ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئارارات ئەحمەد ئەحمەد

٢٤/٩/٢٠٢٢ - کۆسەی چەم/ بەکرەجۆ

 

بەردێک، خڕ و خلیسک و ناقۆڵا

چکۆلە، کە نە بۆ چینی دیوار دەبێت و

نە بۆ ئەوەش کە بیکەیتە کوچکاور،

هەر هێندەی بەردەقاژووێک!

بەبێهوودە، خەونی وەک خەونی تاوێر

خەونی وەک خەونی کێو دەبینێ!

 

بەردێک، نە لە حەوش و حەرەمی یار و، نە لە بەردەری ئەغیار

نە لە ماڵ و مەوتەنی خۆی،

ناسنامەیەکی پێ نییە تا خۆی پێ مەعەرەفی بکات و، پێی بڵێن

فەرموو دانیشە بەڕێز! ئەو سەندەڵییە بۆ تۆیە!

بەردێک، خەریکە ئەو کەلامە بەدرۆ دەخاتەوە کە گۆیا

بەرد لە شوێنی خۆی بەسەنگە!

 

بەردێک، کە ڕۆژگارێک پشت و غیرەتی شاخ بوو

ئەلعان، ئەوەتا، سووک سووک غلۆر بۆتەوە دامێن و،

کەوتۆتە بن دەستو پێی قەل و داڵ و، دڕکوداڵی چاوی نیشتیمان!

 

بەردێک، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە مەتەرێزی جەنگو جداڵدا (بەردێک) بوو،

کە بەرداشی دەوران نەیتوانی بیهاڕێ،

کە (دانەیی تۆپی زەمان) دە ڕۆستی نەهات و نەیتوانی بیشکێنێ

ئەوەتا ئەلعان بە هەناسەیەک،

بە هەناسەیەک، کە بەشێک بوو لە جەستەی،

کە بەشێک بوو لە ئومێدی، لە زیندەگیی، لە نووری چاوو هێزی ئەژنۆی

 کە بەشێک بوو لە قەڵەمی،

کە بەشێک بوو...

بە هەناسەیەک کە وەک ئەو بە کوردی دەوێ و،

هەر بە کوردییش نیشتیمان دەفرۆشێ و

هەر بە کوردییش گەوادی بۆ بەرداشم دەکا...

خەریکە دەبێتە تۆز و خۆڵی دەم ڕەشەبا!

 

بەردێک، کە ڕۆژگارێک دەستەو دوعا بوو:

خودایە! هیچ شوێنێک دەست نەکەوێ ئاڵای وڵاتی لێ بچەقێن

سەری من نەبێ!

بەردێک، سەردەمێک نەزری لەخۆی دەگرت دڵی بکاتە بەردەبازی

بن پێ و سمی ئەسپی زۆڵەسوارەکانی مەیدان

وەلێ ئەلعان... ئەوەتا بێ هیچ دوودڵییەک،

پشتی لە ئاڵا و لە نیشتیمان و لە بوونی خۆی کردووە،

تف  لە خێڵی سواری زۆڵ و،

تف لە تابووری دەست و دەم و داوێنپیس دەکا،

کە بە دەستێکیان ئاڵا و بە دەستێکیش لەژێریدا

هەڕاجی کەرامەت و پرچی سپیی نیشتیمان و،

جەرگی دایک و، خوێنی ڕۆڵەی بێمراد، ئیمزا دەکەن!

 

بەردێک... کە تەواوی ماجەرای زیندەگیی،

دڵی، لە لۆکە بوو، خەونی لە ئاوریشم و لە حەریر بوو، ئارامیی لە ئاو بوو،

ئێستا بەو ئاخیری عومرە

دڵ و خەون و ئارامییەکەی، تۆپەڵێکن لە ئاور

گڵۆڵەیەکن لە لەعنەت و نائومێدی

دەستی پڕ لە تەمەننان: هەرچی زووە

ئەم قومارە کۆتایی بێ و، بە دۆڕاوییش بێ، بگاتە ئەو ئەوسەری ڕێگا!

 

بەردێک،

شکاوتر و تکاوتر و ڕزیووتر و بێبایەختر لە تەمەن،

زۆر کەمتر لە ڕۆژگار!

 

بەردێک....