ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەسەرتای هەشتاکاندا دەمێک لە بۆدابست دەستم بە خوێند کرد،یەکەم ساڵ دەبوو زمان بخوێنین ،لە پاش نیوەی ساڵ ،لەتەک زمانەکەدا بڕێک دیرۆکیشیان پێدەگووتین ،دیرۆکی هەنگاریا یا (مەجەرستان) کە مەجەریەکان بەو جۆرە ناوی دەبەن.

مامۆستاکەمان خانمێکی میهرەبان و لەسەرخۆ بوو بە نێوی(تەرێز)،بە شێوازێک باسی دیرۆکی وڵاتەکەی دەکرد کە لە گێڕانەوەی حیکایەتەکانی بن ئاگردان دەچوو ،بۆیە حەزمان دەکرد پتر گوێی بۆ ڕادێرین .چێژێکی تایبەتی دەدا بە گێرانەوەکە ،زۆر لەسەر خۆ و بەجوانی دانی بە وشەکاندا دەنا ،چونکە دەیزانی ئیمە نوێن و لەهەمووی تێ ناگەین .جاروباریش بۆ ترش وخوێکردنی بەسەرهاتەکە ،جۆرە نواندنێکی یا نمایشێکی دەکرد بە تایبەت دەمێک باسی یەکێک لە پادشاکانی دەکرد.

ئەو گێڕانەوەیە وایکرد دیرۆکی هەنگاریام لا پەسەند بێت .ئیدی کە زیاتر فێری زمانەکەیان بووم ،خۆم عەوداڵی پتری ئەو دیرۆکە بووم.

جا بە پێی ئەو زانیاریانەی لە هەگبەکەمدا هەن ، هاوکات بە هاوکاری هاوژینەکەم ،هەوڵەدەم دیرۆکی ئەو وڵاتەتان لا ئاشنا بکەم.

دیرۆکی هەنگاریا بە فاکت

+ بەر لە پتر لە هەزار ساڵ وەک چەند خێڵێک لە ناوەڕاستی ئاسیاوە ڕوویان کردە ناوەڕاستی ئەورپا.پاش چەندین ساڵ ڕێکردن و پێکدادان لە ڕێگەدا لەگەڵ جۆرەها خێلدا ، لەم شوێنەی ئیستا گیرسانەوە.

+ بە مەبەستی بەسەلامەتی گەشتن بە شوێنێک و جێگیربوون تییدا ، بە دەستپێشخەری و بیرۆکەی (ئارپاد) کە هەم سەرکردەو هەموو کەسێکی خاوەن شکۆ بوو لە نێویاندا ،پەیمانێکیان لە نیو خۆیاندا بەست ، بەنێوی (پەیمانی خوێن)، ئەوەش بە مەبەستی گرێدانی چارەنووسیان پێکەوە .

ئەوەبوو هەر ( ٧ ) سەرۆک خێڵەکە هەندێک لە خوێنی جەستەی خۆیان لە دەفرێکدا تێکەڵ کردو پاشان هەموویان لەو خوێنەیان خواردەوە. بەمەش هەموو بوونە براو ،ئیدی بواری ناکۆکی وخیانەت نەما ( تا ئیمڕۆش هەنگاریەکان بە خوشک یا برا دەڵێن (Testvér) یانی خوێنی جەستە.

+ دەمێک گەشتنە ئەم شوێنەی ئێستا ،هەرچی خەڵکانێک کە لێرە دەژیان کە زیاتر کۆمەڵە خەڵکی بچوک بچوک بوون(سلاڤ) ،هەمویانیان لەناو بردن.

+ هەنگاریا یاخود مەجەر هەر دووناوەکە گوزارشت لەو نەتەوەیە دەکەن.

+ مەجەر ناوی ڕەسەنی خۆیانەو لە کاتی بوونیانەوە تا ئێستا هەر ئەو ناوەیان هەبووە .

