ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هاوڕێکانم

دڵم وەک کانى لێدەدا کە بیریان لێدەکەمەوە

قسە لە سەرەتایى ژیانە

دەکەومە پێش ناونانەوە

یەکێک چەشنى گۆرانى

دڵ دەکاتەوە

دڵم بە زۆریان دەکرێتەوە

وەکو جوانى

هاوڕێیەکم هەیە

تاریکى بە گێڕانەوە رۆناک دەکاتەوە

خەڵک قسان دەکا

بێدەنگى لە ماڵ مەست دەبێ

دڵم هێندەى نەماوە

لەگەڵ باڵندە و درەختان بچێتەوە پایز

دڵم ئەوەندە نووساوە

کز کز دووبارە دێتەوە

هاوڕێیەکم هەیە

بە خۆشەویستى دایکى دەنازێ

پشیلە دەنەخشێنێ دەڵێى کۆترە

من لە زەبرى مردن دایکم بیر چۆتەوە

هاوڕێیەکم هەیە ئەستێرە وەک گوڵ دەڕوێنێ

دڵم ئەوەندە ناجۆرە

قسەم بە قوبە ناکەوێ

قسەم هەرگیز دەستى بە دنیا راناگات

هاوڕێکانم سادەن وەکو باى پێش باران

وەک چۆلەکە سەیرى قوبەى ئاسمان دەکەن

دەستیان لە کتێبان بەرنادەن

دەستم لە کتێبان بەرنابێ

من هیچ کەسم لە بیر نییە

لە دەریاى مردن دەپەڕێمەوە

دڵم ئەوەندە ناجۆرە

وەک باڵندە بە دەنووک خۆم دەناسمەوە

وەک چۆلەکە

هیچ کەس نازانێ دڵم لە کوێ لە بیر چووە

هیچ کەس نازانێ با نەبێ

هاوڕێکانم بە با دەدەم

وەک باڵندە سەیرى قوبەى ژیان دەکەن

من بە مردن

گەر پاداشتیان بدەمەوە.