ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەگەرچی نانی سپی White bread نەرم و خۆش و بەتامە، بەڵام رێژەیەكی كەمی لە ماددەی خۆراكی گرنگ تێدایە و لە لایەنی تەندروستییەوە پەسەند ناكرێت. نانی سپی لە ئاردی گەنمی زیاد سپیكراو دروست دەكرێت، واتە ئەو گەنمەی كە ریشاڵ و گەلێك ڤیتامین و كانزای لەدەستداوە. نان یان سەموونی سپی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەیەكی خێرای ئاستی شەكری خوێن و هۆرمۆنی ئینسولین، هەروەها نیشاستەی سافی نانی سپی وەكو شلەمەنییە شیرینكراوەكان وایە كە لە لەشدا بەخێرایی دەگۆڕێت بۆ چەوری، ئەمەش لە لایەنی تەندروستییەوە هەرگیز باش نییە چونكە ئەگەری تووشبوون بە زیادبوونی كێشی لەش و نەخۆشیی شەكرە و نەخۆشیی دڵ زیاد دەكات. ئەمەش روونكراوەتەوە كە رۆژانە خواردنی 2 یان 3 ژەمی نانی سپی ئەگەری زیادبوونی كێش یان قەڵەوی تا رێژەی 40% بەرزدەكاتەوە. هەوڵ بدە كە نان یان سەموونی سپی كەم بكەیتەوە، هەروەها هەموو ئەو خۆراكانەی كە بە ئاردی سپی دروست دەكرێن وەكو كێك و هەویركاری تر، ئەمەش لەبیر نەكەیت كە نانی سپی وردكراو بۆ پیتزا و كەنتاكی و خۆراكی تریش بەكاردێت. وا باشترە كە لەجیاتی ئاردی سپی، نانی دانەوێڵەی تەواو بخۆیت بۆنموونە گەنمی تەواو، شوفانی تەواو Whole oats یان گەنمەشامی تەواو.