+ هەنگاریاش لە ناوی (هون)ەکانەوە هاتووە کە بەر لە هاتنی مەجەریەکان بە (٤٠٠) ساڵ لە هەمان شوینەوە ،ناوەڕاستی ئاسیاوە هاتن و بە هۆی ئازایەتی و لێهاتوویانەوە و جەربەزەیی و خاوەن تاکتیکی جەنگی سەرکردەکەیانەوە (ئەتێللا) کە زیاتر لە نیوەی ئەوروپای داگیر کردو ڕۆمای ئەو دەمەی خستە ژێر ڕەحمی تیری جەنگاوەرەکانیەوە ،

فرانکیەکان و جەرمەنەکان وای بۆچوون کە مەجەریەکان بەهۆی ئازایەتی و ڕوخسارو هەڵسوکەوتیانەوە لە هونەکان دەچن و نەوەی ئەوانن ،بۆیە ناویان نان هونەکان یا هونگاریەکان.

+ مەجەریەکان بۆیە ئەم شوێنەیان بۆ ژیان هەڵبژارد ،چونکە شوێنێکی ئیستراتیجیەو دەکەوێتە سەر ڕوباری دانوب و زەویەکەشی بۆ لەوەڕگا یەکاویەکە. هەروەها بۆ خۆپاراستن لە دوژمن گونجاوە و لە شیوەی حەوزێکدایە کە پێیی دەڵێن (حەوزی کارپاد)

+ دەمیک گەشتنە ئەم شوینە ،دەڤەرەکیان بە چەند بەشێک دابەش کرد و هەرخێڵێکیان لە جێگەیەک جێیگیر کرد، کە ئەو شوێنانە وەک دەروازە وان و ڕێگەی دوژمن نادات بە ئاسانی بێتە ناوەوە.

+ (ستیڤان) کوڕێ (گێزا ) یەکەم پادشای مەجەریەکان بوو کە پاش جێگیر بوونیان بە نزیکەی سەد ساڵێک تاجی خرایە سەر.

ئەم پادشایە کە کۆمەڵێک یاساو ڕێنمایی چەسپان ، بە دامەزرێنەری هەنگاریا هەژمار دەکرێت ،لای هەنگاریەکان پیرۆزترین مرۆڤەو وەک خودا دەیپەرستن ،هەزارەها شوێن بە ناویەوە هەیە. تائیستاش ساڵانە بە ناویەوە فەستیڤاڵی جۆراو جۆر ئەنجام دەرێت کە تێیدا ڕۆڵی ئەو پادشایە بەرجەستە دەکرێت.

+ پاش کۆچی دواییپادشا ستیڤان لە مەچەکیەوە ەستێکی دەبڕن و لە ئاڵتوونی دەگرن .تا ئێستاش ئەو دەستە لە مەزنترین کڵێسای مەجەر لە بۆدابست پارێزراوە.

+ مەجەریەکان سروشت پەرست بوون، بەڵام دەمیک ئاینی کریستیان گەشەی کردو بەرو ناوەڕاستی ئەوروپا هات باوکی ستیڤان پێی باش باش بوو کە ئەو ئاینە نوێیە بکەنە ئاینی فەرمی خۆیان،ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی خەڵکەکەی و ڕۆشتن لەگەڵ ڕەوتە گشتیەکەدا .

+ لە ئەڵمانیای ئێستاوە کە ئەو دەمە لە چەند مەملەکەتێک پێکهاتبوو وە کۆمەڵە خەڵکێکی تێدا دەژیا بە نێوی (جەرمەن و شڤاب)، لەوێوە قەشەیەکیان بانگهێشت کرد بۆ مەجەر ،تا هەم ئاینە نوێکە فێری خەڵک بکات و هەم ستیڤانی هەرزەکاریش فێری زانست و بنەماکانی ئەم ئاینە نوێیە بکات.

+ دەمێک ئەو قەشەیە گەشتە مەجەرستان کە ناوی (گەلێرت) بوو، پاش ئەوەی ماوەیەک لەگەڵ ستیڤانی هەرزەکاردا خەریک بوو ، وە پێدەچێت هەر ئەویش تاجی پاشایەتی نابێتە سەری ، ویستی لەنێو خەڵکی سادەشدا ئاینەکە بڵاو بکاتەوە ،بەڵام خەڵکەکە زۆر پابەند بوون بە ئاینەکەی خۆیانەوە و ڕەتی ئەو ئاینە نوێیەیان کردوە و دژی ئەو قەشەیە وەستانەوە .نەک هەر دژی وەستانەوە بەڵکە دەستگیریان کرد و بردیانە سەر گردێکی بەرز کە لە ناوەڕاستی بۆدابستدایە لە بەری( بۆدا )،لەوێوە فڕێیان دایە خوارەوە ومرد.

