ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

بەشێک لە عەرەب دەستێکی باڵایان هەیە، لە شێواندنی مێژوودا بە قازانجی خۆیان. با لە زاری خۆیانەوە بەڵگە بهێنینەوە. تەها حوسەین (١٨٨٩ - ١٩٧٣) کە مەزنترین کەسایەتیی نێو بزاڤی ئەدەبی نوێی عەرەبییە، لە ١٩٢٦دا کتێبێکی (دەربارەی شیعری جاهیلی) نووسیوە، تێیدا سەلماندوویەتی: ئەو شیعرەی ناوی شیعری جاهیڵییە و گوایە بەر لە سەرهەڵدانی ئیسلام نووسراوە، شیعرێکی ساختەیە، دوورونزیک پێوەندیی بە قۆناغی پێش ئیسلامەوە نییە و دوای سەرهەڵدانی ئیسلام نووسراوە.

تەها حوسەین دەڵێت: (ئەو شیعرانەی وەپاڵ ئیمرەئولقەیس، ئەعشا، تەرفە، ئیبن کەلسووم و عەنتەرە دراون، هیچ پێوەندیی بەوانەوە نییە، بەڵکوو شاعیرانی دیکە دوای سەرهەڵدانی ئیسلام، بە مەبەستی جیا جیا بۆیان هەڵبەستوون.) هەروەها دەڵێت: (ئەوانەی لە ڕابردوودا، سەبارەت بە عەرەب قسەیان هەبووە، عەرەب بووبن، لایەنی عەرەبیان گرتووە، عەجەم بووبن، دژایەتی عەرەبیان کردووە.) تەها حوسەین باسی ئەوە دەکات کە سەردەمی پێش ئیسلام جاهیلی نەبووە، هیچ نەبێت وەک بە قورئانەوە دیارە، کەسانێکی زانا هەبوون کە دەربارەی پەیدابوونی ئینسان و زیندووبوونەوە، گوتوبێژیان لەگەڵ پەیامهێندا کردووە.

تەها حوسەین دەڵێت: (ئیمرەئولەقەیس و عەنتەرە و تەرفە سەر بە سێ خێڵی جیاواز بوون، ئەو سێ خێڵە خاوەنی سێ شێوەزاری جیاواز بوون، کەچی شیعری هەر سێکیان، پێش ئەوەی قورئان ببێت بە زمانی ستانداردی عەرەبی، بە زمانی قورئان نووسراوە! ئەمەیش بەڵگەیەکی ڕەتنەکراوەیە، بۆ ئەوەی ئەوەی پێی دەگوترێت شیعری جاهیلی، دوای جێگیربوونی زمانی یەکگرتووی عەرەبی نووسراوە کە زمانی قورئان بووە.) ئیمرەئولەقەیس کە خەڵکی یەمەن بووە، ناکرێت بە دیالێکتی حیجاز، بەو شێوەزاری قورئانی پێ گوتراوە، شیعری نووسیبێت. ناکرێت ئەو شاعیرانەی سەردەمی (جاهیلی) کە هەر یەکەی خەڵکی دەڤەرێک بووبن، هەموویان بە هەمان شێوەزار و بە هەمان تەکنیک شیعریان نووسیبێت. ئەوەی دەڵێن: پێش سەرهەڵدانی ئیسلام هەڵبەستێک جوان بووبێت، بە (دیوارەکانی) کابەدا هەڵواسراوە، هەواڵێکی هەڵبەستراوە.

هەندێک لە عەرەب لە شێواندنی مێژوودا لەوەیشیان تێپەڕاندووە، بۆ نموونە: کە سەعدی کوڕی عەبادەی یاوەری پەیامهێن کوژراوە، تاوانەکە وەپاڵ جنۆکە دراوە، بەڵگەیش ئەو شیعرە بووە کە گوایە جنۆکە گوتوویەتی:

قد قتلنا سید الخزرج سعد بن عبادە

ورمیناه بسهمین فلم نخطئ فؤادە

کەسانێک شیعر بدەنە پاڵ جنۆکە، بە لایانەوە ئاسایی دەبێت، شیعر بهۆننەوە و بە بەرهەمی شاعیرانی (جاهیلی)ی لە قەڵەم بدەن. ماکسیم ڕۆدنسن دەڵێت: (هەموو ئەوەی سەبارەت بە موحەممەد نووسراوە، لاپەڕە و نیوێکی مێژووە، ئەوەی دیکەی میتامێژووە.) کە عەرەب مێژووی پەیامهێنیان وەک خواستوویانە نووسیبێتەوە، ئەوەیش ئاسایییە، مێژووی سەلاحەددینی ئەیووبی (١١٣٨ - ١١٩٣) لە قازانجی خۆیان بنووسنەوە.

