ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

چاوەكانم هێندە بەسەرخاكدا گریاوە

گوڵی ئاوی

دڕكی كێوی

لەنێو تاشەكاندا رواوە

* * *

سیەكانم.....

هێندە هەنسكی تەنیایی رژاندووە

نیشتمانێكی بێكەس و

پارچەیەكی دووجەمسەری هەژاندووە

* * *

دڵی ماندووم....

ئەوەندە خورپە لێیداوە

جەستەی خۆم و

خاكی خۆم و

دەسەڵاتیشی كردۆتە كەلاوە

* * *

ئێستا لاشەیەكی بێگیانم و

كەچی بەپێوە وەستاوم

وەك گوندێكی ئەنفالكراو

بەخەڵك و درەخت و چیاوە

وێرانەیەكم و سووتاوم.