ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەسەرەتای سەدەی ( 20 )م تا دەست پێكردنی جەنگی جیهانی 1 م لەساڵی ( 1914 ) كۆمەڵێكی ڕۆشنبیر و بەتوانا لەناو كوردەكان دەركەوتن ،لەگەڵ ئەوەی كەزۆرینەی كوردەكان نەخوێندەوارو ژێردەستەی دەوڵەتی عوسمانی بوون ، وێڕای ئەو هەموو زوڵم و زۆرداریەش كەبەرامبەر بەكوردەكان دەكرا بەڵام هەرتوانیان چەندین كۆمەڵە و ڕێكخراوی سیاسی پێك بهێنن ، لەوانەش :

1-كۆمەڵەی عەزمی قەوی .

2-كۆمەڵەی تەعاڵی و تەرەقی كوردستان .

3-كۆمەڵەی هێڤی و بەشداری كردنیان لە ئیتحاد و تەرەقی .

خەبات و شۆڕشی ئەم كۆمەڵە و ڕێكخراوانە شایەنی باس كردنە بەتایبەتی لەساڵی ( 1908 ) كەكودەتایان كرد بۆ لابردنی سوڵتانی عوسمانی سوڵتان عبدالحمیدی 2 .

وەهەروەها ناكرێت ڕۆڵی بنەماڵەی بەدرخانیەكان لەبەرچاو نەگیرێت كەیەكەم ڕۆژنامەی كوردی بەناوی ( كوردستان ) لە ساڵی ( 1898 ) لە قاهیرە دەرچوو ،لازاریف باس دەكات لەساڵی ( 1887 ) یەكەم گۆڤار بەناوی ( كوردستان) دەرچوو .

سەرەتا شـۆڕش وكۆمـەڵە وگۆڤـار وڕۆژنامەكـان لەكوردسـتانی باكوور سەریان هەڵدا ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند خاڵێك لەوانە:

1-دەركەوتنی چینێكی بورجوازی و ڕۆشنبیر و خوێندەوار لە كوردستانی باكوور .

2-یارمەتی دانی كوردەكان و كەمەنەتەوەكانی تری وەك ئەرمەن و تورك و عەرەب كەلەژێر فەرمانڕەوایی دەوڵەتی عوسمانی بوون لەلایەن ئینگلیز و ڕوس و ئەلمانەكان بۆ هاندانیان لەدژی خەڵافەتی عوسمانی و كێشە دروست كردن .

3-كوردەكان وەكو نەتەوەكانی تر هەمان بارودۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووریان هەبوو لەناوچەكە ، بۆیە كورد و تورك و عەرەب كاری هاوبەشیان دەكرد بۆ ڕزگاربوونیان لەدەسەڵاتی عوسمانی .

4-نەبوونی سنور لەنێوان كوردستانی باكوور و باشوور بە ڕۆژئاواش لەسنوری قەڵەم ڕەوی خەڵافەتی عوسمانی دابوون.

5-نزیكی توركیا لە ئەوروپا .

6-بەشداری كردنی كوردەكان لەپاڵ سوپای عوسمانی لە شەڕەكانی دژ بە ئەوروپیەكان ، ئەوەش تا ڕادەیەكی باش چاوی كوردەكانی كردەوە .

7-زوڵم و زۆرداری لە ڕادەبەدەری عوسمانیەكان بەرامبەر بەكوردەكان .

8-دەوڵەتی عوسمانی لەدوا ساتەكانی فەرمانڕەوایی دا ئەوەندە تواناو هێزی نەمابوو بەسەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی .

9-نەوەكانی میری میرنشینەكان مابوونەوە و بەردەوام هەوڵی گێڕانەوەی دەسەڵات و خۆش گوزەرانی پێشوویان دەدا كەلەدەستیان چووبوو لەسایەی خەڵافەتی عوسمانی .

10-بوونی جۆرێك لەئازادی لەباكووری كوردستان لەچاو ڕۆژهەڵاتی كوردستان .

ئا:هێڤا