ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرسووڕان Dizziness كە گەلێك جار هاوكاتە لەگەڵ هەستكردن بە ماندووبوون، سك ئێشە، سەرئێشە،حاڵەتێكی باوە لە كچی نەوجەواندا، هۆكاری دەروونی و جەستەیی لەپاڵە. سترێس یان شەكەتیی دەروونی باوترین هۆكارە بۆ سەرسووڕان لە كچی نەوجەواندا، هەروەها خەمۆكی و گرفتە كۆمەڵایەتییەكان. كەمخوێنی لەبەر كانزای ئاسن كە حاڵەتێكی باوە لە ئافرەتدا لەبەر ونكردنی بڕێك خوێن لەكاتی سووڕی مانگانەدا هاوكات لەگەڵ كەمی ئاسن لە خۆراكدا، هۆكارە بۆ كەمبوونەوەی ئاستی ئۆكسجین لە هەموو بەشەكانی لەش، بەڵام شانەكانی مێشك زیاتر هەستیارن بەرانبەر بە كەمی ئاستی ئۆكسجین لە خوێندا، بۆیە سەرسووڕان سەرهەڵدەدات بەتایبەتی لەكاتی جوولە و ئەنجامدانی مەشقی وەرزشیدا كە زۆر جار هاوكات دەبێت لەگەڵ هەستكردن بە ماندووبوون. كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن و بەدخۆراكی Malnutrition و هەندێك جاریش ریجیمی خۆراكی توند یان هەڵە دەبنە ئەگەری دابەزینی ئاستی شەكری خوێن، ئەمەش لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا دەبێتە ئەگەری سەرسووڕان، چونكە شانەكانی مێشك بۆ فرمانی دروست بە پلەی یەكەم پشت بە شەكری گلوكۆز دەبەستن. هەڵسانەوە پاش دانیشتن بۆ ماوەیەك كە دەبێتە هۆی زیادبوونی لێدانی دڵ و سەرسووڕان POTS، حاڵەتێكی ترە لە كچی هەرزەكاردا لەبەر كەم گەیشتنی خوێن بە شانەكانی مێشك بۆ ماوەیەكی كورت.