+ پاش ئەوەی ئاینی کریستیان بووە ئاینی هەموو خەڵک،هەر لەسەر هەمان شاخ یا گرد پەیکەرێکی مەزنیان بۆ ئەو قەشەیە درووست کرد و گردەکەش بە ناوی ئەوە ناونرا . ئیستا ئەو پەیکەرە لە دوورەوە بەشەو ڕۆژ بەدی دەکرێت.

+ وەک زانراوە پادشا ستیڤان کەسێکی زۆر زۆر بە باوەڕ بووە، بەردەوام خەریکی ئیمانداری بووە.+ لە نێوان ساڵانی ١٠٠٠ بۆ ١٣٠١ چەندین پادشا لەسەر کورسی پادشایەتی دانیشتن.

+ بەهۆی ئەوەی پادشا دەبێ لە هەمان خێزان بێت واتە کووڕ یا برا یا سەر بەخێزانێکی ناودارو خانەدان بێت،لەو میژووە بەدواوە (١٣٠١) خێزانەکانی سەر بە پادشاکان قڕیان تێکەوت و کووڕ نەما .جا یا مناڵی کوڕیاان نەدەبوو یا بەنەخۆشی دەمردن یا بە پلان لە تەمەنی گەنجیەتیدا دەکوژران،بۆیە ناچار بوون لە فەرنسا و پۆڵۆنیاو وڵاتانی دیکەوە پادشا هاوردەبکەن.

+بەر لە هاتنی تورکە عوسمانیەکان کەسێکی پاڵەوان لە ناو مەجەریەکاندا هەڵکەوت بە نێوی (هونیەدیک لاسلۆ) ،دەمێک تورکەکان لە بەلکانەو بەرو مەجەرستان بە نیازبوون بێن ،ئەو لە دەڤەری بەلگرادی ئیمڕۆدا کە ئەو دەمە ناوی (ناندۆر فەهێر ڤار )بوو ،یانی قەڵای سپی ناندۆر ، ڕێگەی پێگرتن و نەیهێشت پێشبکەون.

+ ئەو مرۆڤە مەزنە لەو کاتەدا بە نەخۆشی کۆچی دوایکرد ،بۆیە لە پاداشتی ئەو ڕۆڵە مەزنەیدا یەکێک لە کوڕەکانی بەنیوی (ماتیاش ) کرا بە پادشای هەنگاریا.ماتیاش هاوشیوەی ستیڤان لە کن مەجەریەکان خۆشەویست بوو ،توانی وڵات یەکبخات و لەزۆر بواردا پێشی بخات.

+ ماتیاش بۆ ماوەی (٤٠) ساڵ لەسەر کورسی پادشایەتی دانیشت. لە ئەمڕۆشدا ماتیاش لە دوای ستیڤانەوە خۆشەویستە.

+ پاش ماتیاش کەسێک لە خانەوادەیەکی ناودار کرایە پادشا بە نێوی (لایۆشی دووەم).

+ ساڵی ١٤٢٦ تورکەکان بەرو مەجەرستان هاتن ،لەو دەمەدا لایۆشی دووەم پادشا بوو ،بۆ ئەوەی ڕێگری لە تورکەکان بکەن لە هاتنە ناو قوڵایی وڵاتەوە ،خۆی بەشداری لە جەنگێکدا کرد بە نێوی جەنگی(مووها) کە دەکەوێتە سنوری سەربیا .لەو جەنگەدا کە بە درێژخایەن و خوێناوی هەژمار دەکرێت ،لە هەردوولا هەزارەها خەڵک کوژران، لە ئاکامدا تورکەکان جەنگەکەیان بردوەو لایۆشی پاشاش بریندار دەبێت، بە برینداری دەیەوێت دەربازبێت ، لەو کاتەدا بە خۆی و ئەسپ و تفاقی گرانی جەنگەوە ،دەکەوێتە جۆگەیەکی قوڵی پڕ لە ئاو ،هەر لەوێدا گیان دەسپێریت.

