ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

من وەکوو ڕەعدم و تۆ وەک گوڵ و سەبزەی دیمەنی*

من دەگرێیم و دەناڵێنم و تۆ پێدەکەنی

نالی

 

(زانینی ڕاستی با تەنانەت دژی خۆیشمان بێت، هەر یارمەتیمان دەدات و ڕێی بەرەو لوتکەمان بۆ تەخت دەکات.) چونکە ڕۆسۆ، ئەندریە جید و ئۆسکار وایەڵد، بیرەوەرییەکانیان خوێنەری لە بەرهەمەکانی دیکەیان زیاترە، منیش بە مەبەستی ڕاوەخوێنەر، ناوبەناو خەریکی گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانم دەبم لە شێوەی ساتیردا و ئەوەندە خۆم بە نووسینی شیعر و ڕەخنەوە سەرقاڵ ناکەم.

 

کلۆدیا سییەس کە دەروونناسێکی ئەڵمانە، دەڵێت: (پێکەنین و گاڵتەکردن بە هەڵەی کەسانی دیکە، دیاردەیەکی شارستانییە، دەبێت بە هۆی، کەمکردنەوەی ئەو گوشارەی لەسەر خەڵکی هەیە و ماندوویی لە لەش و لە گیانیان دەر دەکات، بۆیە ئەوی بە هەڵەی کەسێک پێبکەنێت، هیچ پێویست ناکات، سەرزەنشتی خۆی بکات.) میلان کوندێرا دەبێژێت: (ساتیر هونەرێکە لەڕێی گاڵتەکردن بە بیر و کردەوەی کەسانی ناخپووچەوە، پەیامی خۆی دەنێرێت.) منیش نامەیەکم پێیە، دەمەوێت بە ساتیردا بینێرم. لەو ڕوانگەیەوە کە (خراپترین شیعر، شیعرێکە بیروڕایەک بەرجەستە بکات و هەر کارێکی ئەدەبی مانای هەبێت، کارێکی سەرکەوتوو نییە،) ناوبەناو بە مەبەستی جەختکردن لەسەر بێماناییی ژیان، شتی پەرتوبڵاو و بێمانا دەنووسم.

 

شاعیر نەک هەر لەو وشانەدایە کە دەیاننووسێت، بەڵکوو لەو شوێنانەی لاپەرەکانیشدایە کە بە سپییەتی ماونەتەوە. گوستاڤ فلۆبێر دەڵێت: "نووسەر وەک خوا وایە، خوا خۆی هەموو شتێکی خوڵقاندووە، کەچی لەناو هیچ شتێکدا خۆی دیار نییە، ئاگاداری هەموو شتێکە و لە هەموو شوێنێکدایە، کەچی لە هیچ کوێ نابینرێت." نووسەریش کە خۆی داهێنەری بەرهەمەکەیە، ئاگای لە ورد و درشتی کارەکەیەتی و هەر کارەکتەرێکی هەر ڕۆمانێکی بگریت، بەشێکی بچووکی لە خۆی تێدایە، کەچی هیچیشیان خودی خۆی نین و خۆی دیار نییە.

 

هیچ شاعیرێکی عەرەب، هێندەی نیزار قەبانی، ڕەخنەی توندی لە سەرانی نەتەوەییی عەرەب نەگرتووە، کەچی لە شام کە لەژێر دەسەڵاتی نەتەوەیییەکاندایە، کە زرپ و زیندوو بوو، ناویان لە شەقام نا، کە نەخۆش کەوت، ئەرکی چارەسەرکردنیان لە ئەستۆ گرت و سەرۆکی وڵات، نوێنەری خۆی ناردە سەردانی، کە کۆچی دواییشی کرد، باڵافڕێکی تایبەتییان نارد، تەرمەکەیان هێنایەوە.

 

ئەوەی باشە، دەسەڵاتدارانی لای خۆیشمان دەرس لە ئەزموونی دەرودراوسێوە فێر دەبن. ڕەفیق پشدەری لە بیرەوەرییەکاندا دەڵێت: "بەعسییەکان کە دەسەڵاتیان گرتە دەست، کەوتنە هێنانی ژنی تازە." بەرپرسانی لای خۆیشمان دوای ڕاپەڕین، پێیان خستە ئەو ئاوەوە کە بەعسییەکان ڕشتبوویان و سنگیشیان بۆ ڕەخنە هێندە فراوانە، ئەگەر قسەیەک لە سەد ڕووەوە لە کوفر بچێت و تەنیا لە یەک ڕووەوە لە کوفر نەچێت، بە کوفری وەرناگرن.

 

لەوساوە یەکێتی بڕیاری داوە، مام جەلال سەرۆکی کوردان بێت، پارتییش جاڕی داوە، کاک نێچیرەڤان سەرۆکی وەزیران بێت، هەمیشە لەجێی سنگدان، قوزەڵقورت بووە و تا ئێستا هیچ شتێک نائاسایی و نایاسایی نییە، با هەندێک کەسی بوغزلەسکیش پێیان وابێت، یەکێتی مافی دەستنیشانکردنی سەرۆکی هەرێمی نییە. یەکێتی گەلێک جار گۆڵی مێژووییی لە حیزبە کوردییەکان کردووە، چونکە وا باوە بەتەمەنترین ئەندام، کۆنگرە بکاتەوە، یەکێتی بۆ هەموو کۆنگرەیەک، ئیبراهیم ئەحمەد لەگەڵ خۆی دەبات، ناوبراو چونکە لەدایکبووی ساڵی هەزار و نو سەد و هیچە و هیچ حیزبێک کەسی لەو پیرتر شک نابات، بۆیە کلیلی کردنەوەی هەر چی کۆنگرەی کوردستانی هەیە، لە گیرفانی خۆیدایە.

