ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە مەراسیمێکی تایبەتدا، کە لە ریۆ دی جانیریۆی بەرازیل بەرێوەچوو کوردێكی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان خەڵاتی باشترین زانای ماتماتیکیی پێبەخشرا.

ئەو خەڵاتە وەک خەڵاتی نۆبل وەسف دەکرێت و چوار ساڵ جارێک لە مەراسیمێکی تایبەتدا کە ماتماتیکزانەکان تیایدا کۆدەبنەوە و بەو ماتماتیکزانانە دەبەخشرێت کە تەمەنیان ٤٠ ساڵ و بەرەو خوارە.

کۆچەر بیرکار-ی تەمەن ٤٠ ساڵ کە دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ لە زانکۆی تاران وەک کۆچبەر رووی لە وڵاتی بەریتانیا کردووە و دواتر مافی پەنابەرێتی سیاسی وەرگرتووە، مامۆستا و پرۆفیسۆرە لە زانکۆی کامبریجی بەریتانیا، بەهۆی پۆلێنکردنی هاوکێشە فرە ژمارەییەکانەوە( polynomial equations)شەرەفی ئەو خەڵاتەی پێبەخشراوە.

کۆچەر بیرکار، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی گاردیان سەرەرای خۆشحالی خۆی بۆ ئەو دەستکەوتە وتویەتی" ئەم خەڵاتەم رەنگە زەردەخەنە بخاتە سەر لێوی ٤٠ ملیۆن کورد".

سکۆلزی تەمەن ٣٠ ساڵ، کە گەنجترین براوەی ئەو خەڵاتەیە لەماوەی ٦٤ ساڵی رابردوودا دامەزاروە، شەرەفی ئەو خەڵاتەی پێبەخشرا، ئەوەش دوای ئەوەی بە رێگایەکی تایبەتی ماتماتیکی سەلماندنێکی ماتماتیکی ٢٨٨ پەڕەیی بۆ ٣٧ پەرە کەمکردووەتەوە.

شانبەشانی پیتەر سکۆلز، هەر یەکە لە کۆچەر بریکار-ی تەمەن ٤٠ ساڵ مامۆستا لە زانکۆی کامریجی بەریتانیا کە بە رەگەز کوردە و خەڵکی رۆژهەڵاتە، ئەلیسۆ فیگالی-ی تەمەن ٣٤ ساڵ پرۆفیسۆر لە پەیمانگای تەکنینی فیدرالی زوریخ، ئاکشای ڤێنکاتێش، تەمەن ٣٦ ساڵ مامۆستا لە زانکۆی پرینسیتۆن خەڵاتی دووەم، و سێهەم و چوارەمیان بردەوە.

ئەو پێشبرکێیە لە ساڵی ١٩٣٦ لە لایەن جان چارلس -ەوە رێکخراوە، گەنجترین براوەی خەڵاتەکەش، جین پیەری سێرێ-ی کەنەدی تەمەن ٢٧ ساڵ بوو کە لە ساڵی ١٩٥٤ دا خەڵاتەکەی پێ بەخشرا.