ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دیمانە/ فەرمان حوسێن

 (سەردار سەباح) یەكێكە لە شاعیرەكانی شاری هەولێر، هاوكات ماوەی نزیكەی 20 ساڵە بەهۆكارێك بینایی چاوەكانی لەدەستدا، بەڵام بەهۆی نابیناییەكەی هیچ كاتێك دەستبەرداری ئامانجەكانی نەبووە، هەر بۆیە نازناوی (وڵات بەختەوەر)ی لە خۆناوە و پێیوایە ئەو راستە نابینایە، بەڵام بەختەوەر. لەم دیدارەی (رێگای كوردستان)دا باس لە سەرتای دەستپێكردنی بە شیعر نووسین و چەند وێستگەیەكی ژیانی خۆی دەكات.

+ چۆن چوویته‌ ناو ئه‌و جیهانەی كه‌ پێی دەوترێ جیهانی جوانی شیعر ؟

- سوپاس بۆ (رێگای کوردستان) و ئەو دیدارە.

- بەڵێ سەرەتای دەسپێکردنم بە شیعر نووسین بۆ جەنگی ئەو عه‌شقە دەگەڕێتەوە کە لەگەڵ کەسێک دوای ماوەیەکی زۆر لە پەیوەندییەكی پڕ لە خۆشەویستی و سۆزداری نێوانمان، بەڵام چارەنووسەکە وابوو بۆیەک نەبووین، دواتر کاریگەرییەکی زۆری لەسەرمن بەجێ هێشت، تاکە رێگا بۆ رەوینەوەی لەدەستدانی خۆشەویستەکەم پەنابردن بوو بۆ دەستپێكردنم بە شیعر نووسن و هەر ئەو ئیلهامانەبوو بۆمهات و وایلێکردم تا خەمەکان لەوێوە دەرببڕم ئاخر ئێمە لە لوتكەی خۆشەویستی دابووین و هەر قەراریشبوو ئەو كاروانە سەخت و پڕ لەهەورازو نشیوەی كە لە خەونی هەردووكمان هەبوو تاكۆتایی ببیەن، بەڵامپێچەوانەكەی دەرچوو ئەویش دەست لێكبەردانبوو. دەتوانم بڵێم لە رێگای شیعرەوە تێڕوانین و بیركردنەوەی قوڵ سەبارەت بە ئازار و خەمەكانی ژیانی خۆم كەم كردەوە. هەروەها مێژوی دەسپێکردنم بە شیعر نووسین بۆ ساڵی 2005 دەگەرێتەوە، جگە لەوەی كە من پێشوترهەمیشە چێشم لە خوێندنەوەی شیعری شاعیرانی كورد وەرگرتووە.

+شیعرەکانت بۆ کام چینی کۆمەڵگا دەنووسی؟

-زیاتر شیعرەکانم بۆ ئەو لایەنە سۆزدارییە دەنووسم کە رەنگدانەوەی لەسەر سەرەتایی عەشق بوونم بوو و زیاتر هەر بەو تیشکە دیدەییەی خانمێکی نیشتیمان دەڕوات كە وەك ئاوێنە لە شیعرەكانم رەنگدەداتەوە، بۆمنێك باگراوندێكی خۆشەویستیم هەیە، زیاتر هەر بەو ئاراستەیە رۆیشتوە و هەر بەردەوامیش دەبێت.

+ کەواتە عەشق بوون وای لێکردی کە ببیتە شاعیر؟

-بەڵی ئەگەرعەشق نەبووایە من بۆ سەنگەرم لە ئەدەب دەگرت ، عەشق ئەركێکی گەلێک پیرۆزە، مرۆڤ بە عەشقەوە جوانە، ئەوانەی عاشقن تەمەنیان درێژترە لەوانی تر، هەنروا عیشق منی فێرە خوێندنەوە كرد، فێری كردم نیشتمانم خۆش بوێ‌، شاعیران بناسم و بتوانم خۆم رۆشنبیر كەم، راستە لە عیشقدا نەگەیشتمە ئەنجام وەلێ‌ ئێستا عاشقاتی لەگەڵ شیعر دەكەم..

+چەند بەرهەمی شیعریت هەیە؟

دوو بەرەهەم یەکێکیان( گوڵی بەختەوەری) و ئەوەی ترش(گوڵی خەم) بەرهەمێکی دیکەشم هەیە ئەویش لە ماوەیەکی نزیک دەکەوێتە دەست خوێنەران. بەرهەمی یەکەم لە ساڵی 2012 چاپکراو ئەوەی تریش 2013 چاپکراو ئێستا بەرهەمێکی دیکەش تەنها چاپکردنی ماوە.

+ کورد چەندان شاعیری باش و بەتوانای هەیە، جەنابت زیاتر کەوتویتە ژێر کاریگەری کامەیان؟

- هەموو شاعیرانی مێژوو کەم تا زۆر هەریەک و بە جۆرێک کاریگەری لەسەر شاعیران درووست کردووە، شیعری زۆربەیان لە رێگەی كوڕەكەمەوە گوێ‌ بیست دەبم، بەتایبەتی زیاتر شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس، جگە لەوەش بەراستی جێگای خۆشحاڵییە كە ئێستا و لەم سەردەمەدا كۆمەڵێ شاعیری بەتوانا و چالاك لە بوارینووسین هەنگاوی باشیان ناوە.

+ لە راپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستان جەنابت پێشمەرگە بووی، هیچ شیعرێکیان بەرهەمێکت هەیە ئێستا نووسیبت بۆ ئەو مێژووە؟

-بەڵێ زۆر دەقی شیعریم هەیە بۆ ئەو رۆژگارە تاڵەی کە رووبەڕووی گەلەکەمان بووە، بەڵام وەک لەسەرەتا ئاماژەم پێکرد زیاتر شیعرەکانم مۆرکی دڵداری و خۆشەویستییان پێوە دیارە كەمتر مۆركی شۆڕشگێڕی پێوەدیارە.

+ئێستا لەگەڵ وەرزش پەیوەندیت چۆنە، چونکە سەردەمانێک تیپی وەرزشتان هەبوو، هەر بەردەوامنیان پەیوەندییەکە کاڵ بۆتەوە؟

-بەڵێ من بەر لەوەی شاعیربم وەرزشوان بووم، لەسەردەمی بەعس ئەو کۆمەڵگایە زۆرە ملێیانەی درووست بوون، ئێمە وەکو وەرزشوانێک لە ناحییەی دارەتووی سەر بە شاری هەولێر، تیپێکی وەرزشیمان هەبوو بە ناوی( تیپی لاوانی ئامانج) ئێستاش هەر بەردەوامە و پێکهاتەکەی لەهەموو چینێکی جیاواز پێک هاتووە، ئەوەی پێشتر و ئێستاش کە خزمەتێکی زۆری بەو تیپە کردوە ئەویش (هاوڕێ خالید)ە.

 No description available.