشێوەیەکی ئاشکرا 

بە ناوەرۆکێکی کافرا! 

هەڵدەسووڕێن!

ئەوان ژنانمان بە خویندن و فێربوون 

بەدەستخستنی پارەو پلەوپایە!

بە خۆشگوزەرانی.. خراپدەکەن!

لە شیوعییەکان وریابن!

کەواتە هەردەبێ لەدنیادا ژنان

بخرێنە ناوزیندان.

خودایە..!

خۆزگە لەوەودنیاش هەر وابوایە!!!!

ئێمە لەم بێباوەڕیی کۆمونیستییە رزگارکە!!!!!

هۆشداربن هۆشداربن!

لە دوکتۆرە گەڕۆکەکەیان

لە خوێندن و فێرکردنی ژنان

لەوەی منداڵان فێری رۆشنبیری بکەن

وریای وێنەو موزیک و شەترەنجبن

تەنانەت لە ئاست کولێرەی نانیش وریابن!

کۆلێرەی نان ئاواتەخوازن شیوعی بوونایە

وەک بۆنی خۆش، وەک خۆشەویستی، 

وەک ئاو، وەک با، وەک کارەبا!

واتە بۆ هەمووان ڕێگەپێدراوبوونایە

هوشیاربن لە شیوعێتی "لە کۆمونیستیی"..

کە رێگەپێدان و،

بەربەرەڵاکردنی هەموو شتێکە

ببنە بەختیاریی گشتی.

لە ئاسایش و ئەمانەت وریابن

لە بنیاتنانی ئابوری کە دایدەمەزرێنن

لە پەروەردەو فێرکاری..

پەروەردەو فێرکاری، خراپەکاریین

لەسەرمانە هەربە نەزانی و ئابڕۆمەندی بمێنینەوە!

هەزارجار باشترە لە فێربووان و کفرکاران!

واتە بیابان ..چۆڵەوانی زۆر باشترە 

لە شارستانی.. 

نەزانینی شتێک، باشترە لەوەی بیزانێت

مردن... نەک ئەم ژیانی ڕۆشنبیرییە

جا ئەگەر بزانن تاریکی 

بە سەردانەواندن و ڕێزداری !! 

لە رۆژو ڕوناکی

باشترە بە خراپەوە 

کەواتە دەی وەرن! 

بوتاریکی.. بۆ تاریکی.. بۆ تاریکی..

لە روناکی و شارستانی نزیک مەبن

هەردوکیان هەرکۆمونیستن

هوشیاربن! هوشیاربن! هوشیاربن!

کاتێک مرۆڤەکان خواردن دەخۆن

دڵخۆشدەبن

گفتوگۆ لەسەر ناوەرۆکی شتەکاندەکەن

کاتێک مرۆڤەکان بەختیاردەبن

ئەمەش ئەوەیە کە شیوعییەکان دەیانەوێ

ئەوکاتە ئەوان

فەلسەفەکاری دەکەن

ئەوەی خاوەن لۆژیکبێت، دەشێ ببێتە کافر

کەواتە ئەوەیە باشتر، 

لۆژیک و شیوعێتی پێکەوە بکوژرێن

وردوخاشکردنی ژیری و ئازادیی سارتەریی 

بەڕێکەوتنی مرۆڤ 

وێرانکردنی کەمپینی رۆشنگەری

سووتاندنی کتێبخانەکان

برسیکردنی خەڵکەکان

برسیکردنی خەلک پێویستییەکە

برسێتی داوای نزاکردن دەکات!

نزاکردن سەردانەواندن و ڕێزدارییە

ئەمەش ئایندارییە

کەواتە برسێتی هەزارجار

لە تێربوون باشترە

ئێمە "کۆترەکان"ی درەختی دەستبەرداربوونین!

بەڵام کۆمونیستەکان 

گیروگرفتخوازن 

بە کێشەو سەربەگۆبەنگن

وریای کۆمونیستەکانبن

ئەوان نیشتیمانێکی ئازادو

گەلێکی بەختیاردەخوازن

ئەمەش بەشارستانی 

دێتەدی.. 

شارستانیش کردەیەکی خۆرئاواییە

کەواتە کۆمونیستەکان ماتیریالیستی ئابورین 

شارستانی و سەربە فێربوون و فەلسەفەن

سفسگەبازو چەواشەکارن

ئیسڵاحین

رێکەوتنسازن

کەواتە ئەوان بێباوەڕو کافرن!

چۆن؟

نازانین!!!!

شێخە دێرینەکەمان ئاوهای پێگوتوین!

ئاوهای فێرکردوین!

ڕەنگە لەبەرئەوەبێ 

کە ئێمە لەواندا رقمان لەوەیە

کە خەڵکیان خۆشدەوێ

ئێمە ڕقمان لە شارستانییە

جا لەبەر ئەوەی مرۆڤ ئێستاکە

بۆتە شارستانی.. کەواتە

هەردەبێ چارێک هەبێ

ئەو چارە چییە؟

ئە وچارە کوشتنی مرۆڤ خۆیەتی

لەناوبردن و وێرانکردنێتی

تێکشکاندن و تەقاندنەوەیەتی

بە بۆمبی تەقینەوە..بە سوتاندن..بە کوشتارگە..