سوهرەوەدی (١١٥٥ - ١١٩١) کوردی ئازەربایجان بووە، کە چووە بۆ حەڵەب بە ئامادەبوونی زاهیری کوڕی سەلاحەددین کە فەرمانڕەوای ئەوێ بووە، هەموو ئەوانەی بەزاندووە کە خۆیان بە زانای بواری ئیسلامناسی ناساندووە. لەوە بەدواوە ڕقیان لێ هەڵگرتووە و تەڵەیەکیان بۆ ناوەتەوە، تا بیکافرێنن و خوێنی حەڵاڵ بکەن. نزیکەی هەمیشە ئەوانەی خۆیان بە ئەهلی شەرع زانیوە، لە سەنگەری دژایەتیکردنی ئەهلی دڵدا بوون، لە شەڕی نێوان ئەو دوو بەرەیەدا چەندان سۆفیی گەورە خوێنیان ڕژێنراوە، ئاخر دەسەڵاتدار گوێڕایەڵی (ئەهلی شەرع)دا بووە. هەر کە سۆفییەک عەقڵی وەگەڕ خستووە، واعیزێکی مێشکبەردینی دەرباری سوڵتانی لێ پەیدا بووە، بە دەرچوو لە بازنەی شەرع و بە زەندیقی لە قەڵەم بدات. سوڵتان لە ترسی ئەوەی نەوەک واعیزانی عەقڵداخراو، شەقام لە دژی هان بدەن، لە نێوان واعیزانی پارەپەست و عاشقانی نووری خوادا، لایەنی یەکەمیانی گرتووە.

سوهرەوەردی کە یەکێک بوو لە گەورە سۆفییانی ڕێبازی ئیشراق، کە حیکمەتی ئیشراق، یەکێکە لە کتێبە بەناوبانگەکانی، کە بە شێخی ئیشراق ناسراو بوو، واعیزانی حەلەب فەتوای کوشتنیان دا. سوهروەردی دەیگوت: (ئەوی لەڕێی سەلماندنەوە بۆ حەقیقەت بگەڕێت، وەک ئەوە وایە، بەهۆی چراوە بۆ خۆر بگەڕێت.) پرسیارێک سوهرەوەردی بە کوشت دەدات! مەلایانی عەقڵ لە بەرد کۆ دەبنەوە، سوهرەوەری بانگ دەکەن و لێی دەپرسن: ئایا خوا دەتوانێت، لەدوای موحەممەد، پەیامهێنێکی دیکە بخوڵقێنێت؟ ئەویش دەڵێت: تواناکانی خوا سنووریان نییە. مەلایان ئەم وەڵامەی بە کوفر و بە لە دین دەرچوون بۆ لە قەڵەم دەدەن، گوایە گوتوویەتی: دەشێت خوا پەیامهێنی تر، دوای موحەممەد بنێرێت، هەرچەندە موحەممەد دوایین پەیامهێنی خوایە.

زاهیری کوڕی سەلاحەددین، ناچێتە ژێر ئەو بارەی سوهرەوەردی بکوژێت، واعیزان نامە بۆ باوکی دەنێرن، باوک هەڕەشە لە کوڕ دەکات و بۆی دەنووسێت: ئەگەر نەیکوژیت لە فەرمانڕەوایی دەرت دەکەم، ئیدی شێخی ئیشراق دەکوژرێت. ئیبن جۆزی دەڵێت: سەلاحەدینی ئەیووبی ڕقی لە فەلسەفە و لە ئەهلی لۆجیک بوو. کارل بروکلمان (١٨٨٦ - ١٩٥٦) گوتوویەتی: ڕقی مەلایانی حەلەب لە سوهرەوەردی زادەی ئەوەبوو، بە (قەرمەتی)یان دەزانی. قەرمەتییەکان کە لە نێوان ٨٩٩ تا ١٠٧٧ لە (بەحرەین) حوکمیان کرد، ئیسماعیلی بوون، شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییان لە دژی دەسەڵاتی خەلافەتی عەباسی هەڵگیرساند، کابەیان داگیر کرد، دەستیان بەسەر بەردە ڕەشەکەدا گرت و گواستیانەوە بۆ بندەستی خۆیان.

