ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پەروەردەی منداڵ پەیوەندیەکی زۆری بەو ژینگەیەوە هەیە کە تێیدا دەژی و مامەڵە و رەفتاری دایک و باوک و خێزانەکەی چۆن بێت، بەهەمان شێوە ئەویش بەو جۆرە رەفتار دەکات لەگەڵ خێزان و چواردەورەکەی.

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی کۆمەڵایەتی، هەریەکێک لە رەفتارە نادروستەکانی منداڵ راستەوخۆ پەیوەندی بە مامەڵەی دایک و باوکیەوە هەیە، بەم شێوازە:

1-منداڵەکەت غیرەیەکی زۆر دەکات، بەرامبەر هاوتەمەنەکانی خۆی، چونکە دایک و باوکی فەرامۆشیان کردووە، رەنگە بڵێیت وانییە و زۆر گرنگی پێ دەدەم، بەڵام دڵنیابەرەوە لەوەی لەوەدا گرنگی پێ دەدەیت کە خۆت دەتەوێت نەک ئارەزووی منداڵەکەت.

2-منداڵەکەت بیانووی زۆرە و بێزارکەرە و بەردەوام دەگری، بەڵام تۆ هەموو کاتێک لەگەڵ ئەم کردارانە ماچی مەکە و باوەشی پێدا مەکە و نازی زۆری پێ مەدە، ناکرێت ئەو بە گریان و بیانووەکانی رێگا هەڵەکەی خۆی بگرێت و دڵی تۆ رازی بکات.

3-منداڵەکەت رێزی کەس ناگرێت و هەندێک کرداری خراپ دەنوێنێت، بەڵام هەرگیز دەنگی بەسەردا بەرز مەکەرەوە مەیشکێنە، ئەمە ئەنجامی ئەم رەفتارەی خۆتە لەسەرەتاوە، هەوڵبدە تێی بگەیەنە ئەو رەفتارەی هەڵەیە بەڵام لەجێگایەک کەس ئاگادار نەبێت.

4-منداڵەکەت گۆشەگیرە، چونکە تۆ سەرقاڵیت و ئاگاداری ئەو نیت و وەک منداڵێک بایەخی پێ نادەیت.

5-منداڵەکەت دزی دەکات بەبێ پرس دەستکاری شت دەکات، چونکە تۆ فێری پاداشت و سزات نەکردووە لەبەرامبەر هەر رەفتارێکی باش، بەڵکو بە توڕەبوون مامەڵەت کردووە.

6-منداڵەکەت هەمیشە توڕەیە و کاردانەوەکانی توندە، تۆ گفتوگۆی زۆری لەگەڵدا مەکە و هێندەی تر کاریگەری سلبی لەسەر دروست مەکە تا ئارام دەبێتەوە.

7-منداڵەکەت گێژە و وریا نییە، چونکە تۆ هەمیشە پشتیوانی دەکەیت بەبێ ئەوەی بزانیت راست یان هەڵە.

8-منداڵەکەت متمانەی بە خۆی نییە لەهیچ هەنگاوێکدا، بەڵام تۆ هانی نادەیت و فێری هەنگاوەکانی متمانە بەخۆبوونی ناکەیت، بەڵکو دەیشکێنیت لەبەردەم خەڵکی و دەروونی دەتۆرێنیت.

9-منداڵەکەت درۆ زۆر دەکات، چونکە لەکاتی لێپێچینەوەیدا تۆ هێندە توندیت ناتوانێت راستیەکەت پێ بڵێت.

10-بێ گوێی دەکات و لاسارە، چونکە تۆش داوای زیاد لە پێویستی لێ دەکەیت.