ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

خۆراهێنان لەسەر كۆنترۆلكردنی هەناسەوەرگرتن و دانەوە و زانینی ئەو راستییەی كە نۆرەكانی پەستی كاتین زۆر گرنگە بۆ كۆنترۆلكردنی نۆرەكانی پەستی. نۆرەی پەستی Anxiety attack لەوكاتەدا سەرهەڵدەدات كە لەش بڕێكی زیاتر لە ئەدرینالین Adrenaline بەرهەم دێنێت كە راستەوخۆ دەچێتە ناو خوێن، بۆنموونە لەكاتی ترسدا. بەگشتی نۆرەی پەستی بۆ ماوەی 15-30 خولەك دەمێنێتەوە. ئەگەر تۆ كەسێكیت زوو تووڕەدەبیت، ئەگەر زوو دوچاری نۆرەی پەستی دەبیتەوە؟ دەتوانیت بەم هەنگاوانەی خوارەوە نۆرەكانی پەستی تا رادەیەكی باش كۆنترۆل بكەیت و خۆت هێوربكەیتەوە:

• خۆت بە نیشانەكان ئاشنا بكە، نۆرەی پەستی چەند نیشانەیەكی جەستەیی لەخۆدەگرێت وەكو: زیادبوونی لێدانەكانی دڵ، هەستكردن بە خنكان، سك ئێشە، سەرسووڕان، ئارەقەكردن. ئەمەش لەیاد نەكەیت كە هەرگیز مەرج نییە هەموو جارێك هۆكارێكی راستەقینە و لۆجیكانە لەپاڵ نۆرەی پەستییەكەتەوە بێت.

• هەناسەت كۆنترۆل بكە،خۆت رابهێنە كە چۆن بە دروستی هەناسە وەردەگریت چونكە رۆڵی بەرچاوی هەیە لە كۆنترۆلكردنی نۆرەی پەستیدا، بە كۆنترۆلكردنی هەناسە لێدانەكانی دڵیش دەكەونە ژێر كۆنترۆلەوە. هەر جارەی بۆ ماوەی 5 چركە یەك پارچە هەناسە هەڵكێشە، هەناسە بۆ ماوەی 7 چركە لە سییەكانتدا رابگرە، پاشان با هەناسەدانەوەكەت بۆ ماوەی 8 چركە درێژە بكێشێت، ئەم سووڕە بۆ ماوەی 5 خولەك دووبارە بكەرەوە، یان دەتوانیت بۆ ماوەیەكی زیاتر بەپێی پێویست بەردەوام بیت.

• هەوڵ بدە كە بیر و هزرە نێگەتیڤەكان بەلاوە بنێیت.

• خۆت بە قسەكردن لەگەڵ خۆتدا هێوربكەرەوە، وشە و رستەی هێوركەرەوە Calming phrases دووبارە و سێبارە لەگەڵ خۆتدا بڵێوە.

• هەرگیز هەوڵ مەدە كە لە نۆرەی پەستی هەڵبێیت، هەڵاتن ترس و پەستییەكەت زیاتر و سەختتر دەكات.

• ئەگەر بەم هەنگاوانە هێشتا نۆرەی پەستی كۆنترۆل نەكرا، ئەوكاتە پێویست بە راوێژی دكتۆر دەكات.