ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەستانی هەناسە لەكاتی خەودا Sleep apnea بەوە پێناسە دەكرێت كە بریتییە لە ماوەیەكی دیاریكراو لە كەمبوونەوەیەكی توندی هەناسە یان وەستانی هەناسە لەكاتی خەودا. بە زاراوەی سادەتر، وەستانی هەناسە كە بۆ ماوەی 10 چركە یان زیاتر بەردەوام دەبێت، یان وەستانی هەناسە یان كەمبوونەوەی هەناسە تا رێژەی 10% بۆ ماوەی 10 چركە یان زیاتر لەگەڵ كەمبوونەوەی رێژەی ئۆكسجین لە خوێندا بە رێژەی 4%. وەستانی هەناسە لەكاتی نووستندا 3 جۆری هەیە: سەنتەری Centralكە بریتییە لە فەشەلی مێشك بۆ چاڵاككردنەوەی ماسوڵكەكانی بەرپرس لە هەناسە لەكاتی خەودا، گیرانی رێڕەوەی هەناسە Obstructive واتە نووسانی رێڕەوی هەناسە لەكاتی خەودا، هەروەها تێكەڵاوی ئەم 2 جۆرە Mixed. ئاڵۆزییەكانی وەستانی هەناسە لەكاتی خەودا بریتین لە: بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، جەلتەی مێشك، نەخۆشیی دڵ، نۆرەی دڵ، پەككەوتنی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی بۆڕییەكانی خوێنی سییەكان، كارەساتی ئۆتۆمبیل، گۆڕانی مەزاج، خەوزڕان، بۆرژان لەكاتی رۆژدا هاوكات لەگەڵ كەمبوونەوەی تەركیز و گرفت لە بیركردنەوە و بیرهاتنەوەدا. هەنگاوەكانی چارەسەركردن ئەمانەن: كۆنترۆلكردنی كێش و دابەزاندنی كێشی زیاد، دەرمان، بەكارهێنانی ئامێرەكانی فشاری پۆزەتیڤی هەناسە، نەشتەرگەری بۆ گورجكردنی مەڵاشوو یان راستكردنەوەی بەربەستی خواری لووت، بچووككردنەوەی قەبارەی زمان Tongue reduction، نەشتەرگەری بۆ رێكخستنی شەویلاكی خوارەوە و سەرەوە..