+ پاشان دارودەستەکەی و خەڵکی دەڤەرەکە پادشا بەخاک دەسپێرن ،دەگەڕێن بۆ تاجەکەی سەری و دەیدۆزنەوە کە بەشی سەروەی لار بووبوو.

+ دەڵێن پاش ئەوەی تاجەکەو دارعاسکەی و سێوە ئاڵتونیەکەی دەستی، لە ئاوەکەدا دەدۆزنەوە لە چاڵێکدا دەیشارنەوە، پاشان چەند پادشەیەکی دیکە بەکاریان هێنابوو.

+بەر لە داگیرکردنی مەجەرستان لە لایەن نازیەکانەوە کارمەندێکی یەکێک لە بانکەکانی بۆدابست کە ئەو تاجەی تیا پارێزرابوو، تاجەکە دەگەیەنێتە ئەمەریکا، چونکە ترسی لەوە بووە نازیەکان بیبەن بۆخۆیان چۆنکە پیشەیان بووە هەر وڵاتێکیان داگیر دەکرد،کەلوپەلی گرانبەهایان دەبرد ،وەک ئاڵتوون و تابلۆی گرانبەها. شتی دیکە.

+ پاش ئەوەی ساڵانێکی زۆر ئەو تاجە لە ئەمەریکا دەبێت، لە سەرەتای حەفتاکاندا دەیگەڕێننەوە بۆ مەجەریەکان ،ئێستا لە پەرلەمانی هەنگاریادا پارێزراوە و زیارەتکاران دەتوانن بیبینن.

+ لە ماوەی پترلە (١٥٠) ساڵدا، کە تورکەکان زۆربەی خاکی مەجەرستانیان داگیر کردبوو، لە هەنگاریادا هیچ پادشایەک بوونی نابێت.

+ لەکاتی هێرشی تورکە عوسمانیەکاندا لە باژێڕێ (ئەگەر) قەڵایەک دەبێت ،تورکەکان نەیانتوانی داگیری بکەن . لە هەشتاکاندا بۆ ڕێز لێنان لە بەرخوردان و ئازایەتی ئەو مەجەریانە فلیمێک سازکرا بە نێوی (ئەستێرەکانی ئەگەر ) کە من بۆ خۆم دومە.

+هەر لە دەڤەری بەڵاتۆن قەڵایەکی دیکە هەبوو بە نێوی (سیگ لیگەت)کە ئیستا ئاسەواری هەردوو قەڵاکە ماون ،ئەو قەڵایەش وەک قەڵاکەی ئەگەر ،تورکەکان هەرگیز نەیانتوانی داگیری بکەن.

+١٦٨٦ بە گەلەکۆمەی هەندێک لە ولاتانی ئەوروپی ،توانرا تورکە عوسمانیەکان لە هەنگاریا وەدەرنێن.

+دەمێک تورکە عوسمانیەکان مەجەرستانیان جێهێشت یەک تاکە موسوڵمانیان لەدوای خۆیان بەجێ نەهێشت و کەس نەبووە موسوڵمان.

+ لەدوای سەربەخۆیی ، یانی دوای نەمانی دەسەڵاتی عوسمانیەکان ،بەهۆی نەبوونی کەسێکی شایستە لە خانەوادەیەکی ناودار ،کەس نەبووە پادشا ،بۆیە باشترین چارەسەر ئەوە بوو کە قەیسەری نەمسا ببێتە پادشای هەنگاریاش .(دەرکەوت چارەسەرێکی خراپ بوو)

+ ئەم ئیزدیواجیەتە لە دەسەڵاتدا بە ناوی (مۆنارهیا) یاخود (ئیمپراتۆریەتی نەمساو هەنگاریا)تا ساڵی ١٩١٨ درێژەی خایاند ،هەر قەیسەرێک ،دەسەڵاتی لە نەمسا وەبگرتایە ، ئۆتۆماتیکی دەبووە پادشای هەنگاریاش ،ئەمەش داگیرکردنێکی موحتەرم بوو ،چونکە هەنگاریەکان تەنها بەناو شەریک بوون (شەریکی کارتۆنی) بوون ،دەنا هیچ دەسەڵاتێکیان نەبوو ،بۆیە هەنگاریەکان ویستیان لە ژێر ئەو داگیرکردنەدا بینە دەرێ ،چەند شۆڕشێکیان بەرپا کرد، کە بەداخەوە هیچیان سەری نەگرت .

