ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 (نە هیچ گوڵێک لە لۆتس گەشترە، نە هیچ ناوێک لە ناوی هۆ چی منە.) ئەوە قسەی خەڵکی ڤێتنامە. هۆ چی منە(١٨٩٠ - ١٩٦٩) چووبوو بۆ چین، بۆ ئەوەی لەگەڵ چین ڕێک بکەون، پێکەوە دژی ژاپۆن بجەنگن کەپەلاماری ڤێتنامیشی دابوو، کەچی چان کای چیک فڕێی دابووە زیندانەوە.لە بەندیخانەدا سەد شیعری نووسیبوو، دواتر لە دیوانی: (یادگارییەکانی زیندان)دا بڵاوی کردبوونەوە. ڤیتنامییەکان حەزیان لە شیعرە و پێیان وایە شیعر هەم خەمڕەوێنە و هەم جەستەی ماندووی ڕێبوار دەحەوێنێتەوە. لە ڤێتنام جووتیارانیش ئەوەندە شەیدای شیعرن، بەدەم بەرهەمهێنانی برنجەوە شیعر دەڵێنەوە.

 لە زینداندا هاوڕێیەکم شک نەدەبرد

لە شیعر دڵسۆزتر

شیعر نەبووایە

لە زینداندا هەڵم نەدەکرد

 ئەوەندە بێفیز بوو خۆی بە شاعیر نەدەزانی، دەیگوت: من شاعیر نیم جەنگاوەرم.

 تریفەی مانگ

لە شووشەی پەنجەرەکەمی دا و

لێی خواستم شیعری بۆ بڵێم

دڵیم شکاند و دەستم دایە تفەنگەکەم

بۆ داکۆکیکردن لە نیشتمان

 چراوگی شیعر لە ڕۆحی هۆ چی منەدا هەر دەگڕا، شیعر وەک ئاوی کانی لە ناخییەوە هەلدەقوڵا و تا دەهات شیعری جوانتر و پوختتر دەبوو.

 پێشینان شیعریان بۆ ستایشی سروشت دەگوت

شیعریان بۆ مێرگ و ڕووبار

بۆ بەفر و چیا دەگوت

لە شاعیرمان کەم نییە

پێویستمان بە جەنگاوەرە

 هۆ چی منە خۆی جەنگاوەر بوو، شیعری زادەی ئەزموونی خۆی بوو، شیعری بۆ خۆشەویستیی نیشتمان دەگوت، شیعرێک لە سەنگەری پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەدا بوو، ئاخر پێی وابوو شیعر و بەرگری یەکدی تەواو دەکەن.

 لەژێر زەبردا

چەڵتووک دەناڵێنیت

بەڵام دوای ئەو ئازار و ناسۆرە

هێندە سپی دەچێتەوە

 سەرسامت دەکا

ئینسانیش

بە زەبری تەنگانە دەدرەوشێتەوە

*

ساڵانێکی دوورودرێژ ماو تسی تۆنگ (١٨٩٣ - ١٩٧٦) دنیای سۆسیالیزمی کردبوو بە دوو بەشەوە، بەشی دووەمیان بلۆکی سۆڤیەت بوو. هەوادارانی ماو، هەر لە چین نا، لە دنیادا، ئەویان بە سەرکردەیەکی پیرۆز، بە کاریزما دەزانی و هەر چی گوتبا وەک دەقی پیرۆز سەرنجیان دەدا و هەرگیز بە عەقڵیاندا نەدەچوو، بکەوێتە هەڵەوە. هەر جووتیاران نا، زانایانی بوارە جیاوازەکانیش ئەوەندە پێی سەرسام بوون، بە بیرمەند و تیۆریسیان و بە نووسەر و بە شاعیریان دەزانی.

 بەرەو دوندی بەرزی چیا

سەر بکەون

کە پەیژەتان ئاڵای سوورە،

بە دیمەنی جوانی سروشت

چاو بڕێژن!

 ئەوەیش وەک پەرجوو وابوو، چۆن بەو هەموو ئەرکە سەختەوە کە لەسەر شانی بوون، فریای نووسینی شیعریش دەکەوت؟ ماو نە بۆ ئەوە شیعری دەنووسی، ئەزموونی خودی خۆی بگێڕیتەوە، نە بزربوونی وجوودییانەی ئینسان جێی بایەخی بوو، شاعیرێک بوو، خەیاڵی لای کێشەکانی گەلەکەی بوو، دڵی لای ڕزگاری و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و بەرهەمهێنانی ئەدەبێکی شۆڕشگێڕانە بوو. ماو بە شیعرەکانی گیانی بەبەر ویستی گەلەکەیدا دەکرد کە تامەزرۆی ئازادی بوو. ماو زۆر متمانەی بە شیعری خۆی نەبوو، ئاخر دەیزانی ئەوەی دەینووسێت ناگاتە ئاستی شیعری باڵا و حەزیشی نەدەکرد، لاوان شوێنپێی هەڵبگرن، چونکە بە

شێوازی کلاسیک دەینووسی.

