ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئا: د.عادل حسين

تاریكبوونی رەنگی پێستی بن كەوشەكان Dark underarms حاڵەتێكی باوە بەتایبەتی لە ئافرەتدا، هۆكارەكان و رێگاكانی چارەسەر بریتین لە:

• زیادبوونی لێكخشانی Friction پێستی بن كەوش، هاوكات لەگەڵ ئارەقە و شێداری كە لێكخشان زیاتر دەكەن و ئەگەری تاریكبوونی پێست زیاتر دەكەن. لە ئافرەتانی قەڵەودا ئەم لێكخشان و ئارەقەیە زیاترە بۆیە زیاتر رووبەری ئەم گرفتە دەبنەوە. چارەسەر بریتییە لە وشك راگرتنی بن كەوشەكان، پۆشینی جلی پاك لەگەڵ بەكارهێنانی ئاوێتەی لابردنی بۆن Deodorant بەتایبەتی ئەوانەی كە ماددە رێتینۆیدەكان Retinoids لەخۆدەگرن كە لە رووی پێكهات و كاریگەرییەوە زۆر لە ڤیتامین A نزیكن.

• هەوكردنی پێستی بن كەوشەكان بە كەڕوو كە حاڵەتێكی باوە و هاوكاتە لەگەڵ خورشتێكی سووك. چارەسەر: بەكارهێنانی دەرمانی دژەكەڕوو بە رێنمایی دكتۆری پێست.

• وەكو نیشانەیەكی ئامادەباشی بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە كە ئاستی بەرزی هۆرمۆنی ئینسولین دەبێتە هۆی تاریكبوونی پێست لە بن كەوش و لای پشتەوەی ملدا كە بە ئەكانتۆسز نیگریكانس Acanthosis nigricans ناسراوە. چارەسەر: پارێزی خۆراك بەتایبەتی دووركەوتنەوە لە شەكر و كاربۆهیدارتە سافكراوەكانی وەكو نانی سپی و برنج و نیشاستە بە مەبەستی خۆپاراستن لە تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە، لەگەڵ بەكارهێنانی كرێمی كاڵكردنەوەی پێست و ئاوێتە رێتینۆیدەكات، هەندێك جاریش بە لەیزەر چارەسەردەكرێت.