ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كۆلیستیرۆل Cholesterol ماددەیەكی مۆمی چەورە، لە هەموو خانەكانی لەشدا هەیە، ئاستی بەرزی كۆلیستیرۆل ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ زیاد دەكات، بۆیە پێویستە بە هەموو رێگایەك هەوڵ بدرێت كە ئاستی كۆلیستیرۆل لە سنووری ئاساییدا بهێڵرێتەوە.

• ناتوانیت بەبێ كۆلیستیرۆل بژیت: ئێمە بە كۆلیستیرۆلەوە لەدایك دەبین، منداڵ كۆلیستیرۆل لە شیری دایك وەردەگرێت، شیری قوتووش كۆلیستیرۆل لەخۆدەگرێت، هەموو هۆرمۆن و خانەكانی لەش بۆ ئەنجامدانی فرمانی دروست پێویستیان بە كۆلیستیرۆلە، هەروەها بەشدارە لە بینای خانەكان و یارمەتی جگەر دەدات بۆ دروستكردنی ترشەكانی زەرداو.

• یەك لە هەر 3 كەسی پێگەیشتوو ئاستی كۆلیسترۆلیان بەرزە، بۆیە پێویستە لەسەر هەر كەسێك پاش تەمەنی 20 ساڵی كە هەر 5 ساڵ جارێك پشكنین بۆ پێوانەی كۆلیستیرۆل بكات.

• بۆماوە رۆڵی هەیە لە تووشبوون بە بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆل، لێكۆڵینەوەكان جەختیان كردۆتەوە كە نزیكەی 75%ی حاڵەتەكانی كۆلیستیرۆلی بەرز بنەمایەكی بۆماوەییان هەیە و هۆكاری 25%ی تری حاڵەتەكان دەگەڕێتەوە بۆ جۆری خۆراك.

• لەوانەیە منداڵیش دوچاری بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆل بێت، بۆیە پێویستە بەلای كەم جارێك پشكنینی كۆلیستیرۆلیان بۆ بكرێت بەتایبەتی منداڵی قەڵەو و ئەوانەی كە مەیلی بۆماوەیی كۆلیستیرۆلی بەرزیان هەیە.

• ئارەقەكردن ئاستی كۆلیستیرۆلی باش بەرزدەكاتەوە، جگە لە پەیڕەوكردنی خۆراكی دروست و هاوسەنگ، مەشقی فیزیكی هاندەرە بۆ ئارەقەكردن كە هەنگاوێكی ئاكتیڤە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی كۆلیستیرۆلی باشHDL كە دڵ لە نەخۆشیی دەپارێزێت.