ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بۆ خەوێكی باش و ئارام، گەلێك فاكتەر رۆڵیان هەیە وەكو تاریكی، پلەی گەرمی ژووری نووستن، ئاستی سترێس..تاد، جگە لەمانە جۆری دۆشەك Mattress رۆڵی گرنگی هەیە. دۆشەكی كۆن تۆز، كەڕوو و میكرۆبی تر بە رێژەیەكی بەرز لەخۆ دەگرێت كە ئەگەری تووشبوون بە هەستەوەری زیاد دەكەن و خەو تكێدەدەن، جگە لەمە لەشی مرۆڤ بە تێپەڕبوونی كات گۆڕانی بەسەردا دێت، بۆیە واباشە كە هەر 8-10 ساڵ جارێك دۆشەكی نووستنت بگۆڕیت. بۆ هەڵبژاردنی دۆشەكێكی نوێ، پێویستە كە دۆشەك سەپۆرتی هەموو بەشەكانی لەش بكات بە یەكسانی، بە مانایەكی تر لەكاتی نووستن لەسەر پشتدا فشار نەخاتە سەر بەشە چەماوەكانی پشت، نێك، پاشنەی پێ، شان، لەگەڵ مل و سەر. ئەگەر دۆشەك زۆر رەق بێت ئەوا فشار دەخاتە سەر ئەم بەشانەی لەش، ئەگەر زۆر نەرم بێت ئەوا بە تەواوی سەپۆرتی ئەم شوێنانە ناكات، لە هەر دوو حاڵەتدا ئازار لە بەشەكانی لەش لەكاتی لەخەوڵساندا سەرهەڵدەدات. ئەگەر بەیانی پاش لەخەوهەڵسان هەستت بە ئازاری پشت كرد و پاش 15-30 خولەك ئازارەكە لە بەین نەچوو، ئەوا دۆشەكی خەوتنت گونجاو نییە و پێویستە كە بیگۆڕیت. دۆشەكی خەوتن پێویستە جۆرێك بێت كە لەكاتی پاڵكەوتندا هەست بە هیچ فشارێك نەكەیت لە هیچ بەشێكی لەشدا وەكو ئەوەی كە لەسەر هەوا خەوتبیت. بەگشتی وا باشە كە دۆشەكی نووستن نە زۆر نەرم و نە زۆر رەق بێت. بۆ ئەوانەی كە زیاتر لەسەر تەنیشت دەخەون دۆشەكێكی كەمێك نەرم گونجاوە بۆ سەپۆرتكردنی شان و نێك. بۆ ئەوانەی كە لەسەر سك دەخەون، دۆشەكێكی كەمێك رەق گونجاوە بۆ رێگرتن لە پشت ئێشە.