ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

به‌رده‌كه‌ به‌رده‌كه‌، ئه‌ی به‌ردی سپیی چاره‌نووس

مانای دره‌وشانه‌وه‌ی من، تۆ چه‌قی ته‌قینه‌وه‌ی زمانی

ئه‌ی سیمبۆلی ئازاری ئه‌به‌دیی

كه‌ بوویه‌ته‌ شانامه‌ی خه‌مگینی سه‌رمه‌دی

به‌ تۆوه‌ به‌نده‌ ژیانم، تۆ نیشتمانی منی

ئه‌زانم بێمانایه‌ ئه‌م بوونه‌

شمشێره‌كه‌ی دیمۆكلیسه‌ ئه‌م ژیانه‌‌

كه‌ مانه‌وه‌یه‌كی كورتخایه‌نه‌ و

دواجاریش به‌ره‌و ته‌وقی نه‌مانه‌

ژیان جگه‌ له‌ تێشووی هیچگه‌رایی

چی هه‌یه‌ ده‌رخواردی مرۆڤ بدات

دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌به‌دییه‌

چیتر هه‌یه‌ له‌م سه‌ر زه‌وییه؟

هاواری بۆ هه‌ڵێنین و به‌ دادمان بگات

ته‌نها له‌گه‌ڵ تۆدایه‌

مانایه‌ك ئه‌به‌خشم به‌ ده‌روونی خۆم

مانایه‌ك بمباته‌وه‌ بۆ كێڵگه‌ی ئاسووده‌یی

دارستانی گڕگرتووی مانه‌وه‌

ئێستێ چه‌قیوبه‌ندی ناچاری سه‌ر زه‌مین و زه‌مانم

له‌تۆدایه‌ ئاسووده‌یی و به‌خته‌وه‌ری خۆم ئه‌بینم

به‌رده‌كه‌ به‌رده‌كه‌ ئه‌ی چه‌قی چاره‌نووس

ئه‌ی سۆنگه‌ی مان و نه‌مانم

گلۆر بیته‌وه‌ یا نا

هه‌مان ئه‌و پرۆسه‌یه‌، مانایه‌ك ئه‌به‌خشێ به‌ ژیانم

ئای چه‌ند دڵخۆشم له‌گه‌ڵ تۆ

ئه‌ی به‌ردی سپیی چاره‌نووس

دره‌وشانه‌وه‌ت ده‌رگای هه‌ناسه‌م بۆ ئه‌كاته‌وه‌

ئه‌م ژیانه‌ تژی گومان و شووشه‌ی شكاوی یه‌قینه‌

كه‌ گومان بۆ لایه‌كم ئه‌بات و یه‌قین ئه‌مگێڕێته‌وه‌

كه‌ یه‌قین بۆ ئه‌م لام ئه‌بات

گومان بۆ شوێنی خۆیم ئه‌باته‌وه‌

‌ كه‌ هه‌ڵتئه‌گرم بۆ لووتكه،‌ دووباره‌ گلۆر ئه‌بیته‌وه‌

كه‌ گلۆر ئه‌بیته‌وه‌ دووباره‌ به‌ره‌و لووتكه‌ت ئه‌به‌مه‌وه‌

ئه‌مه‌ خۆشترین گه‌مه‌ی منه‌، ساته‌ دره‌وشاوه‌كانی منه‌

چنینه‌وه‌ی هیچه‌

تاكه‌ میوه‌ی هه‌موو وه‌رزه‌كانی منه‌

ئاخر ئاگر دزین له‌ خواكان

خوێنی جگه‌ری پرومیتۆسی ئه‌وێت بۆ داڵه‌كان

نه‌فره‌تی من له‌ خواكان به‌ردێكی وه‌ك تۆی ئه‌وێت

بۆ هه‌ڵگه‌ڕان به‌سه‌ر لووتكه‌ی دووری چیاكان

تاكه‌ رێگای درووست ڕاهاتنه‌ له‌گه‌ڵ تۆ

لاواندنه‌وه‌ی ده‌ستمه‌ به‌سه‌ر پشتی لووس و گه‌ردنی تۆ

نامه‌وێ خۆم فریو بده‌م

هه‌رخۆی ژیان فریوێكه‌ به‌ ڕه‌نگ و بۆ

نامه‌وێ پارسه‌نگی نێوان گومان و یه‌قین ڕاگرم

وه‌ك لووتكه‌ی من و بناری تۆ

وه‌ك هاوڕێیه‌تی شانی من و جه‌سته‌ی زیوینی تۆ

خواكان له‌مێژه‌ ئێمه‌یان

وه‌ك شووشه‌یه‌كی به‌ تاڵ فڕێداوه‌ و ئێمه‌یش ئه‌وان

‌ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌ی زمان نییه، هاوكێشه‌یه‌كی زه‌بوونه‌

