ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

نەخۆشی دڵ كە جۆرەی باوەكەی بریتیی لە نەخۆشی خوێنبەرەكانی دڵ یان رەقبوونی خوێنبەرەكانی تاجی دڵ Coronary heart disease، زیاتر دوچاری پیاو دەبێت لەپاش تەمەنی 35-40 ساڵیدا، ئافرەتیش لەپاش تەمەنی وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانەدا وەكو پیاوان ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی دڵ لێدەكرێت. بوونی مەیلی خێزانی یان مەیلی زگماكی بۆ نەخۆشی دڵ لە هەندێك كەسدا ئەگەری تووشبوون زیاتر دەكات بە بوون و نەبوونی فاكتەرەكانی تری تووشبوون. قەڵەوی و بوونی كەرش(ورگ) هۆكاری هاندەرن بۆ تووشبوون بە نەخۆشی دڵ، هەروەها كەمی جوولە و كەمی مەشقی بەدەنی یان چاڵاكی وەرزشی هۆكارێكی هاندەری ترە بۆ تووشبوون. تووشبووان بە نەخۆشی شەكرە ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی دڵ زیاترە لە خەڵكانی ئاسایی تا رێژەی 50% بەتایبەتی ئەگەر بە باشی كۆنترۆل نەكرێت یان هۆكارەكانی تری تووشبوون لە ئارادابن. جگەرەكێشان هۆكارێكی هاندەری بەهێزە بۆ تووشبوون، هەروەها زیاد خواردنەوەی ئەلكهول، زیادبوونی ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن، زیاد خواردنی بەروبوومی ئاژەڵی و چەورییە تێرەكان Saturated Fats و چەورییە نێوەندەكان Trans Fats. نەخۆشی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن ئەگەر بە تەواوی كۆنترۆل نەكرێت هۆكارێكی تری بەهێزە بۆ تووشبوون بە نەخۆشی خوێنبەرەكانی دڵ.