ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گۆرانیەكانی شاعیرێكی تەنیا

شیعری: ئیبراهیم هەورامانی

(1 )

ته‌نیایی ،

هیچی فێر نه‌كردبم .

فێری كردووم 

هه‌رگیز به‌ته‌نیا جێت نه‌هێڵم .

*** * *** 

(2 )

ده‌ستم ده‌گرێ و

له‌سوچێكی كافێكه‌ دا و 

له‌سه‌ر كورسییه‌كی ڕه‌ق و ته‌ق .

تا دره‌نگانێكی ،

دره‌نگ .

به‌ ته‌نیشتمه‌وه‌ 

داده‌نیشێ .

ته‌نیایی .

*** * *** 

(3 ) 

گەر تۆم خۆش نەویستبا ،

مەگەر

خودا بیزانیبا

تەنیایی ،

چ بەڵایەکی بەسەرمدا دەهێنا .

*** * *** 

(4 ) 

ته‌نیایی ،

له‌ منداڵێكی عه‌جول ده‌چێ .

سڵ له‌ هیچ ناكاته‌وه‌ ،

ته‌نانه‌ت ،

دڵ شكانیش . 

*** * *** 

(5 )

ته‌نیایی ،

به‌ ته‌نیشتمه‌وه‌ ،

وه‌ك پیاوێكی دنیادیده‌ .

ده‌زانێ ،

چه‌ند بیرت ده‌كه‌م .؟

باسی تۆم بۆ ده‌كات 

باسی ،

هه‌موو شتێك.

*** * *** 

(6 ) 

شێعرێكم ،

به‌دڵی خۆم بۆت نووسی .

ببوره‌ ،

ته‌نیایی ،

هات و له‌ته‌ك خۆیدا بردی .

*** * **** 

(7 ) 

ویستم ژیانم به‌ش كه‌م .

به‌شی زۆری ،

به‌مه‌ تۆ .

لێم ببوره‌ ؟!

ته‌نیایی ،

هات و بردی ،

بۆ خۆی .

(8 ) 

ویستم له‌ كافێكه‌دا 

قاوه‌یه‌ك ،

له‌گه‌ڵ تۆ دا بخۆمه‌وه‌ .

به‌رله‌ تۆ ،

ته‌نیایی هات و 

كوپێك قاوه‌ی 

تاڵ 

تاڵ 

تاڵی له‌گه‌ڵمدا ،

خوارده‌وه‌ .

*** * **** 

(9)

ته‌نیایی ،

هه‌موو شتێكی له‌بیر بردومه‌ته‌وه‌ .

ته‌نانه‌ت تۆش .

*** * **** 

(10 )

باخچه‌كه‌مان نا 

دڵم ،

بۆنی ته‌نیایی گرتووه‌ .

ئه‌م قه‌ره‌باڵغی ،

سه‌رزه‌مینه‌ به‌من چی ؟

*** * **** 

(11 )

دڵم ده‌له‌رزێ ،

له‌نێو ده‌ستی ته‌نیایی دا .

هاكا كه‌وت و

وورد و 

خاش بوو ؟

ئیتر دڵێكه‌ و هیچی تر !

*** * ****

(12 )

یه‌كێك له‌و خوه‌ خراپانه‌ی هه‌مه‌ ،

ترسنۆكییه‌ .

چه‌ند ده‌ترسم ،

تۆ بێیت و 

منیش بمه‌وێت ،

بێم بۆلات .

به‌ڵام ته‌نیایی ،

بێته‌ سه‌ر ڕیگه‌كه‌م و 

ڕێم پێبگرێت .

ده‌زانم كه‌س لۆمه‌م ناكات كه‌ ده‌ترسم .

*** * ****

(13)

له‌سه‌ر دیواری باغه‌كه‌ی ئه‌وبه‌ر ،

ماڵی ئێمه‌ و 

ماڵی ئێوه‌وه .‌

من ناوی تۆ ده‌نوسم .

ناوی تۆ .!

دوا حه‌رفم ده‌مێنێ 

ته‌نیایی دێت و

هه‌موو حه‌رفه‌كان ...

واته‌ : ناوی تۆ ،

ده‌كوژێنێته‌وه .

‌ .ده‌زانم ئه‌م ته‌نیاییه‌ ڕۆژێك ده‌مكوژێ

*** * *** 

(14 )

 

پرتەقاڵەکان ،

لەو دوری دورانە حەشار دەدەم .

تەنانەت ،

تەنیایش ،

نەیانۆزێتەوە .

پرتەقاڵەکان تامی تۆ نەبێ ،

تامێکی تر نادەن .