ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

د. عادل حسێن

نەخۆشیی شەكرە Diabetes بریتییە لە گروپێك كێشەی پەیوەست بە میتابۆلیزم. كۆنترۆل نەكردنی نەخۆشیی شەكرە بە شێوەیەكی دروست (واتە ئاستی بەرزی شەكری خوێن) دەبێتە ئەگەری ئاڵۆزیی بەرچاو لە زۆربەی ئەندامەكانی لەشدا. هەنگاوەكانی خۆپاراستن لە تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە ئەمانەن:

• بەسەركردنەوەی پشكنینی ئاستی شەكری خوێن بۆ دەستنیشانكردنی حاڵەتی پێش نەخۆشی شەكرە Prediabetes بەتایبەتی بۆ كەسانی بەساڵاچوو و ئەوانەی كە كێشی لەشیان زیادە. پشكنینی رۆتینی ئاستی شەكری خوێن زۆر پێویستە لە تەمەنی 45 ساڵی و بەسەرەوە. بە 3 جۆر پشكنین حاڵەتی پێش نەخۆشیی شەكرە دەستنیشان دەكرێت كە بریتین لە: پشكنینی ئاستی شەكری خوێن لە خورینی FBS، پشكنینی هیمۆگلۆبینی گلوكۆزبوو HbA1C، لەگەڵ پشكنینی بەرگەگرتنی گلوكۆز OGTT.

• كۆنترۆلكردنی كێشی لەش. بە دابەزاندنی 7%ی كێشی زیادی لەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە تا رێژەی زیاتر لە 50% كەم دەبێتەوە.

• پەیڕەوكردنی خۆراكی هاوسەنگ و تەندروستییانە و دووركەوتنەوە لە شیرینی، خۆراكی پرۆسێسكراوProcessed foods ، خوێی زیاد. 

• وەرگرتنی بڕێكی باشی ریشاڵ لە خۆراكدا وەكو دانەوێڵەی تەواو، سەوزە و میوە، پاقلەمەنییەكان. ریشاڵ یارمەتیدەرە بۆ زووتر هەستكردن بە تێربوون و كۆنترۆلكردنی ئاستی شەكری خوێن. 

• مەشقی فیزیكی بەردەوام یان زیادكردنی چاڵاكیی بەدەنی رۆڵی هەیە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیی شەكرە و نەخۆشیی دڵ. واباشە مەشقی وەرزشی رۆژانە بۆ ماوەی 30 خولەك ئەنجام بدرێت.

• پەیڕەوكردنی هەنگاوەكانی سووككردن یان كەمكردنەوەی سترێس. سترێس بە 2 رێگا كاریگەری دەكاتە سەر ئاستی شەكری خوێن: بەرزبوونەوەی شەكری خوێن، فەرامۆشكردنی پەیڕەوكردنی خۆراكی تەندروستییانە و مەشقی وەرزشی