با ئەم دروشمە بەرزبکرێتەوە

لە هەرکوێ مرۆڤت دیی سەری ببڕە!

ئامڕازە رۆژئاواییەکانی وردوخاشکە

فڕۆکە، ژیردەریایی، ئۆتۆمۆبیل، کۆمپیۆتەروتەلەفۆن

تێکشکێنەو بسوتێنەو بتەقێنە

ئەم دنیا شارستانییە بگۆڕە بە خۆڵەمێش

هەردەبێت گۆڕێکی بەکۆمەڵ بۆ شارستانی هەبێت

بە کردەوە بەمانەی خوارەوە دەستپێبکە:

کردەی یەکەم:

یەکە یەکە منداڵەکانت سەرببڕە

پێش ئەوانیش ژنی ماڵەکەت بکوژە

چونکە "عەورەتە"!

کردەی دووەم: 

بۆ کوشنی دراوسێیەکەت دەرچۆ

چونکە ئەویش بەم یان بەو شێوەیە

بە شارستانی پیسبووە.

کردەی سێیەم: 

پشتێنێکی خۆتەقاندنەوە لەسەرلەشت ببەستە

ئەوجا هێرش بکەرە سەر بازاڕێک

یان قوتابخانەیەک

کتێبخانەیەک یان زانکۆیەک

سینەمایەک یان دەروازەی شانۆیەک

چونکە خەڵکەکانی ئەوێندەرێ

بەم یان بەو شێوەیە

بوونەتە شارستانی 

یان بەرەو شارستانیبوون دەچن. 

جا لەبەر ئەوەی تۆی هوشیار!

تا ئەم ئاستە تاریکپەرستیت

تا ئەو ڕادەیەی بوویتە تاوانبار

بکوژو مەرگهێن، زۆڵ و گڵاویت

خوێنڕێژو دراکۆلاو مارو کینە لەدڵیت(١)

تۆ ئیتر مرۆڤ نیت.

ئەگەر گوتت هوشیاری کۆمونیستیبن

تەنیا خۆت لەسەر هەقیت

لەبەرئەوەی تۆ مرۆڤ نیت

ئەگەر گوتت هوشیاری شارستانیبن 

تەنیا هەرخۆت لەسەر هەقیت

چونکە تۆ مرۆڤ نیت 

لە مرۆڤبوون بێبەریت

لەگەڵ چیرۆکەکانی خۆشەویستی نیت

لەگەڵ داهێنان و جوانی نیت

لەگەڵ مۆمەکانی لەدایکبوون و زەردەخەنە نیت

لەگەڵ کەناری روبارەکان و مانگەکان نیت

لەگەڵ دواچێژو خۆشیی دۆزینەوەیەکی پزیشکی 

یا دەستکەوتێکی زانستی نیت

تۆ لەگەڵ بەرزترین هاوڕێی سەرەوە نیت 

کە گوتوویە:

"وعلم الإنسان ما لم یعلم"!

"مرۆڤی فێری ئەو شتانەکرد کە نەیدەزانین"

هەرخۆی ئەو خواستە مەزنەیە کە فێربین 

کە چاکبینەوە..

بۆمباکان لە بەردەم هەنگاوەکانی

پزیشکی گەڕۆکدا ڕابخەین

لە مێسۆپۆتامیای سەربڵند

دەستی ئافرەتە خانەدانەکان ماچبکەین

کە دەڕۆن بۆ بڕینی شەریتی کردنەوەی

یەکەمین کارگەیەک بۆ ژنان

ئەی تێرۆریستی چارەگران

تۆ مافی ئەوەت هەیە خۆت بکوژیت

ئێمەش مافی خۆمانە

پارچەی حەڵوا بەسەر شیوعیەکاندا هەڵبدەین

کە خۆیان ڕۆڵەی ڕاستەقینەی نیشتیمانن

دەستپاک و ڕاستگۆن

ئاشتیخوازن

مافی خۆمانە دەنکەبرنج شاباشکەین

بەسەر ئەو شاییە نیشتیمانییانەدا هەڵدەین

کە شیوعییەکان لەڕۆژگاری گەندەڵیدا

لە سەردەمی کوشتنی مرۆڤدا

لە کاتی دزینی نیشتیمانەکاندا،

رێکیاندەخەن. 

شەرمەزاری و ڕسوایی بۆ تۆ ئەی تێرۆریست!

لە هەر کوێ هەیت.

مردن و سەرشۆڕی بۆ تۆ

چونکە تۆ

لە ناو جانتاکەتدا

سیانەی تێرۆرمان بۆ هەڵدەگریت:

نەزانین و برسێتی و مردن

تا هەتایە وردوخاشبن...

ئامین رب العالمین، ئامین.!!

-------

(١) دراکۆلا: وشەیەکی رۆمانییە بەمانای (خوێنمژ)