+گرنگترینیان شۆڕشی ١٨٤٩ بوو کە شاعرێکی مەزنی هەنگاری گەنج بەنێوی (پەتۆفی شاندۆر) بەشداری تێدا کرد و گیانی خۆی بەخشی بە وڵاتەکەی.ئەو شاعیرە کە بەسونبوڵی ئازادی ناسراوە لەو جەنگەدا کوژراو تائێستاش لاشەکەی نەدۆزراوەتەوە.

+ساڵی ١٩١٤ نەمساو هەنگاریا بەشێکی سەرەکی بوون لە جەنگی جیهانی یەکەم ، دەمێک ساڵی ١٩١٨جەنگ کۆتایی هات ئەمان لە تەرەفە دۆڕاوەکەبوون .

+ساڵی ١٩٢٠ ڕێکەوتنی ئاشتی لە باژێڕی (تریانۆن ) لە فەرنسا واژۆکرا .دوای ئەوە ئیمپراتۆریەتی نەمساو هەنگاریاش کۆتایی پێهات .

+ هەنگاریا هەروەک چۆن لە هاوبەشی لەگەڵ نەمسادا هیچی دەست نەکەوت ،لە کۆتایی جەنگیشدا بە پێی ئەو ڕێکەوتنامەیە ،لە هەموو لاوە مقەستکاریان لە خاکەکەیاندا کردو و خرانە سەر ئەم وڵاتانە: ڕۆمانیا،سلۆڤاکیا،سەرب ،کراوت ،ئوکارانیا ،نەمسا، کە بەهەمووی مەجەر (١٠) ملیۆن خەڵکی لەدەستدا ،کە سێ ملیۆنیان مەجەری بوون.تائێستاش بڕێک لە مەجەریە ناسیۆنالیستەکان بۆ ئەو خاکە لەدەست چوانە دەگرین.

+ساڵی ١٩١٩ کۆمۆنیستەکانی هەنگاریا بەهێزی چەک دەسەڵاتیان گرت و ( کۆماری شوراکان)یان دامەزراند کە تەنها ١٣٣ ڕۆژ ژیا . لەو ماوە کوورتەدا کۆمەڵێک دەسکەوتی بۆ مەجەریەکان بەدەست هێنا.

سەرمایەدارن ، ئیقتاعەکان ، هێزە ڕاستڕەوەکان، سوپای وڵاتانی دراوسێ بە هاوکاری بڕێک لە ئەفسەرە پلەدارکانی نێو سوپا ،ئەم هێزانە کە تێکڕا بەرژەوەندیەکانیان کەوتە مەترسیەوە ،بە گەلەکۆمەیەک ئەو دەسەڵاتەیان لە نیویان برد.

+ کۆتایی ساڵی ١٩٢٠ کاپتنێکی هێزی دەریایی بەنێوی (هۆرتی میکڵۆش) کە کەسێکی ناسیۆنالیست بوو ، بێ بەرگری دەسەڵاتی گرتە دەست و تا جەنگی جیهانی دووەم حوکمی کرد.

+ لە ساڵانی سیەکاندا تەوژمێکی ناسیۆنالستی ڕووی لە هەنگاریا کرد ،بەو هۆیەوە زۆربەی ئەوانەی ناوەکانیان مەجەری نەبوو ،کردیانە مەجەری ،جائیتر لە شانازیکردنەوە بووبێت یا لەترسدا.

+ لەدەمی گەنگی جیهانی دووەمدا هیتلەر هەنگاریای داگیر کردو هۆرتی میکڵۆش لەسەر دەسەلات بەردەوام بوو.

+ لە کاتی جەنگدا ٦٠٠ هەزار جولەکەی هەنگاری لە پرۆسێسی بەدناوی هۆلۆکۆسدا لە نێو بران.

+ پاش کۆتایی جەنگ شوعیەکان بۆ ماوەی (٤٣) ساڵ وڵاتیان برد بەڕێوە.

