سەرزەوی لەبەردەمتاندا ڕاخراوە، تا تێیدا بگەڕێی، گەشت و سەفەر خولیا و ئاواتی مرۆیە، سەفەری تۆ بۆ هەر گوند و شار و وڵاتێك كراوەیە، دەتوانی بچیە ئەفریقا و ئەمریكای باشوور و ئوستڕالیا، بچیە ناو ڕووبار و دەریا و ئۆقیانووسەكانەوە. جا كە من ناتوانم سەفەر بكەم، كە تۆ ڕێگات نادەن، ئەوە تەنیا لەبەر ئەوەیە، مافی هەر كەسێك، مافی هەر نەتەوەیەك، لە لایەن كەسێكی دیكەوە، لە لایەن نەتەوەیەكی دیكەوە زەوت كراوە.
سەفەری بێكەس و چیرۆكی مانگ
ئەی مانگ من و تۆ هەردوو هاودەردین
هەردوو گرفتار یەك ئاهی سەردین
تۆ ویڵ و ڕەنگ زەرد بەئاسمانەوە
منیش دەربەدەر بەشارانەوە
- سەفەری بەردەوامی مانگ، سەرنجی بێكەس ڕادەكێشێ، ئەو سەفەرە بەراورد دەكات بە سەفەری خۆی، سەفەری ئەو بەئاسماندا و سەفەری بێكەس بە شاراندا.
- مانگی گەشتكەر مانگێكی ڕەنگ زەردە.
- ئەو ڕەنگزەردییەی بێكەس مانای دەداتێ، بەڵام چ مانایەك؟
- ڕەنگزەردی سیفاتی كێیە؟
- لای هێمن (كەسی) ڕەنگ زەرد خانەخەراپییە، دەردێكە، كەسێك لەبەر ئەوەی بە تەنیا عاشقە، ڕەنگزەرد نابێ، دەبێ خانەخراپیش بێ، جا دەبێ داماو و بێچارەش بێ.
- بێكەس لەجیاتی هەموو ئەوانە دەربەدەرە، دەربەدەری شارانە.
- لەدوای ئەو شیعرەی بێكەس، كە تەنیا هەر شیعر نییە، ئەنجامی بیركردنەوەیەكی فراوان و دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و سەرەكیی وێڵبوونی مرۆ و مانگە.
- پێرسۆنیفیكەیشن (personification) بە ئینسانكردن، یان دانی سیفەتی مرۆ بە شتەكان، لەو شیعرەی بێكەسدا گەیشتووتە لوتكە. مانگ چۆن بە ئینسان كراوە؟ چۆن مانگ سیفەتی ئینسانی دراوەتێ؟
- پێش بێكەس، مانگ نوور بوو، ڕووناكی بوو، شەوق و جوانی بوو، بێكەس هەموو ئەو سیفاتە سروشتییانەی لە مانگ ستاندەوە و یەك سیفەتی دایە، ئەویش ڕەنگزەرد و ڕەنگپەڕیوییە.
- ئەو ڕەنگزەردییە بەرامبەرە بە ئاوارەیی بێكەس، یان ئینسان بە گشتی.
- مانگ و بێكەس بەشی یەكتر دەدەن، هەردووكیان هاوبەش دەبن لە ڕەنگزەردی و دەربەدەریدا.
- لەدوای ئەو شیعرە، سەرنجی كورد بۆ مانگ دەگۆڕێت، مانگ هەست و سۆزی هەیە و دڵی شكاوە و وەك تەماشەكەرەكانی غەمگینە.
ئەوەش بەشی كوردە لە مانگدا، ڕەنگزەردی و دەربەدەری سیفەتی بەشی زۆری كوردە، دەبێ بە دۆستەكانیشی بدا.
سەفەر و كورد
- گەشت، یان گۆڕینی شوێن كاری هەموو زیندەوەرێكە، مرۆڤ و باڵندە و گیانداریش.
- ڕۆژانە ملیۆنان كەس سەفەر دەكەن، ملیۆنانیش كۆچ، ئەوەی زیاتر سەرنجی مرۆڤی ڕاكێشاوە، كۆچی باڵندەكانە، شیرینترین سەر بەرزكردنەوەم ئەو كاتانە بووە كە پاییزان و بەهاران گوێم لە دەنگی قاز و قورینگ دەبوو، بەسەر قەڵادزێدا كۆچیان دەكرد.
- ساڵانە باڵندەكان لەنێوان ئەو شوێنانەی هێلكەی لێدەكەن و دەترووكێ و ئەو شوێنانەی بۆ دەچن، قوربانییەكی زۆر دەدەن، بەشی هەرەزۆریشی بە دەست مرۆیە كە ڕاویان دەكەن، دەیانكوژن، زۆرتریشی بە مەبەستی خواردنیان.
سەفەری من
- من لەو قورینگانەی بەسەر شارەكەمدا تێدەپەڕین و مانگە زەردەكەی بێكەس كەوتمە دنیای بیركردنەوە لە سەفەر، قورینگەكان بوێرییان دەدامە بەر و مانگەكەی بێكەس دەیترساندم، كەچی لەڕاستیدا كۆچی قورینگەكان مەترسیدارتر بوو كە ڕۆژانە بۆ خۆم جەستەی بێگیانیانم بە دەست فرۆشیار و ڕاوچییانەوە دەدیت.
- سەفەرەكەی بێكەس سەفەرێكی دەردەدارانە و ڕەنگزەردانە بوو، كە ئینسان بێ هوودە بەسەر زەویدا دەسووڕێتەوە، وەك چۆن مانگیش بێ ئامانج لە گەشتدایە.
سەفەری كورد لەنێوان باڵندە و مرۆڤبووندا
- سیستەمێك دنیای دابەش كردووە، بەسەر بەختەوەر و نەگبەتدا، بەسەر خاوەن ماف و بێ مافدا، بەسەر های كڵاس و بێكڵاسدا.
- های كڵاس پەساپۆرتی لە باخەڵە و پۆلیس و سیستەم و دنیا شەڕ لەسەر مافەكانی دەكەن و دەیپارێزن، ڕۆژانە مافی سەفەركردن و گەشتكردنی هەیە، بێ ئەوەی باران و گەردەلوول و تاعوون ڕێی لێ بگرن. های كڵاس هەستی ناسكە و ڕووحی بەرزە و بەزەیی بە بۆق و ڕێوییە دزێوەكانی لەندەندا دێتەوە، بۆ سەگێكی نەخۆش دەگریێت و لەهۆش خۆی دەچێ.
- بێكڵاس دڵڕەق و ناشیرین و لاق بەقوڕ و نەزان و ئێسكگرانە. لە هەموو ئاژەڵێك مەترسیدارترە، ناكرێ نە وەك باڵندە و نە وەك ماسی و گیاندار سەفەر بكات.
- كورد لە ڕیزی هەرە پێشەوەی بێكڵاسەكانە، بە ئاستەم مافی ئەوەی هەیە لە ژوورەكەی خۆیدا، دەربەدەرانە لە هەمان بازنەی بێكەسیدا وێڵ بێ.
مانگ فێری سەفەری پڕ دەرد و ڕەنگزەردانەی كردین و بێكەس ڕوانینە ڕۆمانسییە كۆنەكەی لێ ستاندینەوە.
ئێستا لە جیهانی نوێدا، تێچووی سەفەری ئەو مەخلووقەی ناوی كوردە، زۆر لە تێچووی سەفەری قورینگ و قازەكانی ئاسمانی قەڵادزێ زیاترە كە ڕۆژانە جەستەی سارد و خوێناوییانم بە دەست ڕاوچییانەوە دەدیت.