 

ئەو سەردەمە بەسەر چووە

خاوەنی موڵک

قامچی بڵند بکاتەوە،

جەنگاوەران

لەگەڵ تەمدا خۆرنشین دەگەڕێنەوە

 تایبەتمەندیی شیعری ماو ئەوەیە، کاریگەریی کەلەپووری میللیی پێوە دیارە، ڕەنگە بەدەگمەن شیعری هەبێت، تێیدا سوودی لە کەلەپوور وەرنەگرتبێت و تێیدا چیرؤکێکی ڕەمزیی دێرێنی، لە ڕاژەی کێشەیەکی سیاسیی هاوچەرخدا وەگەڕ نەخستبێت، هەر بۆیە شیعری هەرچەندە وەک شێواز، درێژەپیدانی شیعری کلاسیک بوو.، بەڵام بە ناوەڕۆکێکی نوێی دژ بە فیودالیزم. شیعرەکانی ماو کە هەم کەم بوون و هەم کورت، زۆر جێی بایەخی ڕەخنەگران نەبوون، ڕەنگە لەبەر ئەوە بووبێت، لایەنی هونەریی شیعرەکانی سەرنجڕاکێش نەبوو. ماو کە ئەوسا هەموو لایەنێکی ژیانی، جێی بایەخ بوو، هەنووکە لاوان، ئەوپەڕی مەگەر سێڵڤییەک لەگەڵ پەیکەرێکیدا بگرن، ئاخر خۆی گوتەنی:

 

نە با

بۆ دواوە دەگەڕێتەوە

نە ئاو

بۆ سەرچاوەکەی

*

لیوپۆڵد سینگۆر (١٩٠٦ - ٢٠٠١) لە سۆربۆن خوێندوویەتی، نامەکەی دەربارەی سێکس بووە لە شیعری شاڕڵ بۆدلێردا. کۆشیعری (سترانەکانی سێبەر)ی،بەرهەمی ئەو سەروەختەن کە لە پاریس مامۆستای زانکۆ بووە.(شیعری مالاگاشی) کۆشیعرێکی دیکەیەتی، سارتەر پێشەکیی بۆ نووسیوە. کە سینیگال سەربەخۆیی بەدەست دەهێنێت، دەبێت بە یەکەمین سەرکۆماری و بە ویستی خۆیشی دەست لەو پۆستە دەکێشێتەوە. لە ١٩٨٤دا دەبێت بە ئەندامی ئەکادیمیای فەرەنسی،(شێری سوور) کە مارشی نیشتمانیی سینیگالە، سینگۆر نووسیویەتی.

 دەڵێی لە باخی بەهەشتەوە هاتووی

بۆ شەوی ساماڵی پێستی تۆ

ئەستێران وەک مرواری دەدرەشێنەوە

درەشانەوەی زێڕ

لە سیبەری قژتا

تەمی خەم دەڕەوێنێتەوە

 هەرچەندە شیعر و سیاسەت دوو دنیای جیاوازن، بەڵام چەندان داو پێکەوەیان دەبەستێتەوە، جێی باوەڕ نییە سینگۆر کە شیعری بەرگریی دژی داگیرکار نووسیوە، بیری لەوە کردبێتەوە، ڕەنگە ڕۆژێک بەو هۆیەوە بگاتە بەرزترین پۆستی سیاسی. سیحرێکی شیعر لەوەدایە، دەتوانێت شتگەلێک بڵێت کە تفەنگ لە توانایدا نییە بیانڵێت و شاعیریش جادووکارێکە بە پردی سانسۆردا دەپەڕێتەوە و لە دەرگەی دڵی جەماوەر دەدات. باوکی سینگۆر بازرگانێکی دەوڵەمەند بوو، بەڵام خۆی دۆستێکی ڕاستەقینەی بەردەوامی هەژاران بوو، هەرچەندە لەسەر ئەو هەڵوێستەی بەرەو ڕووی سزای باوکی دەبووەوە.

