ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئایا تەمەنی دڵت Heart age لە تەمەنی راستەقینەت گەورەترە؟ ئەگەر تەمەنی دڵ لە تەمەنی بایۆلۆژی یان كالندەری Chronological age گەورەتر بێت واتە زیادبوونی ریسكی تووشبوون بە نۆرەی كوشندەی دڵ یان جەلتەی مێشك. گەلێك كەس لەم مەترسییەی كۆئەندامی دڵ و سووڕان بێ ئاگان، گەلێك كەس لە پێوانەی پەستانی خوێنیان بێ ئاگان، گەلێك كەس لە پێوانەی كۆلیستیرۆلی خوێنیان بێ ئاگان. پسپۆرانی تەندروستی هانی هەموو كەسێك دەدەن كە تەمەنی دڵیان بەسەر بكەنەوە بۆ زانینی هەر ریسك و مەترسییەك لە دڵ و بۆڕییەكانی خوێندا. هەروەها جەخت لەمەش دەكەنەوە كە هەتا ئەگەر هیچ نیشانەیەكت نەبوو، بەڵام تەمەنی دڵت لە تەمەنی راستەقینەت گەورەتر بێت، ئەوا ئەمە بزانە كە بەردەوام رووبەڕووی ئەگەری ریسكی تەندروستی مەترسیدار دەبیتەوە. زانینی تەمەنی دڵ زۆر گرنگە بۆ زووتر گرتنە بەری هەنگاوەكانی كۆنترۆلكردنی تەندروستی و خۆپاراستن لە ئاكامە مەترسیدارەكان، بۆ نموونە ئەنجامدانی گۆڕانكاری گەورە لە ستایلی ژیاندا، ئەمەش هەرچەند لە تەمەنێكی زووتر بێت ئەنجامی باشتری دەبێت. لە گەنجەكاندا ئەنجامدانی گۆڕانیكاریی تەندروستییانەی بچووك و بەردەوام وەبەرهێنانێكی گەورەی تەندروستییە لە ئەمڕۆ و ئایندەدا. لێكۆڵینەوەكان جەخت دەكەنەوە كە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، ئاستی بەرزی كۆلیستیرۆل، جگەرەكێشان، خۆراكی ناهاوسەنگ، كەمی مەشق یان ئەنجام نەدانی مەشقی فیزیكی، ئەمانە هەموویان ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی لە كۆئەندامی دڵ و سووڕاندا زیاد دەكەن.