ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  


لەش زۆر پێویستی بە ڤیتامین D هەیە بۆ هەڵمژینی كانزای كالسیۆم و گەشەی ئێسك، هەروەها بۆ گەلێك فرمانی گرنگی تر لە لەشدا. نیشانەكانی كەمی ڤیتامین D: خەمۆكی، پەستی، نەرمبوونی ئێسك یان ئێسكەنەرمە Rickets لە منداڵ و پووكانەوە و لاوازبوونی ئێسك لە گەورەكاندا كە هۆكارە بۆ زیادبوونی ئەگەری شكان بە هێزێكی دەرەكی سووك یان كەوتنێكی سادە، هەستكردن بە ماندووبوون و بێهێزیی گشتی، ئازاری ماسوڵكە بەتایبەتی لە دەست و پێیەكاندا هاوكات لەگەڵ كەمبوونەوەی هێز یان تۆنی ماسوڵكە، ئازاری جومگە بەتایبەتی لە پشت و ئەژنۆكان، ناجێگیربوونی ئاستی شەكری خوێن، لاوازبوونی سستمی بەرگریی لەش، كەمبوونەوەی ئاستی كالسیۆم لە خوێندا، گۆڕان لە مەزاجدا بە شێوەی هەستكردن بە ناڕحەتی و دڵتوندی چونكە كەمی ڤیتامین D دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی رێژەی ماددەی سیرۆتۆنین Serotonin لە شانەكانی مێشكدا، زیادبوونی كێشی لەش، دواكەوتنی چاكبوونەوەی برینەكان، هەستكردن بە هیلاكی و كەمبوونەوەی توانای بەرگەگرتن. لەكاتی تووشبوون بە كەمی ڤیتامین D و بەرجەستەبوونی نیشانەكان، ئەگەر حاڵەتە زوو چارەسەرنەكرێت ئەوا ئەگەری تووشبوون بە چەند نەخۆشیی تر زیاد دەبێت وەكو: رەبو، نەخۆشیی سیل، شەكرە، نەخۆشیی پوك، نەخۆشیی لە كۆئەندامی دڵ و سووڕاندا، زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە بەتایبەتی شێرپەنجەی كۆڵۆن، شێرپەنجەی مەمك لە ئافرەت و پرۆستات لە پیاودا.