ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەكاتی شەكەتی و گوشارە دەروونییەكاندا توانای ئاسایی لەش بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ چەوریدا دەشێوێت بەوەی كە چەورییە خراپەكانی دوژمنانی دڵ بۆ ماوەیەكی درێژتر لەناو خوێندا دەمێننەوە. لەكاتی سترێسدا چەوری گلیسریدە سیانییەكان لە خوێندا بۆ ماوەیەكی زیاتر دەمێننەوە، ئەمەش پاساوی ئەوە دەداتەوە كە بۆچی سترێس پەیوەندی بە نەخۆشیی دڵەوە هەیە. كە رێژەی بەرزی چەوری بۆ ماوەیەكی زۆر لە خوێندا دەمێنێتەوە لەوانەیە كە لەسەر ناوپۆشی خوێنبەرەكان بنیشێت و دوچاری تەسكبوونەوە یان گیرانیان بكات، بەمەش دەووترێت رەقبوونی خوێنبەرەكانArterosclerosis. سترێس بە رێگای جیاواز كاریگەریی دەكاتە سەر تەندروستیی كەسەكان، هەموو كاریگەرییەكان دەگەڕێنەوە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنەكانی كۆرتیزۆل Cortisol و ئەدرینالین Adrenaline. كۆرتیزۆل میتابۆلیزم و هەستی برسیبوون یان ئارەزووی خواردن زیاد دەكات بەتایبەتی بۆ چەوری و شیرینی، بەمەوە تووشبوو بە سترێس هەست بە خۆشییەك دەكات، بەڵام لە لایەكی ترەوە زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت. هەروەها هۆرمۆنی كۆرتیزۆل كۆگاكانی وزە لە لەشدا بە گەڕ دەخات كە شەكر و پرۆتین و چەوری تاقتكراو دەگرێتەوە بۆ دابینكردنی وزە لەكاتی كاردانەوەدا بەرانبەر بە سترێس، ئەم كردارە ئاستی میتابۆلیزم بەرزدەكاتەوە كە سستمی سووتاندنی وزەیە. جگە لەمانە، كۆرتیزۆل بەرگری خانەكان بۆ هۆرمۆنی ئینسولین پەیدادەكات كە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی ئینسولین و ئاستی شەكری خوێن، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە زیاد دەكات. لەكاتس سترێسدا، بە پێی توانا دووركەوە لە خۆراكی چەور و شیرینی، هەوڵ بدە كە زیاتر سەوزو و میوە بخۆیت بەتایبەتی سپێناغ، ماسی سالمۆن، پرتەقال، باوی، شیر، ئاڤۆكادۆ، هیلیۆن.

 

  • 1