شەپۆلەکان
وەک ئەوانەی ئالودەی
ئامێز گۆڕینن
بۆ کەنار ماچ کردن
بەورووژم
باوەشی دەریا
بەجێ دەهێڵن
سەریان ئەدەن
بەتاشە بەردەلوسەکاناو
خۆیان بەسەر کەنارەکانا رائەخەن
گەردیلەی لم ئەبزوێنن
شوێن پێی
ماسی گرەکان ئەشۆنەوە
ناونیشانی نەخشێنراوی
دڵدارەکان ئەسڕنەوە
بۆخۆهەڵکێشان و فیز نواندن
خۆی نیشانی دڵخوازەکەی ئەدات و
دیاریەکانیانی پێشکەش ئەکات و ئەگەرێتەوە
کوڕە لاوەکان
گوێچکە ماسیەکان کۆ ئەکەنەوە و
بۆ دڵخوازەکانیان گەردانەی لێ ئەهۆننەوە
هانۆڤەر 2019