ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئاراس ئەمین

گۆڕانی ستایلی ژیان له‌ ئێستا به‌ گشتی به‌هۆی پێشکه‌وتنی هۆیه‌کانی گواستنه‌وه‌ و زۆر به‌کارهێنانی ته‌کنه‌لۆژیا و که‌می جوڵه‌ی رۆژانه‌ی هاوڵاتیان و وه‌رزش نه‌کردن وایکردووه‌ ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ سوڕی خوێن و زۆر نه‌خۆشی دیکه‌ش به‌رده‌وام له‌ زیاد بووندابن و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ژیانی مرۆڤه‌کان بکه‌ن.

 

له‌ ئێستادا وه‌رزش نه‌کردن و که‌می جوڵه‌ی هاوڵاتیان و قه‌ڵه‌وی، له‌و هۆکارانه‌ن که‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ کۆمه‌ڵگای ئه‌رووپی به‌ گشتی و به‌ریتانیا به‌ تایبه‌تی ده‌که‌ن .

کۆمه‌ڵه‌ی نه‌خۆشیه‌کانی دڵی به‌ریتانیا ئاشکرای ده‌کات زیاتر له‌ 20 ملیۆن هاوڵاتیاتی به‌ریتانیا هیچ جۆرێک له‌ جۆره‌کانی وه‌رزش کردنی ڕۆژانه‌ ئه‌نجام ناده‌ن، ئه‌وه‌ش به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ته‌ندروستی ژیانیان وه‌سف ده‌کات .

کۆمه‌ڵه‌که‌ له‌ ڕاپۆرتێکدا تیشک ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی ڕۆژانه‌ چالاکیه‌ وه‌رزشیه‌کان ئه‌نجام ناده‌ن و جوڵه‌ی که‌میان هه‌یه‌ زیاتر له‌ که‌سانی دیکه‌ ڕوبه‌رووی نه‌خۆشیه‌کانی دڵ ده‌بنه‌وه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ش ساڵانه‌ نه‌خۆشخانه‌کانی به‌ریتانیا پێوستیان به‌ گوژمه‌ی 1.5_2 ملیار دۆلار هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ر کردنی ئه‌و جۆره‌ نه‌خۆشانه‌ .

کۆمه‌ڵه‌ی نه‌خۆشیه‌کانی دڵی به‌ریتانیا ده‌ڵێت به‌رده‌وام حکومه‌ت له‌ ڕێگای دام و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کانه‌وه‌ داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌کات که‌ وه‌رزش و جوڵه‌ی زۆر بکه‌ن به‌ڵام ئه‌و که‌سانه‌ی هیچ جۆره‌ وه‌رزشێک ناکه‌ن دیاره‌ گوێ به‌و جۆره‌ ڕێنماییانه‌ ناده‌ن .

جه‌خت له‌وه‌ش ده‌کاته‌وه‌ هه‌ر که‌سێک له‌ هه‌فته‌یه‌کدا پێوستی به‌وه‌ هه‌یه‌ لانی که‌م 2 کاتژمێر و نیو وه‌رزش بکات .

به‌ پێی ڕاپۆرتی کۆمه‌ڵه‌که‌ ئافره‌تانی به‌ریتانیا زیاتر له‌ پیاوان چالاکیه‌ وه‌رزشیه‌کانیان پشتگوێ خستووه‌ به‌ جۆرێک 36% ی ئافره‌تان هیچ جۆره‌ چالاکیه‌که‌ی وه‌رزشی ڕۆژانه‌یان نیه‌ که‌ ژماره‌یان ده‌گاته‌ نزیکه‌ی 12 ملیۆن ئافره‌ت، له‌کاتیکدا ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ به‌ریتانیا له‌ ڕه‌گه‌زی نێرن و هیچ جۆره‌ چالاکیه‌کی وه‌رزشی ڕۆژانه‌یان نیه‌ ده‌گاته‌ سه‌ر 8 ملیۆن که‌س .

ڕاپۆرته‌که‌ ده‌لێ 76% ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی به‌ریتانیا که‌ ساڵانه‌ پێوستیان به‌ نه‌شته‌رگه‌ری دڵ هه‌یه‌ و داخڵی به‌شی بوژانه‌وه‌ی دڵ ده‌کرێن ئه‌و که‌سانه‌ن که‌ وه‌رزش ناکه‌ن و جوڵه‌ی ڕۆژانه‌یان که‌مه‌ . 

به‌ ووته‌ی دکتۆر مایک کناپتۆن پزیشکی نه‌خۆشیه‌کانی دڵ وه‌رزش نه‌کردن و جوڵه‌ی که‌م و زۆر دانیشتنی ڕۆژانه‌، ڕۆژ دوای رۆژ له‌ناو هاوڵاتیانی به‌ریتانیا ڕوو له‌ زیاد بوونه‌ ئه‌وانه‌ هه‌موو به‌یه‌که‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی گه‌وره‌ن له‌سه‌ر ته‌ندروستی دڵ له‌ناو هاوڵاتیاندا، هه‌ر ئه‌وانه‌ش هۆکاری زوو مردنن و ته‌مه‌ن کورتین، چونکه‌ له‌ بیرمان نه‌چی که‌ وه‌رزش کردن باشترین هۆکاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی دڵمان به‌ ته‌ندروستیه‌کی باشه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌، بێگومان نه‌خۆشیه‌کانی دڵیش ساڵانه‌ هۆکاری مردنی ده‌یان ملیۆن که‌سن له‌ جیهاندا . 

به‌ پێی ڕاپۆرته‌ پزیشکیه‌کان ساڵانه‌ 5 ملیۆن که‌س له‌ جیهان ده‌مرن که‌ ده‌توانین پۆڵێنیان بکه‌ین ه‌له‌ لیستی ئه‌و که‌سانه‌ی هیچ جۆره‌ چالاکیه‌کی وه‌رزشیی ڕۆژانه‌ ئه‌نجام ناده‌ن، یاخود هیچ جۆره‌ چالاکیه‌کی جه‌سته‌ییان نیه‌، 

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌که‌ن مردن به‌هۆکاری که‌می جوڵه‌ و وه‌رزش نه‌کرد یه‌کێک له‌ گرنگترین ده‌ هۆکاره‌ له‌ پێشینه‌کانی مردنی هاوڵاتیانه‌ له‌ جیهاندا.