ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

داهێنەری راستەقینە نە لەزەمەنی خۆیدا دەنووسێ‌‌و نەبۆ دەرەوەی زەمەنی خۆشی، ئەگەر ئێمە بۆ پۆلێن كردنی نەوەكان پێناسە كلاسیكیەكەی قۆناغ‌و پۆلێن كردنەكانی زەمەن وەربگرین كە بەسەر رابردوو ئێستا‌و ئایندە دابەشی دەكات ئەوا هەر لە ئێستاوە دەكەوینە ناو ئیشكالیەتێكی فەقیر حاڵانەوەو وامان لێدەكا ئێمە لەناو زەمەندا بژین، ئەوە لەكاتێكا داهێنەری راستەقینە هەمیشە زەمەن لە ناوەوەیدا دەژیت، چونكە هەر چركەساتێك لەزەمەن خاوەن ئیقاع‌و بزاوتی سیمۆلۆژیانەی خۆیەتی‌و ئەوە وەدەست هێنانی بەپێناسەكردنی خودە ئەو ئیقاع‌و بزاوتە سیمۆلۆژیانە دەخاتە ناو پڕۆسەیەكی تێپەڕێنەرو خۆی لەزەمەن دادەبڕێنێ‌، بەو پێیەی دابڕان جەوهەری ئەو یاخی بوونە بەهرەمەندانەیە كە بوونی هەر خودێك دەیخوازێ‌ بۆ جیاوازبوون‌و بەردەوامی، جیاوازبوون لەوەی هەبووەو دەشبێ‌، بەردەوام بوون لە بەخششی داهێنان‌و وەزیفەی نووسین.

چونكە ئەوە هەوڵدانێكە بۆ ئەوەی هەست بكەین داهێنان‌و نووسین پڕۆژەیەكە بۆ بەپێناسەكردنی خود‌و بوون‌و كرانەوە بەڕووی ئەویترا. ئەوەی نەوەیەك لە نەوەیەكی تر جیا دەكاتەوەو دابڕانێك بەرهەم دێنێ‌، بەخششی نووسین‌و دابڕانە لەشێوازی فیكرو نوسین بە ئاراستەیەكی پێشكەوتووتر، ئەویش لەخانەی دژایەتی كردنی نەوە جیاوازەكاندا نا، بەڵكو لەخانەی دابڕانە فیكری‌و شێوازەكانی نووسیندا، چونكە ئەوە ئاستی تێگەیشتن لەدونیاو دیاردەكانە، ئەو دابڕانە فیكریە پێناسە دەكات ئاخۆ تا چەند ئەو رۆحە زەمەنیەی لەناو خۆیدا هەڵگرتووە، نەك دەست پانكردنەوەو خۆ هەڵواسین بەسەر زەمەندا.

ئەوە پاڕانەوەو نوزە نوزێكی زەلیلانەیە هندێ‌ لەو گەنجە گوناحانەی لەزمانی كوردی زیاتر هیچ زمانێكی تر نازانن‌و تا ئێستا لەرێگەی بڕگەو پەراوێزە وەرگێڕاوەكانی بەختیار عەلیەوە (برهان غلیون‌و علی حەرب‌و سەمیر ئەمین‌و میشێل فۆكۆ) دەناسن‌و بە قسە خۆشەكانی فەرهاد پیرباڵا فوو دەدرێن، لە هەموو كۆڕو كۆبوونەوەو سیمینارێكی ئەدەبی‌و فیكریدا بەسەر روناكبیرانی بەر لەخۆیاندا دەڕشێنەوە گوایە ئەوان هیچیان نەكردووەو رێگەش لەو گەنجانە دەگرن بەهرەكانی خۆیان بخەنە روو!

ئەگەر بۆ هەر تێزێكی هونەری پاساوێك هەبێ‌ بۆ ئەو بۆچوونانەی كە دەڵێ‌ رێگری هەیە لەبەردەم بەهرە نوێكاندا، ئەوە لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی فیكرو ئەدەبدا ئەو پاساوانە كاڵا دەبنەوە، شاعیر‌و چیرۆك نووس‌و رەخنەگرو نووسەر بۆخۆیان دەخوێننەوەو بۆ خۆیان دەنووسن‌و نوسەرێكی بەر لەخۆیان، یان وەك باوە، پیرەكان چاودێر نین بەسەریانەوەو كەسیش ناتوانێ‌ رێگر بێ‌ لەنووسین‌و بەهرەی كەسێكی تر.

من لەگەڵا بەهرەی ئەو گەنجانەدام كە دەنووسین‌و بەدوادا دەگەڕێن، لەرێگەی بەرهەم‌و دیالۆگ‌و بەخششی بەردەوامەوە دەیانەوێ‌ دابڕانێك لەگەڵا نەوەكانی دوای خۆیان دروست بكەن‌و لەمەشدا نەك هەر مافێكی خۆیان مەیسەر دەكەن، بەڵكو ئەركێكی قۆناغەكەی خۆشیان رایی دەكەن، بەڵام تۆ چ دەڵێی لەگەڵا كەسێك كە تا ئێستا بوونی خۆشی وەك ناو لەناو جوڵە رووناكبیریەكاندا نەناساندووە چ جای بەرهەمێكی ئەفراندنی خۆی دێت‌و بەر ئارەزووی خۆی قسە فڕێدەدا؟ نەوەكانی بەر لەخۆی، یا راستتر بڵێین ئەو نەوەیەی بەردەوام دەنوسێ‌‌و بەرهەمی هەیە بەپیر ناوزەد دەكا‌و، بەوەش تاوانباریان دەكا كە رێگرن لەبەردەم گەنجەكاندا.

من ئەو قەڵەمە نوێیانە بە پیرۆز دەزانم لەرێگەی بەرهەم‌و نووسینەوە، قەڵەمە (كۆنەكان) جێ‌ بێڵن نەك لەرێگەی فەوزاو فودانەوە، موزایەدەی نوێخوازیمان بەسەردا بكا، جارێكی تریش ئەوە دەڵێمەوە كە كاتێ‌ رامبۆ وتی دەچم بۆ پاریس تا ریشی فیگتۆر هیگۆ لەبنەوە هەڵكێشم، (مركب السكران)ی نووسی، قسەی قۆڕی نەكرد.