ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 ئایا منداڵی قەڵەو دەبێتە پێگەیشتووێكی قەڵەو؟

بەگشتی ئەگەری قەڵەوی لە تەمەنی پێگەیشتندا دەگاتە 50% لەو كەسانەی كە لە تەمەنی منداڵیدا قەڵەو بن. لە چەند توێژینەوەیەكدا هاتووە كە نزیكەی 26-41%ی منداڵان لە تەمەنی پێش چوونە قوتابخانە كە قەڵەون دوچاری زیادبوونی كێش یان قەڵەوی دەبن لە تەمەنی پێگەیشتندا، هەروەها زیاتر لە 42-63%ی منداڵانی قەڵەوی تەمەنی قوتابخانە دوچاری قەڵەوی دەبن لە تەمەنی پێگەیشتندا. هەندێك سەرچاوەی تر ئاماژەیان بەمە كردووە كە زیاد خواردنی شەكر و شیرینی لە تەمەنی منداڵیدا هاندەرە بۆ ئەگەری قەڵەوی لە ئاییندەدا. چەندین لێكۆڵینەوە جەختیان لەسەر بوونی پەیوەندیی خواردنی شەكر بە قەڵەوی كردۆتەوە، لە گەلێكیشیاندا هاتووە كە خواردنی شلەمەنییە شیرینكراوە دەستكردەكان و خۆراكە پرۆسێسكراوەكان هۆكارە بۆ زیادبوونی كێش و قەڵەوی. زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی بەتایبەتی لە تەمەنی منداڵیدا زیاتر لە ئەنجامی زیاد خواردنی شەكر و شیرینیدا روودەدات و هاندەرە بۆ هەمان گرفت لە پاش تەمەنی گەورەبوون بەتایبەتی شیرەی فركتۆزی گەنمەشامی و ماددە شیرینكارە دەستكردەكان Artificial sweeteners كە بە رێژەیەكی بەرز لە خۆراكە پرۆسێسكراوەكان و شلەمەنییە شیرینكراوەكاندا هەیە. لە رووی ئابوورییەوە، شەكر و شلەمەنییە شیرینكراوەكان سەرچاوەی هەرزانن بۆ وزە، بۆیە بە بڕی زیاد لە لایەن كەسانی كەم دەرامەتدا دەخورێن و دەبنە هۆی زیادبوونی كێش و قەڵەوی بەتایبەتی لە تەمەنی منداڵیدا كە حەزی شیرینی لە لووتكەدایە.