 

(لە ڕووسیا قەدەغەیە شۆفێر بە سەرخۆشی ماشێن باژوێت، کەچی سەرۆک بە سەکرانی** هەموو ڕووسیا لێ دەخوڕێت.) لە سوێد کە تەمەنت بوو بە شەست و پێنج ساڵ، بۆت نییە لە چێشتخانەیەکدا، زەڵاتە چێ بکەیت، ئاخر ئیدی پیر بوویت و دەشێت دەستی خۆت ببڕیت، یان زەڵاتەکەت پوخت و پاکژ نەبێت و زیان بە هاووڵاتییان بگەیەنیت. بەوەدا لای ئێمە، دەشێت تەمەنت لە حەفتا هەڵکشاوتریش بێت و سکرتێر، سەرۆک یان جێگری سەرۆکی حیزبیش بیت، دیارە سەرکردایەتیکرنی حیزب، لە زەڵاتەچێکردن ئاسانترە. درێژ بێت تەمەنی ئەو پیرەمێردانەی، خزمەتی خۆیان پێ ناکرێت و دەست لە خزمەتکردنی کورد هەڵناگرن.

 

دیموکراتی بەوانە دێتە بەرهەم کە بە بەرهەمی ڕەنجی شان و بیری خۆیان دەژین، نەک بەوانەی بەری کۆششی کەسانی دیکە و سامانی نیشتمانیش دەدزن. من ئەو شتانە دەڵێم کە زۆربە پێیان وایە بۆ گوتن ناشێن، ئەو شتانە دەنووسم، کە نووسەرانی دیکە لێیان بێدەنگن. کە دەنووسم هیچ شاکارێکی هیچ نووسەرێکی مەزن، ناکەم بە نموونەی باڵا و پێوانە، خەو بە ڕچەشکاندنەوە دەبینم. من وای بۆ دەچم، بەرهەمی ئەدەبی، نەک هەر پێوەندییەکی قووڵ و پتەوی بە واقیعەوە هەیە، بەڵکوو بەشداری لە گۆڕینیشیدا دەکات، ئەوە نەبوو ڕۆمانی (کووخەکەی مام تۆم)ی هاریت ستاو، یاسای ئەمریکای سەبارەت بە کۆیلە گۆڕی. جاران ڕەخنەی ڕووخێنەرم دەنووسی، ماوەیەکە نەک هی ڕووخێنەر، هی بە ئاستەم ڕووشێنەریش نانووسم و تا بڵێێت نەرم و نیان سەرنجی ژیان دەدەم.

*

چلەی هاوین بوو، ئەدەبدۆستێک دەستی تەوقەی درێژ کرد و خۆی پێ ناساندم:

(-) عەبدولڕەحمان.

(+) بەم گەرمایە! من لەبری تۆ بم، هاوینان هەر بە (ڕەحمان)ەوە دێمە دەرەوە.

 

منداڵ ئەگەر ناوێکی جوان و لەباری هەبوو، لە ژیانیدا دڵنیاتر و پشتی بە خۆی قایمتر و بڕوای بە خۆی پتەوتر دەبێت. ناوی سەیری وا هەیە، دەبێتە مایەی گاڵتەجاڕی، بۆیە باوک دەبێت زۆر بە وریایییەوە ناو لە منداڵی بنێت. ئەو کوردەی لە سوێد بژی، نابێت کچی ناو بنێت: مینا، چونکە بە مانای لوغم دێت. بریا کابینەی چوارەم، بواری بە هیچ کوردێکی باشوور نەدەدا، ناوی عەرەبی، تورکی یان فارسی، لە منداڵی بنێت. نازانم ئێمە بۆچی ئەوەندە دیلی کولتووری داگیرکەرانمانین! کەس سەرۆکی حیزبێکی عەرەبی، تورکی یان فارسیی دەناسێت، ناوێکی کوردیی لە منداڵێکی نابێت؟

 

هەندێک لەوانەی بەر زەبری ڕەخنەی زبرم کەوتوون، دڵخۆشیی خۆیان بەوە دەدەنەوە، گوایە دەروونم نەخۆشە، هەرچەندە هیچ کامیان جۆری نەخۆشییەکەمیان دیاری نەکردووە، ئاخر دەیان نەخۆشیی دەروونی هەیە. من لێرەدا لە پێناوی ساڕێژکردنی برینی قووڵی ئەو هێژایانەدا، دەڵێم: من شیزۆفرێنیام هەیە، کەسایەتیم لەتوپەت بووە، هاوزەمان سێ کەسم، ڕەخنەگرێک، هۆزانڤانێک و ساتیرنووسێک، بەڵام هێشتا لە ئەنجامی ئەم نەخۆشییەوە، حەبێکی هێمنکەرەوەم قووت نەداوە.

*

* دیمەن: کۆی دیمنەیە، واتا: سەرەنگوێلک، ل ٦٦٩ دیوانی نالی.

** سەکران: سەرخۆش.