ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەمە دەیان ساڵە كە باس لە ئەسپرین Aspirin دەكرێت وەكو هەنگاوێكی سادە بۆ خۆپاراستن لە سەرهەڵدانی نۆرەی دڵ و جەڵتەی مێشك و گرفتی تری كۆئەندامی دڵ و سووڕان، بەڵام ئایا بەكارهێنانی رۆژانەی دەنكی ئەسپرین بە ژەمێكی بچووك بۆ هەموو كەسێك پێویستە و ئەم ئامانجە دەپێكێت یان زیانی لە سوودی زیاترە؟ پسپۆڕان هەرگیز رێنمای ئەوە ناكەن كە هەر كەسێك لەخۆیەوە بۆ ئەم مەبەستە ئەسپرین بە ژەمی بچووك رۆژانە بەكاربێنێت، چونكە لەوانەیە كە زیانی لابەلای مەترسیداری لێبكەوێتەوە بۆنموونە خوێنبەربوونی ناوەوەی لەش بەتایبەتی لە رێرَەوەكانی كۆئەندامی هەرسدا كە بە پێی ئامارە پزیشكییەكان لە 30%ی بەكارهێنەرانی ئەسپرین بەدی دەكرێت. ئەمە سەلمێنراوە كە بۆ كەسانی تووشبوو بە نۆرەی دڵ رۆژانە وەرگرتنی دەنكێكی 81 یان 100 ملگم ئەسپرین سوودی هەیە بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە نۆرەیەكی تری دڵ لە ئاییندەدا، هەروەها ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دووەم لە ئافرەتدا كەم دەكاتەوە كە لە رابردوودا دوچاری جەڵتەیەكی مێشك بووبێت.