ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لێوەكان لە هەموو بەشەكانی تری دەموچارو زیاتر ئامادەباشییان هەیە بۆ ونكردنی شێداری. هەوای سارد و كەمی رێژەی شێداری هەوا لە مانگەكانی وەرزی زستاندا هۆكارێكی روونە لەپاڵ قڵیشانی لێوەكان Chapped lips، هەروەها هەوای سپلیت یان گەرمكەرەوەی تری ناوماڵ. هۆكارە هاندەرەكانی تری وشكبوون و قڵیشانی لێو بریتین لە: لێستنەوە یان بەردەوام تەڕكردنی لێوەكان بە زمان Licking كە گەلێك كەس وەكو خوێك ئەنجامی دەدەن، هەناسەوەرگرتن و هەناسەدانەوە بە رێگای دەم، هەستەوەری، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان، زیادبوونی رێژەی ڤیتامین A لە لەشدا، بەكارهێنانی هەندێك جۆری هەویری ددان كە ئەلكهول یان ئاوێتەكانی سەلفەیتی لۆریل Lauryl sulfate لەخۆدەگرن، كەمبوونەوەی رێژەی شلە لە شدا Dehydration لەبەر هەر هۆكارێك كە وشكبوونی لێوەكان دەبێتە یەكێك لە نیشانەكانی. رۆژانە چەوركردنی لێو هەر لە سەرەتای وشكبوونی بەر لە قڵیشان بە دەرمانی تایبەتی لێو (بالم Lip Balm) بەتایبەتی لەكاتی شەودا یەكەم هەنگاوی چارەسەركردنە،لە ماڵەوە دەتوانرێت كە زەیتی زەیتوون یان زەیتی گوێزی هیندی لەجیاتی (بالمی لێو) بەكاربهێنرێت. هەنگاوەكانی تری چارەسەركردن: شووشتنی لێوەكان بە پاككەرەوەیەكی شێداركەرەوە بە مەبەستی نەرمكردنی لێو، داماڵینی لێو بە مەبەستی لابردنی تفری وشكبووی لێو بە قوماشێكی نەرمی تەڕكراو، خواردنەوەی بڕێكی باشی ئاو، دووركەوتنەوە لە لێستنەوە یان تەڕكردنی لێو بە زمان.