بەشی دەیەم
دەبێت ڕێک کۆپیەکی بیر و باوەڕی باپیرەت بیت..!
باپیرە نازانم ئەو کوردە داماوە کەی هۆشی بۆ دەگەڕێتەوە و واز لەو دەمارگیرییە مەزهەبی و ئیدەلۆژی و ئایینیه دێنێت؟!
ڕۆڵەکەم: ئەوانە ئایینیان بە عاتیفە و بۆ ماوەیی وەرگرتووە.
یاخود بە ڕێکەوتێکی جوگرافی، یانی دەوروبەر، خێزان و کۆمەڵ هەمووی موسوڵمانە، بۆیە ئەوانیش موسوڵمانن. نەک لە ڕێگەی ئەقڵ و لێکدانەوە و بەراوردکاری نێوان ئایینەکان و بیرکردنەوە و لۆژیک.
ئەوانە لە خۆیان ناپرسن:ئەگەر لە خانکێ و تەلئەبیب و نیودلهی و تۆکیۆ و کۆریای باکور و وڵاتێکی مەسیحی نشین بوانە، ئێستا ئێزدی، جوو، هیندۆس، بوودی، بێ دین و کۆمەنیست، یان مەسیحی بوون !
باپیرە: نوکتەیەک هەیە، دەڵێن: ڕۆژێک، دوو موسوڵمان جووێک دەگرن و خەنجەر دەخەنەسەر گەردنی و پێی دەڵێن: هەر ئێستا ئیمان نەهێنیت و نەبیتە موسوڵمان سەرت لە لاشەت جیادەکەینەوە !
کابرای جوو زۆر تکادەکات و دەپاڕێتەوە، کە یەخەی بەردەن و ئایین قەناعەت و سەلماندنە، نەک بە زۆری و لە ڕێگەی خەنجەر و شمشێر و سەپاندن.
سوودی نابێت، پێی دەڵێن خێرا ببە بە موسوڵمان، ئەگەرنا بە دوزەخت دەسپێرین هەی جوولەکەی کافرباب.
کابرا کە دەزانێت خەریکە خەنجەر بگاتە سەر یەسقان و کار لە کاربترازێت، ناچار دەڵێت:دەی دەمەوێ بێمە ناو بازنەی ئایینەکەی ئێوە، بەڵام چی بڵێم و چۆن بێم؟
پێی دەڵێن:وەڵاهی نازانین، بڕۆ لای مەلا !
هاهاها
ڕۆڵەکەم: تۆسەیری ئەو گاڵتەجاڕییەی؟
ئەو جۆرە کەسانە خۆیان نازانن بۆچی موسوڵمانن و هیچ شارەزاییەکیان لە ئایینەکەیان نییە و ئەلیف و بای ئاین لێکتری جیاناکەنەوە، کەچی حەقیقەت بە خەڵک دەفرۆشنەوە و داوا لە خەڵک دەکەن بێنە سەر بیر و باوەڕەکەی ئەوان !
باپیرە: بە بڕوای من مرۆڤ نابێت تا تەمەنی هەژدە ساڵی هیچ ئایینێکی دیاریکراوی هەبێت، دوای ئەوەی بوو بە هەژدە، خۆی ئازادانە و لە ڕێگایەکی ئەقڵانی و زانستی و بەراوردکاری و بیرکردنەوەیەکی ئازاد و دوور لە هەڕەشە و ترساندن و گەوجاندن، ئایینێک لەو هەزاران ئایینە هەڵبژێرێت، یاخود هیچیان هەڵنەبژێرێت و لائیکانە بژیت.
بەڵام، بەداخەوە، تۆ لێرە هێشتا لە دایک نەبوویتی: هەموو شتێکیان بۆ ئامادەکردووی !
ئایین و مەزهەب، فیکر و ئایدیا، خێڵ و نەریت، شێوازی ژیان کردن و هەموو شتێکیان بۆ دیاری کردوویت.
بوونیان بە دنیایەک بت و پێوەر و تابوو و هێڵی سوور و بڤە دەورداوی.
دەبێت لەسەر ئایینی باوکت و مەزهەبی براکەت و ڕێک کۆپیەکی بیر و باوەڕی باپیرەت بیت..!
لە یەکەم چرکەی پێخستنە دنیاتەوە، هێشتا نەتگوتووە سڵاو.
مەلا و قەشە و حاخام و ئاسرەوان و کاهین و پیاوانی ئایینی بانگ لە بن گوێت دەخوێنن و تەعمیدت دەکەن و پشتوێنت بۆ دەبەستن و ناوێکی ئایینیت بۆ دیاری دەکەن و بە کۆمەڵێک ڕیتواڵی ئایینی تەلقینت دەدەن.
تەواو، ئیتر تۆ تا مردن دەبێت بە پێی ئەو هەموو پیرۆزییە دەستکرد و بت و هێڵی سوور و پێوەر و بڤە و تەلقین و سرووتانە بژیت، کە مزگەوت و کلێسا و ئاتەشگا و مەعبەد بۆیان دیاری کردووی و باپیرەت ئایینی چی بوو و باوکت لەسەر کامە مەزهەب بوو و خێڵەکەت سەر بە چی خەنجەرێک بوون، دەبێت ڕێک تۆش کۆپیەکی بێ لام و جیمی ئەوان بیت !