ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

قاوە بە شێوەیەكی بەربڵاو لە سەرتاسەری جیهاندا دەخورێتەوە، ئەمە راستە كە خواردنەوەی قاوە بە بڕی كەم سوودبەخشە، بۆنموونە هانی بەرزكردنەوەی ئاستی وزە لە لەشدا دەدات و تەركیز زیاد دەكات، بەڵام بەكارهێنەرانی قاوە بەردەوام دەپرسن كە دەتوانرێت رۆژانە چەند كوپ قاوە بخورێتەوە كە بۆ لەش زیانبەخش نەبێت؟ زۆربەی خەڵك بەمە ئاشنان كە زیاد خواردنەوەی قاوە دەبێتە ئەگەری هەستكردن بە ناڕحەتی و نائارامی، ئەگەر خواردنەوەی قاوە لەم ئاستە زیاتر بێت ئەوا لەوانەیە كە زیانی گەورەتر پەیدا بكات بەتایبەتی بۆ كۆئەندامی دڵ و سووڕان. لە نوێترین لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە خواردنەوەی 6 كوپ قاوە یان زیاتر لە رۆژێكدا زیانبەخشە و ئەگەری نەخۆشیی دڵ تا رێژەی 22% زیاد دەكات. لە لێكۆڵینەوەكی تری ئوسترالیدا هاتوووە كە زیاد خواردنەوەی قاوە بۆ ماوەیەكی زۆر پەیوەندی بە تووشبوون بە نەخۆشیی كۆئەندامی دڵ و سووڕانەوە هەیە، بۆنموونە رێژە بەرزەكەی ماددەی كافائین Caffeine لە قاوەدا هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن كە ئەمەش بە دەوری خۆی هاندەرە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ. بە گوێرەی رێنماییەكانی پسپۆرانی تەندروستی وا باشە كە رۆژانە زیاتر لە 3 كوپ قاوە نەخورێتەوە تاكو زیاتر سوودبەخش بێت نەك زیانبەخش.