ماردینی لەبارەی سوهرەوەردییەوە گوتوویەتی: (زەینی ئەوەندە ڕۆشنە، بڵێسەی زیرەکیی لێ بڵند دەبێتەوە.) چیرۆکی کوشتنی سوهرەوەردی هەر لە کوشتنەکەی حەللاج (٨٥٨ - ٩٢٢) دەچێت، ئاخر هەدووکیان عاریف بوون و هەردووکیان بەر لە کوشتن بە کافر نێوزەد کران. دادگای شۆڕشی بەعس، زۆر مرۆڤدۆستانەتر بوو، لەو دادگایەی حەللاج و لەو دادگایەی سوهرەوەردیی حوکم دا. حەللاج لە بەغدا کوژرا و سوهرەوەردی لە حەڵەب، حەللاج شەست و چوار ساڵ ژیا و سوهرەوەردی سی و شەش  ساڵ.

فیلمی (الناصر) صلاح الدین کە بۆ یەکەم جار (١٩٦٣) نمایش کرا، لە دەرهێنانی یوسف شاهین بوو، تێیدا ئەحمەد مەزهەر ڕۆڵی سەلاحەددینی ئەیووبیی دەبینی. ئەو فیلمە کە شێواندنی مێژووە لە قازانجی عەرەب، مەبەست لێی ستایشکردنێکی ڕاستەوخۆی جەمال عبد (الناصر) (١٩١٨ - ١٩٧٠) بوو، گوایە فەلەستین  لەبن دەستی جوو ڕزگار دەکات. لە فیلمەکەدا سەلاحەددین وەک ڕزگارکەری عورووبە پیشان دەدرێت و دەڵێت: عەرەبینە ئەمە شەڕی شەرەفە، ئەوە ئەرکی سەرشانمانە بەدەم هانای عەرەبەوە بچین. گەرچی سەلاحەددین شیعەی میسری قەلاچۆ کرد، کەچی لە فیلمەکەدا وەک دۆستی کریستیان و جوو پیشان دەدرێت و دەڵێت: ئایین بۆ خوایە و نیشتمان بۆ هەمووان، هەرچەندە ئەو گوتەیە لە شۆڕشی ١٩١٩دا، یەکێک بوو لەو دروشمانەی سەعد زەغلوول بڵندی کردبوونەوە. لە فیلمەکەدا سەلاحەددینی ئەیووبی دیلەکان ئەگەر پیاو بن بە دە دینار و ئەگەر ژن بن بە پێنج دینار ئازاد دەکات، ئاخر لای ئەو دوو ژن بەهای یەک پیاویان هەبووە.

بەدرێژاییی مێژووی ئیسلام یەک خەلافەتی فاتیمی (شیعە) هەبووە، ئەوەیش سەلاحەدینی ئەیووبی دەیڕووخێنێت و فاتمییەکان جینۆساید دەکات. فاتیمە کچی موحەممەد بوو، فاتمییەکان لەڕێی ئیسماعیلی کوڕی جەعفەری سادقەوە، دەچوونەوە سەر پەیامهێنی ئیسلام. سەلاحەددین کە خەلافەتی فاتمییەکانی ڕووخاند و میسری بۆ بندەستی عەباسییەکان گەڕاندەوە، لە ١١٧٤دا عەباسییەکان لە قاهیرە تاجیان لەسەر نا. فاتمییەکان کە ٢٦٢ ساڵ (٩٠٩ - ١١٧١) فەرمانڕەوای میسر بوون، ئەوسا زۆرینەی خەڵکی میسر فاتیمی بوون، سەلاحەددینی ئەیووبی قەلاچۆی کردن و تۆوی بڕاندنەوە، ئاخر ئەو فاتمییانەیشی لە کۆکوژی ڕزگاریان بووبوو، نێر و مێی لێک جودا کردەوە، بۆ ئەوەی تۆویان ببڕێتەوە.

بەپێی قسەی (ویلیەم دورانت)ی نووسەری چیرۆکی شارستانی، پێشکەوتنی میسر لە سەردەمی فاتمییەکانەوە دەست پێ دەکات و ئەو وەختە کریستیان و جوو لەوێ بە ئازادی دەژین و پلە و پۆستی باڵایش وەردەگرن. سەلاحەددینی ئەیووبی چونکە فاتمییەکانی کۆکوژ کرد، چونکە شاعیرکوژ و کتێبخانەسووتێن بوو، چونکە زیاتر لە دوو میلیۆن کتێب و دەستنووسی سووتاند، وەک ئەنجامدەری تاوان دژی مرۆڤایەتی و وەک تاوانباری جەنگ سەرنج دەدرێت.