 شیعری سینگۆر بە دوو باڵ دەفڕێت، ڕیتم و وێنە، خۆی ددانی پێدا ناوە کە جوانترین وێنەی شیعری، ئەگەر تێیدا بایەخ بە ڕیتمنەدرابێت، بەشێکی زۆر لە بەها شیعرییەکەی لە دەست دەدات. وشە لای سینگۆر وشکوبرنگ نییە، تەڕوبڕە، وەک ئاو هەڵدەقوڵێت، وەک با هەڵدەکات، وەک خوێن دەبزوێت و وەک دڵ لێ دەدات.شیعری دەڵێیت بۆ ئەوە نووسراوە، وەک موسیک گوێی لێ بگریت، نەک بیخوێنیتەوە. سینگۆر چونکە بە فەرەنسی دەینووسی، بەختی ئەوەی هەبوو، زووتر دەنگی بە دنیا بگات، بەڵام وەک چۆن زمانی فەرەنسی سوودی بەو گەیاند، ئەویش زمانی فەرەنسی بە زاراوەی نوێ و بە دەربڕینی جوان دەوڵەمەندتر کرد و پردێکی لەنێوان کولتووری ئەفریکایی و فەرەنساییدا ڕۆ نا. (ڕەنگی پێست یەکمان ناخات، تینوویەتی بۆ ئازادی کۆمان دەکاتەوە.) کەواتە ئەوە بەس نییە کە پێستمان تاریکە، ئەگەر بە چرای خەبات بۆ ئازادی، دڵمان ڕۆشن نەبووبێتەوە. جارێکیان سارتەر پێی گوتبوو: نابێت ڕەگەزپەرستانە بە گژ ڕەگەزپەرستیدا بچینەوە.

 گەورەترین شاعیری ئەفریکایی بوو کە بە فەرەنسی دەینووسی، بەدەر لە جوگرافیا و لە ڕەگەزیش هەر شاعیرێکی مەزن بوو، لە شیعری فەرەنساییشدا خاوەنی جێپێیەکی پتەوبوو. خاوەنی پرۆژەی (زنجایەتی) بوو، کە هاوزەمان پرۆژەیەکی شیعری و ڕۆشنبیری و سیاسی بوو. نکووڵی لەوە نەدەکرد، کولتووری فەرەنسایی کاریگەریی لەسەری هەبوو، بەڵام هەمیشە زنجایەتیی خۆی لەبیر بوو کە تژیبوو لە کوێرەوەری.

 خودایە لە فەرەنسا ببوورە

کە وەکوو بەکرێگیراو

وەکوو سەگی ڕەشی پاسەوانی ئیمپایەر

مامەڵە لەگەڵ خەڵکی سینیگالدا دەکا

 سینگۆر هەرچەندە بە فەرەنسایی دەینووسی، بەڵام شیعری ڕەنگدانەوەی نەستی کۆی سینیگال بوو. چونکە قووڵ بە کولتووری ئەفریکادا ڕۆ چووبوو، هەم وەک پردێک وابوو، لەنێوان کولتووری فەرەنسایی و ئەفریکاییدا، هەم پردێکیش بوو لەنێوان لە ڕۆشنبیریی نوێ و دێریندا. سینگۆر بڕوای بە دیالۆگی نێوان شارستانییەکان هەبوو، دیالۆگێکی هاوسەنگ، بۆ ئەوە نا، ئەفریکا ببێت بە پاشکۆی ئەورووپا. هەرچەندە کاریگەریی شیعری فەرەنسی بە شیعری سینگۆرەوە دیار بوو، بەڵام زیاتر لەژێر کاریگەریی ئەدەب و کەلەپووری ئەفریکاییدا بوو، بە تایبەتی کە لیریکی دەنووسی.

 سەروەختی دووەمین جەنگی جیهانگرەوە، سینگۆر وەک سەربازێکی فەرەنسایی، بە زۆرەملێ بۆ شەڕ دەبرێت، کۆمەڵەشیعری: (قوربانییە ڕەشپێستەکان) زادەی ئەو ئەزموونە تاڵەیە.

 ئەی ژنە ڕەشپێستەکەی

ڕەنگت ژیانی لێ دەچۆڕێ

لە سایەی تۆدا نەبووایە

من نەدەگەشامەوە

 تا ژیا، هەر داکۆکی لە زنجایەتی کرد، زنجایەتی لەکنی پرۆژەیەکی ئینسانی و شارستانی و شیعری بوو. ئیدوارد مونیک کە یەکێک بوو لە قوتابییە کانی دەیگوت: "سینگۆر کە شاعیری زنجایەتی و مرۆڤایەتی بوو، پێویستمان بەوە نییە، بگەڕێینەوە بۆ لای ئاخر هەمیشە لێرەیە."

*

(١) عبدە وازن، أثر الشعر علی السیاسة.

(٢) جمال العتابي، رؤساء في مملکة الشعر.