ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەمڕۆ خەیاڵ

لەگەڵ خۆی لولی دام

ویستم بەناو دڵی سپیتدا گوزەرکەم،

یان بگەڕێمەوە ناو ئەولاپاڵ و پەسیوانەی،

سەدان کەڕەت لێیانەوە سەرەنگرێ بووم

کەچی سات لەدوای سات زیاتر 

هۆگریان بووم جێم نەهێشتن 

دەیان جار بەدەم چاوەڕوانیی ژوانتەوە،

من و بەفر، من و کڕێوە

دەستی شەختەمان بەستووە !!

- با - زەفەری پێنەبردووم 

هەرخۆی پەنجەی خۆی گەستووە !!

هەتا ئێستا گەر بەڕواڵەتیش 

جێم هێشتتبن و ڕۆیشتبم

دڵم لەقوژبێنکێدا جێماوە،

ئەمڕۆ ویستم بگەڕێمەوە،

ناو دارو پەردووی

ئەو کەلاوە کۆنانەی، 

غەدری زەمەن 

لەبێخەوە هەڵی کێشان

وەلێ هەتا ئێستاش 

دەیان ڕستە موورووی 

عەشقم لەناو وێرانەی 

ئەم کۆختو کەلاوانەدا هەڵبەستووە

کڵافەی ئەوینی هەزار خەونم 

تانۆ پۆو ڕایەڵکردووە

ئەو زەمەنە چەند دژوارە؟

چدەبوو گەر

تەنها خەونێکمان سەوز باو

چرۆی ڕازێکی پەنهانمان نەوەریبا؟

چدەبوو گەر ئاوێنەی ئەوینمان

تەمی حەسڕەت دای نەپۆشیبا

چدەبوو گەر گەزۆی لێوی

خۆزگەیەکمان بنۆشیبا؟

خدر گوڵانی

ڕێبەندان 2021

گوڵان