+ ساڵی (١٩٥٦) ڕاپەڕینێک لە دژی دەسەڵاتی کۆمۆنیستەکان ڕویدا و بۆ چەند مانگێک پشێوی کەوتە وڵاتەوە ،خەڵکانێکی زۆر وڵاتیان بەجێ هێشت . بە هاوکاری دەبابەکانی سوپای سور توانرا دۆخەکە نۆرماڵ بکرێتەوە. 

+ پاش لەکارخستنی دەسەڵاتی کۆمۆنیستەکان ،لە سەرتای نەوەدەکانەوە جۆرێک لە دیموکراتی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات دەستی پێکرد ، لەسەرەتادا چەندین حیزب لە گۆڕەپانەکەدا بوونیان هەبوو ،بەڵام هێدی هێدی خۆری زۆربەیان ئاوا بوو ، تەنها دوو حیزب لە ململانێدا مانەوە، ئەوانیش( سۆشیالستەکان و هاوبەندی گەنجانی دیموکرات)ن. ئەمی دواییان حیزبێکی ڕاستڕەوی ناسیۆنالیستە ، ئەوە بۆ سێیەم جارە هەڵبژاردنەکان دەباتەوە.

+ هەنگاریا ئەندامە لە یەکێتی ئەروپادا ، بەهۆی سیاسەتە چەوت و مەترسیدارەکانی ( ڤیکتۆر ئۆربان) ی سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا ،یەکیەتی ئەوروپا ،ڕەخنەی زۆریان لێی هەیەو چەندین جار ئاگادریان کردوەتەوە.

+ بەهۆی ناڕەزایی وبێکاریەوە ،زۆرێک لە هاوڵاتیانی هەنگاری وڵات بەجێ دەهێڵن و بەدووی دەرفەتێکی باشتردا دەگەڕێن.

+ ژمارەی دانیشتوانی مەجەرستان نزیکەی (١١) ملیۆن دەبێت، پتر لە یەک ملیۆنیان لە بۆدابستی پایتەخت دەژین.

+ نزیکەی یەک ملیۆن سیگان یا قەرەچ لە وڵاتدا دەژین ،زۆربەیان گوندنشینن . ئەم قەرەچانە لە پەراوێزی کۆمەڵگادا دەژین .بەردەوام لە کیشەدان ،ئیدی جا خۆیان بۆ خۆیانی درووست کردبێت یا کۆمەلگاو دەسەڵات بۆی درووستکردبن .ئەم قەرەچانە دوو پیشەی سەرەکیان هەیە ،یا کرێکاری یا موزیکژەنی . چەندین گروپی موزیکی ناواریان هەیەو بۆ فەستیڤاڵە جیهانیەکان بانگهێشت دەکرێن .( ساڵی ٢٠١١ یەکێک لەو گروپانەم بردەوە بۆ کوردستان و لە فەستیڤالی گەلاندا کە لە کەلار بەڕێوە چوو ،بەشداریان کرد).

+ بۆدابستی پایتەخت لە دوو بەش پێک هاتووە ،(بۆدا )کە بەشە جوان وسەوزەکەیەتی و (پەشت )کە بەرە مەزنەکەیەتی و پڕە لەگەڕەکی شەعبی.

+ لە سەر دانوب کە بە ناو بۆدابستدا تێدەپەڕێت، (٩) پرد هەن کە هەردوو بەشەکە پێکەوە دەبەستن.

+ لە نیو دوو لەو پرددانەدا دوورگەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش هەیە بەنێوی (دوورگەی مارگێت )کە هەموو جۆرە ئامرازەکانی ڕابواردن و کات بەسەربردنی تێدایە . ئەو دوورگەیە یەکێکە لەو شوێنانەی کە بووەتە جێژاونی دڵداران .وەک چۆن موسوڵمانی ڕاستەقینە ئەوەیە کە حەج بکات ،دڵدارانی ڕاستەقینەش لە بۆدابست ئەوانەن کە جێژوانێکیان لەو دوورگەیەدابێت.

+ بینای پەرلەمانی هەنگاریا یەکێکە لە بینا ئەندازیاریەکانی وڵات کە زۆر جوانە .ساڵی ١٩٠١ درووستکراوە.

