ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

وەكو ستافی هونەری ماڵپەڕی رێگای كوردستان پێمان باش بوو تەوەرێك بكەینەوە‌و چەند پرسیارێك لەو هونەرمەندە ئازیزانە بكەین كە دەمێكە بوونەتە مۆمێك بۆ ئەوەی هونەر لەو وڵاتدا بە زیندووی بهێلنەوە، لێیان دەپرسین *جگە لە كاری هونەری بەچی سەرقاڵی؟ *بەرنامەی نوێتان چییە؟ *ئایا ئەوەی دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەكان بێت دەتوانین پێیان بڵێین هونەرمەند ؟ *بۆچی بەشێكی زۆری قوتابیانی پەیمانگاو كۆلێژی هونەرە جوانەكان دوای دەرچوونیان لەو پەیمانگایە ناتوانن درێژە بە كارە هونەرییەكانیان بدەن؟

ئا: هێڤا هێرش

مەهدی حەسەن ، لەدایك بووی شاری هەولێر ساڵی 1972، لەساڵی١٩٨٩ بەخولێكی شانۆیی دەستی بەكارێكی شانۆیی كردووە، لەساڵی ١٩٩٦-١٩٩٧ لەیەكەم خولی دەرچوانی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی تەواوكردووە، پسپۆڕی دەرهێنانی شانۆیە، لەساڵی ٢٠٠٩-٢٠١٠لەیەكەم خولی كۆلێژی هونەرە جوانەكان لەزانكۆی صلاح الدین لەبەشی هونەری شانۆ بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە شانۆ وەرگرتووە، دوای دەرچوونی لە كۆلێژی هونەرە جوانەكان بووە بە مامۆستای شانۆ لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان بەرپرسی تیپی هونەری ڕۆژ بووە،لەساڵی ٢٠١٠وەك ئەندامی دەستەی كارگێڕی بەشی شانۆی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان لقی هەولێر كاری كردووە ، لە ٢٠١٢ تاوەكو ئێستا لەبەڕێوبەرایەتی هونەری شانۆ لەوەزارەتی ڕۆشنبیری فەرمانبەرە. 

-وەك ئێوەش دەزانن دانەبڕاوم لە كاری هونەری‌و بەردەوامم بەپێی كات كاری بۆ دەكەم، ئێستا خەریكی ئامادەكردنی نۆڤیلێتی (حەسارو سەگەكانی باوكم )ی شێرزادحەسەنم، بۆشانۆ ئامادەی دەكەم ، هەوڵدەدەم لەم هاوینە خەریكی پڕۆڤەبین ، بۆ مانگی ۱۰ ئامادەی بكەین‌و هەروەها نمایشی بكەین.

-جگە لەكاری شانۆ وەك دەرهێنەر لەكەناڵی ئاسمانی كوردستان كاردەكەم دووایین كارم دیكۆمێنتاریم (یانەی ئەسپ سواری لەهەولێر) بووە .

-لە ماوەی كاری هونەریم لەگەڵا چەند هونەرمەندێكی دیكە كۆمەڵێك شانۆگەری هەن كە خۆم كاری دەرهێنانیم بۆ كردوون وەك: (خۆڵەمێش-دەقی سامۆیل پیگێت، بێ دەنگی-دەقی هاڕۆڵد پنتر، ماگبێس-ولیام شێكسپیر، شالیر-ولیام شێكسپیر، براكوژی-نیكۆس كازانزاكی،... لەگەڵ چەند شانۆگەریەكی تر.) 

-سەبارەت بەناونانی كێ‌ هونەرمەندە و كێ هونەرمەند نییە ؟ هێندە ئاسان نییە لێرە جیایان بكەمەوە مەبەستم زۆری دەوێ، بەڵام بە یاسای سەندیكای هونەرمەندان وەڵامتان بدەمەوە دەڵێ ئەوەی دەرچووی پەیمانگە و كۆلێژی هونەرەجوانەكان بێت و بەردەوام بێت لەبواری كاری هونەری خۆی ئەوە هونەرمەندە، بەڵام كەسانێكی زۆریش هەن لە ناوەندی هونەرییا كار دەكەن هیچ بڕوانامەیەكی هونەریشیان نییە، بەڵام دەتوانین پێیان بڵێین هونەرمەند، چونكە هونەر هەڵقوڵاویی ناخی مرۆڤە، رەنگە كەسانێك هەبن لە ژیانی خۆیاندا زۆر هەوڵیاندابێت بۆ ئەوەی شارەزاییەكی ئەگەر كەمیش بێت لە بواری هونەرییا هەیانبێت بەڵام نەیانتوانیوەو یاخود راستر بڵێین پێی نەگەیشتوون.