هه‌ڵه‌ی ئه‌ندێشه‌ی بوونمانه‌ له‌م هه‌بوونه‌

كوا ئێمه‌ی چاوبه‌سته‌ی ئه‌م سرووشته‌

شوێنێكی ترمان هه‌یه‌ جگه‌ له‌ بێشه‌ڵانی تۆ؟

ئێره‌ ئێره‌ نه‌وه‌ك ئه‌وێ

ڕزگار بوون ته‌نها دۆزینه‌وه‌ی مانایه‌ لێره‌

نه‌وه‌ك له‌وێ، كه‌ بێ بوونه‌

به‌رده‌كه‌ به‌رده‌كه‌ تۆ ئێره‌ی

ئه‌وێ خه‌یاڵێكه‌ سه‌رمان هه‌ڵیمژیوه‌

خه‌یاڵێكی ساده‌یه‌

بۆخۆمان كردوومانه‌ به‌ یۆتوپ و

هه‌موو ماناكانی كوشتووه‌

زمانیش گوزارشتی لێناكات

كه‌ خۆی زیندانێكی گه‌وره‌یه

ڕێ به‌ گوزارشتمان نادات

به‌رده‌كه‌ به‌رده‌كه‌

كه‌ هه‌میشه‌ هه‌م له‌ لووتكه‌ی و هه‌م له‌ بنار

هه‌م له‌ سه‌ر زه‌وی هه‌م له‌ په‌یوار

ئه‌وه‌ ڕاسته‌قینه‌ی ژیانه به‌ من بڕاوه‌‌

من و تۆ له‌ ناشوێن ئاسی بووینه

ئه‌و ناشوێنه‌ ئیدی زادگای ئه‌به‌دیمانه‌

به‌رده‌كه‌ به‌رده‌كه‌ كاره‌ساتی من ئه‌وه‌یه‌

د‌ركم به‌ بێمانایی ژیان كردووه‌

كه‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ی هه‌رهه‌رییه‌

هه‌موو سه‌رچڵییه‌كی تیا مردووه‌ و هه‌ڵمانئه‌مژێ

بازنه‌یه‌كه‌ هه‌رگیز ناگه‌ینه‌ كۆتایی

ئه‌سووڕێینه‌وه‌ و ئه‌سووڕێنه‌وه‌

تا پێشكه‌یێ، له‌ دارستانی ئه‌م هه‌بوونه‌

وه‌ك دانتی ئه‌مانكوژێ

من هیچ وه‌ڵامێكم بۆ ئه‌و یاخیبوونه‌م نییه

هه‌وڵێكه‌ بۆ خۆكوشتن‌

منم له‌ هیچگه‌رایێكه‌ بۆ هیچگه‌رایێكی دی ئه‌چم و

ناتوانم لێی ڕابكه‌م

به‌رده‌كه‌ به‌رده‌كه‌

ئێمه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌توانین ژیانمان خۆش بكه‌ین

بیابانه‌كان پڕ ئاو بكه‌ین و دارستانه‌كان ته‌ی بكه‌ین

جوانیی ببینین و شه‌رابی سه‌بووریی نۆش بكه‌ین

له‌ چۆن و چییه‌تی خۆمان بگه‌ین، بۆ كوێ ڕابكه‌ین

تازه‌ من جگه‌ له‌ تۆ

بیر له‌ هیچ شتێكی دیكه‌ ناكه‌مه‌وه، تۆ قه‌ده‌رمی‌

من پووچی ئه‌م ژیانه‌ به‌ تۆ خاڵی ئه‌كه‌مه‌وه‌ تا ئازاد بژیم

ئازادیی پووچ كردنه‌وه‌ی ناوه‌رۆكی په‌ستیی ژیانه‌

ئێمه‌ به‌ ده‌ستی خۆمان چاره‌نووسمان درووست كردووه‌

ئه‌و چاره‌نووسه‌ش ته‌نها به‌ مردن كۆتایی دێت

بۆ له‌ خواكان بپاڕێمه‌وه‌ به‌رده‌كه‌

كه‌ له‌مێژه‌ منیان فڕێداوه‌ و جێیان هێشتووم

من ته‌نها لای تۆم هه‌یه‌ و لایه‌كی ترم نییه‌ له‌ ژیان

ته‌نها ئێره‌مان هه‌یه‌، ئه‌وێمان نییه‌

ئێمه‌ ئه‌بێ خۆمان ماناكان بدۆزینه‌وه

جلی راستییان له‌به‌ر كه‌ین

ته‌نها خۆمان ئه‌توانین مانا ببه‌خشین به‌ خۆمان

به‌بێ خۆمان، ئێمه‌ هیچ نین، كۆمه‌ڵه‌ پوشێكین له‌ناو با

چۆنی بوێت ئاوا به‌ نێو دڕك و داڵدا ئه‌مانسووڕێنێ و ئه‌مانبا

به‌رده‌كه‌ به‌رده‌كه‌ ئه‌ی دره‌وشه‌به‌خشی ژیانی من

ئاسووده‌م له‌گه‌ڵ تۆ، ئه‌مه‌ بژارده‌ی خۆمه‌

ئه‌ی بۆ مانه‌وه‌م تاكه‌ هۆ.