ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هجرە یاخود مدائن صاڵح، شوێنەوارێكی مێژووییە و دەكەوێتە ئەلعولا لە باكوری رۆژئاوای سعودییە. ئەمەش، بۆ یەكەمجارە ئەم شوێنەوارە بە درێژایی 2000 ساڵ بە رووی هاوڵاتیانی ئاساییدا بكرێتەوە. ئەم شوێنەوارە لەلایەن شارستانیەتیەكی لەبیركراوەوە كەبە نێبەتییەكان ناسراون، وەكو سەنتەرێك بۆ بازرگانیكردن بەكارهاتووە. هۆكاری ئەوەی كە ئەم شارستانیەتیە لەلایەن زۆر كەسەوە نەناسراوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە هیچ دەستنووس و سەرچاوەیەكیان لەپاش خۆیان بەجێ نەهێشتووە، تاوەكو مرۆڤایەتی ئاشنا بكەن سەبارەت بە شێوازی ژیانیان یاخود ئەو خواوەندانەی كە پەرستویانە. ئەوەی كە تەنها ماوەتە و تیشك دەخاتە سەر ئەم شارستانیەتیە بریتین لە دەقە نوسراوە یۆنانی، رۆمانی و میسرییەكان كە لە دەرئەنجامی بازرگانیكردن و تێكەڵاوییان لەگەڵ ئەم شارستانیەتەدا تۆماریان كردووە.

نێبەتییەكان، بەپێی ئەوەی كە دەزاندرێت، بریتی بوونە لە خەڵكێكی گەڕۆك و ویستویانە كاریگەری خۆیان لەو ناوچەیەدا هەبێت. بەشێوەیەكی سەرەكیش، لە سەدەی چواری پێش زایینی تاوەكو سەدەی یەكی زایینی چالاك بوونە و ئەو شوێنانەشی كە تیایدا ژیاون بریتین لە ئوردن، ئیسرائیل، نیمچە دوورگەی سینا، سووریا و سعودییە.

ئەوەی لە شوێنەوارەدا بەدیدەكرێت، كاریگەری كەلتور و ئەندازیاری تەلارسازی و ئەفسانەی میسرییەكان، یۆنانییەكان و رۆمانییەكانە كە باڵی كێشاوە بەسەر ئەو شارە بیاباناوییەدا.