+ لە بۆدابست چەندین هێڵی خیێرای میترۆ (هێڵی ژێر زەمینی) {Undergrund} هەن ،کۆنترینیان هێڵی یەکە ،کە ساڵی ١٨٩٦ درووستکرا وە.لە دوای هێڵەکەی لەندەن بە کۆنترین هێڵی مەترۆ هەژمار دەکرێت.

+ سیستەمی هاتووچۆی هەنگاریا بە یەکێک لە پێشکەوتووترین سیستەمی گواستنەوە هەژامار دەکرێت ،هەموو ئامرازەکانی گواستنەوە ،بێدواکەوتن لە کاتی خۆیاندا دەردەچن.

+ چەند جۆرێک لە ئامرازی گوستنەوە لە وڵاتدا هەن کە بریتین لە : هێڵی ژێر زەمینی (کە خێراترینیانە، پاس، ترام ،شەمەنەفەری ناوشار،ترۆلی بوس( یانی پاسی کارەبایی) ، ئەوجا پاس و شەمەندەفەری نیوان شار وگونەکانیش هەن.لەوباوەڕەدا نیم گوندێک یا بژێڕێک لەوڵاتدا هەبێت هێڵی گواستنەوەی بۆ نەڕوات.

+ وێرای ئەوەی وڵاتی هەنگاریا بەگشتی جوانەو خاوەنی سروشتێکی دڵڕفینەو گەشتیار دەتوانێت کاتی خۆشی تێدا بەسەر بەرێت ،بە تیابەتی بۆدابستی پایتەخت ،هاوکات خاوەنی دەریاچەی بڵاتۆنە کە ١٢٠ کم لە بۆدابستەوە دوورەو ساڵانە لە مانگی مایەوە تا کۆتایی سەبتەمبەر پتر لە ملیۆنیک گەشتیاری هەنگاری و بێگانە ڕووی تێدەکەن.

+ یەکێک لە داهاتە باشەکانی خەڵکی هەنگاریا شەرابە ،پانتاییەکی زۆری وڵات بە ترێ داپۆشراوەو ساڵانە بەرهەمێک باشی شەرابی هەیە و خەڵکێکی زۆر ژیانیان لەسەر ئەو کارەیە.

+ لە هەنگاریا تەقلیدیکی مێژینە هەیە ئەوەیش فەستڤاڵە (فەستیڤاڵی هونەری)،کە لە ژێر جۆرەها ناونیشاندا سازی دەکەن ، وەک فەستیڤاڵی شەراب، پەنیر، بەروبوومی کشتوکاڵی ، یەکتر ناسین ،گەلان ، و زۆر ناوی دیکە.ئەم فەستیڤاڵانە لەسەرەتای هاوینەوە تا کۆتایی هاوین لە زۆربەی دەڤەرەکانی هەنگاریا سازدەکرێن ، وێرای گروپە هەڵپەڕکیو موزیکیەکانی خۆیان لەزۆر وڵاتی دیکەوە گروپی هونەری بەشداری دەکەن( تیپی هونەری میللی سلیمانیش ساڵی ٢٠١٢ بەشداریان لە سێ فەستیڤاڵدا کرد.

+بن شاخی گەلیرت پڕە لە ئەشکەوت ،لە ناوەڕاستی ئەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا گەورەترینیان کرا بە خەستەخانەیەکی فریا گووزاری ،گەر جەنگی ئەتۆمی یا کیمیایی ڕووبدات خەڵک لەوێ خۆی حەشار بدات، جا وەک دەڵێن پتر لە ٥٠ هەزار خەڵک دەگرێت و پێوستی ساڵێکی ژیانی تێدابووە بە دەرمانیشەوە. لە دووهەزاردا کرا بە خەستەخانەی نەخۆشی هەناسەدان و نەخۆشیەکانی سی.

+ دوا خاڵ زمانی مەجەریە کە زمانێکی تەواو سەربەخۆیەو لە هیچ زمانێکی دیکە ناچیت و هیچ هاوبەشییەک لە گڵ هیچ زامانێکی دروسێ یا دەوربەردا نیە .وە جگە لە زمان لەهەموو ڕوویەکەوە نەتەوەیەکی تەواو جیاوزن و هیچ شتێک لە گەڵ نەتەوەکانی دیکە کۆیان ناکاتەوە.