ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

میوان

حەمە جاف 

 

دەڵێن هاتی!؟

بەخێراتی...

دەپێم بڵێ‌: بەم ناوەختە

بەم زستانە

بەم رێگا سەخت و دژوارە

بەم شەوە نوتەك‌و تارە

چی هێناتی؟

ئێستا بڵێ‌: كێ‌ هێناتی

بۆچی هاتی؟

بەڵام نا ... میوان ئازیزە

گوڵانی چوار وەرزی ساڵ و 

نێرگزی وەرزێكی زیزە

دەڵێن گوایە

(میوان خۆشەویستی خوایە)

گەرمیوانیش (ئازیزت) بێت

ئازیزەكەی بێ‌ وێنەیەو

خۆشەویستی لەبن نایە!!

* * *

ئێستا بڵێ‌

چی هیناتی؟

بۆچی هاتی؟

كێ‌ هێناتی؟

بۆیە دەڵێم:

سەد جار دەڵێم بەخێراتی

زۆر بەخێرێی

بەخێراتی سەردوو چاوم

*(لەوەتەی تۆ تیاما هەڵ بوویت

نەك هەر دڵم

هەموو جەستەم بۆتە ژیلەو

بەشاتیشكی چاوەكانت داگیرساوم)

هۆ ئازیزم

ئەی تروسكەی دڵەی زیزم

هۆ ئازیزی چوست‌و سڵم

ئەی میوانی نابەڵەدی كوفتی دڵم

دوواجار دەڵێم...

زۆر بەخێربێی..سەرچاو و دڵ بەخێراتی!؟

ماتوڵ میوان وا ئازیز بێ‌..

یاخوا ئازیز..

لەئازیزان

بۆ ساتێكیش نەبن قاتی!؟