ئەوانەی لە میسر ئوستادی شوێنەوارناسی و دیرۆکن، لەسەر ئەوە کۆکن، سەلاحەددینی ئەیووبی، کتێبخانەی (خانەی حیکمەت)ی کە خەلیفەی فاتیمی حاکم بیئەمرالـلە ١٠٠٤ لە قاهیرە دایمەزراندبوو، بە هەموو کتێب و بەڵگەنامە و دەستنووسەکانییەوە سووتاندووە، بەو کارە دزێوەیشی مێژووی نزیکەی سێ سەدەی میسری سڕیوەتەوە. مامۆستایانی مێژووی میسر دەڵێن: ستەمێک لە فاتیمییەکان کراوە، دیرۆکی میسر ستەمی وای بە خۆیەوە نەدیتووە. گوناهی هەرە گەورەی فاتیمییەکان ئەوەبوو: شیعە بوون، بۆیە نزیکەی هەر چییەک سوننە لەبارەیانەوە گوتوویەتی، لە ڕاستییەوە دوورە.

د. زوبەیدە عەتاوڵڵا دەڵێت: (لێبوردەییی ئیسلامی بەرانبەر کریستیان و جوو لە سەردەمی فاتمییەکاندا لە لوتکەدا بوو، تەنانەت یەکێک لە ژنەکانی خەلیفە عەزیز بیللای فاتیمی، کە کریستیان بوو، (ست الملک)ی ناوبوو، دەسەڵاتێکی زۆری هەبوو. خەلیفەکانی فاتیمی باجیان لەسەر ڕاهیبەکانی دێری سانت کاترین هەڵگرت. د. مەحموود ئیسماعیل دەڵێت: ئەو پێشکەوتنەی سەردەمی فاتیمییەکان لە میسردا هەبوو، پێشتر میسر پێشکەوتنی وای بە خۆیەوە نەدیتبوو. سەلاحەددینی ئەیووبی کە دەوڵەتەکەی ڕووخاندن، کتێبخانە گەورەکەیشی سووتاندن، کە مێژووی فاتیمییەکانی دەگێڕایەوە. تا ئێستا هەندێک بەڵگەنامەی سەردەمی فاتیمییەکان، لە یەمەن و بەحرەین و هیند پارێزراون.

(د. یوسف زیدان)ی دۆستی بەوەفای کورد، کە بیرمەندێکی گەورە، شارەزای بواری سۆفیگەری، مێژووناس، ڕۆماننووسە و خەڵاتی (بووکەر)یشی وەرگرتووە، کە لە ١١ی ئایاری ٢٠١٧دا، لە تەلەڤیزیۆنی ئاسمانیی (ئۆئێن ئی)ی میسرییەوە، بۆ عەمر ئەدیب دەدوێت، دەڵێت: (شەڕی سەلاحەددین لەگەڵ خاچهەڵگراندا، بە سازش دواییی هات نەک بە سەرکەوتن، خاچهەڵگران کشانەوە، سەلاحەددینیش بەڵێنی دا کەنیسە نەڕووخێنێت و کریستیان ڕێزلێگیراو بێت، ئەوەی گوایە قودسی ڕزگار کردووە، هەڵبەستراوە.) هەروەها دەڵێت: (سەلاحەددین یەکێکە لە کەسایەتییە هەرە بەدئاکارەکانی مێژووی مرۆڤایەتی،) ئاخر فاتمییەکانی ئەنفال کرد، کتێبخانە گەورەکەی میسری سووتاند کە ئەوسا گرنگترین کتێبخانەی دونیا بوو، (سوهرەوەری)یشی کوشت کە شاعیرێکی بلیمەتی سۆفیی کورد بوو، بۆیە ئێمەی کورد، هەقە شەرممان بە خۆمان بێت کە سەلاحەددین کورد بووە، یان لای کەم نابێت جێی شانازیمان بێت.

*

(١) طە حسین، في الشعر الجاهلي، دار الکتب ١٩٢٦ القاهرة.

(٢) أساتذة تاريخ: صلاح الدين أحرق كتب الفاطميين ومحا تاريخهم، الیوم السابع ٢٣ دیسمبر ٢٠١٠

(*) بۆ زانینی هەڵوێستی مرۆڤدۆستانەی د. یوسف زیدان بەرانبەر بە کورد، سەیری ئەم ڤیدیۆفیلمە بکەن:

https://www.youtube.com/watch?v=4frlmsQe60c

 No description available.

No description available.

No description available.

No description available.