ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

رۆژانە ملیۆنان كرێكار لە كارگەی چیمەنتۆ و شوێنی بیناكردن رووبەڕووی تۆزی چیمەنتۆ Cement dust و تۆزی پاش دەستكاری و بڕینی بلۆك دەبنەوە. چیمەنتۆ چەند ماددەیەكی كیمیایی تفتی سووتێنەر و كریستالەكانی سیلیكا لەگەڵ كانزای كرۆم لەخۆدەگرێت. بەركەوتن بە تۆزی چیمەنۆتۆ كاریگەریی نێگەتیڤ دەكاتە سەر تەندروستیی چاو، پێست، لووت، هەروەها بەشی سەرەوەی كۆئەندامی هەناسە. كاریگەرییەكانی بەركەوتنی پێست بە چیمەنتۆ بریتین لە سووتانەوە، زبر و ئەستووربوونی پێست لەگەڵ قڵیشان، هەندێك جاریش پێست دوچاری گرفتی گەورە دەبێتەوە لە ئەنجامی سووتانی كیمیایی Chemical burns بە پێكهاتەكانی چیمەنتۆ. بەركەوتنی چاو بە تۆزی چیمەنتۆ دەبێتە ئەگەری سووتانەوە، سووربوونەوە، سووتانی كیمیایی. هەڵمژینی تۆزی چیمەنتۆ بۆ ماوەیەكی زۆر و بەردەوام گرفتی گەورە بۆ سییەكان پەیدا دەكات كە بە نەخۆشیی سیلیكۆسز Silicosis ناسراوە كە هەندێك جار كوشندەیە. بەگشتی تووشبوو دوچاری هەناسەتەنگی دەبێت لەكاتی جوولەدا، هەندێك جاریش هەتا لەكاتی حەسانەوەدا دوچاری هەناسەتەنگی و كۆكەی تەڕ دەبێت، بەڵام بە زۆری دەبێتە هۆی پەككەوتنی كۆئەندامی هەناسە لە ماوەی 2 ساڵدا. پێویستە لەسەر هەموو ئەوانەی كە مامەڵە لەگەڵ چیمەنتۆ و كۆنكریتدا دەكەن كە درك بە مەترسییەكان بكەن و دەتوانن كە 100% خۆیان لە مەترسییەكان بپارێزن، بۆنموونە بەكارهێنانی دەستكێش، جلی گونجاو، دەمامك، چاویلكە، بووت یان جزمە بۆ پاراستنی پێ و قاچەكان.