ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەگەرچی لەوانەیە كە پاش وازهێنان لە جگەرەكێشان كێشی لەشت زیاد بكات، بەڵام دووركەوتنەوە لە جگەرە باشترین هەنگاوە بۆ پاراستنی تەندروستی، پێویستە ئەمەش بزانرێت كە زیادبوونی كێشی لەش پاش وازهێنان لە جگەرەكێشان هەرگیز حەتمی نییە و دەتوانرێت كە بە پەیڕەوكردنی چەند هەنگاوێك تا رادەیەكی زۆر رێگای لێبگیرێت. لە گەلێك كەسدا پاش وازهێنان لە جگەرەكێشان لەوانەیە كە كێشی لەش تا 2.5-4.5 كیلۆگرام زیاد بكات لە ماوەی چەند مانگێكی پاش وازهێنان. بەگشتی 2 هۆكار هەیە بۆ زیادبوونی كێشی لەش پاش وازهێنان لە جگەرە: یەكەم، نیكۆتین Nicotine كرداری میتابۆلیزمی لەش تاودەدات، بە مانایەكی تر بڕی وزەی سەرفكراو یان بەكارهاتووی لەش تا رێژەی 7-15% زیاد دەكات، بۆیە لەش پاش وازهێنان لە جگەرە لەسەرخۆتر خۆراك دەسووتێنێت. دووەم، جگەرەكێشان ئارەزووی خواردن كەم دەكاتەوە، لەكاتی وازهێناندا هەستی برسیبوون زیاد دەبێت. هەندێك سەرچاوە باس لەوە دەكەن كە گەلێك كەس وەكو قەرەبووكردنەوەی جگەرەكێشان پەنا دەبەنە بەر خۆراكی پڕوزە واتە كالۆری بەرزتر، ئەمەش هاندەرە بۆ زیادبوونی كێشی لەش. بۆ خۆپاراستن لە زیادبوونی كێشی پاش پاش وازهێنان لە جگەرەكێشان، پەیڕەوی ئەم خاڵانە بكە: رۆژانە بڕی زیاتری ئاو بخۆرەوە، خۆراكی تەندروستییانە هەڵبژێرە و دووركەوە لە خۆراكی پڕوزە و خۆراكی خێرا، هەوڵ بدە رۆژانە مەشقی فیزیكی ئەنجام بدەیت.