ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پەستی Anxiety گەلێك جار دەگۆڕێت بۆ ترس یان تۆقین، ترس لە بار و دۆخە كۆمەڵایەتییەكان بە تۆقینی كۆمەڵایەتی ناسراوە، بۆنموونە قسەكردن لە شوێنی گشتیدا، خواردن لەگەڵ كەسانی تردا، بەكارهێنانی تەلەفۆنی گشتی، خۆناساندن بە كەسانی تر..تاد. ترس یان تۆقینی كۆمەڵایەتی Social phobia حاڵەتێكی باوە، بریتییە لە ترس و نیگەرانی لەكاتی تێكەڵبوون لەگەڵ كەسانی تردا. كەسانی تووشبوو دەزانن و درك بەوە دەكەن كە پەستی و ترسەكەیان لۆجیكانە نییە و لە جێگای خۆیدا نییە، بەڵام ناتوانن لێی دەرباز بن، بەهەرحاڵ زانینی شتێك جیاوازە لە باوڕكردن و هەستكردن بە شتێك. تووشبوو دوچاری هەستی نێگەتیڤ دەبێت بۆنموونە هەستكردن بە كەمی یان ناڕحەتی و دڵتوندی، لەكاتی تەنیابووندا هەست بە باشبوون دەكات. هەروەها هەستكردن بە ناڕحەتی لەم حاڵەتە كۆمەڵایەتییانەدا: لەكاتی ناساندنی بە كەسێك، رەخنەگرتن، كە دەبێتە جێگای سەرنجی كەسانی تر، لەكاتی چاودێریكردنی كە كارێك ئەنجام دەدات، لەكاتی بینینی كەسی بەناوبانگ یان كەسانی دەستەڵاتدار، نزیكبوونەوە لە كەسانی بێگانە، لەكاتی بەستنی هەر جۆرە پەیوەندییەك. نیشانە جەستەییەكانی هاوكات لەگەڵ تۆقینی كۆمەڵایەتی: ترسێكی توند، زیادبوونی لێدانەكانی دڵ یان دڵەكوتێ، سووربوونەوەی دەموچاو، زیاد ئارەقەكردن، وشكبوونی دەم و قوڕگ، دەست لەرزین، گرفت لە قووتداندا، گرژبوونی هەندێك ماسوڵكەی لەش بەتایبەتی ماسوڵكەكانی دەوری دەموچاو و مل.