ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق رایدەگەیەنێت، پرۆسەی جیاكردنەوە و ئەژماركردنەوەی دەستیی بۆ ناوەند و وێستگەكانی نووسینگەی بەغدا-كەرخی هەڵبژاردن تەواو بووە، رۆژی یەكشەممە پرۆسەی جیاكردنەوە و ئەژماركردنەوە بۆ ئەو وێستگانە دەكرێت كە هەڵوەشێنراونەتەوە.

رۆژی شەممە 4ی ئابی 2018 دادوەر لەیس جەبر حەمزە، وتەبێژی فەرمی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، "پرۆسەی جیاكردنەوە و ئەژماركردنەوەی دەستی ناوەند و وێستگەكانی نووسینگەی بەغدا/ كەرخی هەڵبژاردن، كە سكاڵا و تانەیان لەسەر هاتووە، ئەمڕۆ شەممە تەواوبوون".

لەیس جەبر لەبەیاننامەكەدا باسی لەوەشكردووە، "ئەنجومەنی كۆمسیاران لە دادوەرە ئینتدابكراوەكان، سبەینی یەكشەممە، دەست بە جیاكردنەوە و هەژماركردنەوەی ئەو وێستگانە دەكات، كە پێشتر كۆمسیۆن هەڵیوەشاندبووونەوە، ئێستا لە پێشانگای نێودەوڵەتی بەغدادن، دووبارە وردبینی و پیشكنینیان بۆ دەكرێتەوە، كە وێستگەی پارێزگاكانی (كەركوك، سلێمانی، هەولێر، دهۆك، نەینەوا، سەڵاحەدین، ئەنبار)ن".

وتەبێژی فەرمی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، ئەو پشكنین و وردبینیەی ئەو وێستگانە، هەر لە پیشانگای بەغدای نێودەوڵەتی دەبێت، و بەسەرپەرشتی راستەخۆی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە دادوەرە ئینتدابكراوەكان دەبێت، هەروەها بە بەشداری ئەو فەرمانبەرانە دەبێت، كە دەستنیشانكراون، بۆ پرۆسەی جیاكردنەوە و ئەژماركردنەوە، هەروەك بە ئامادەبوونی كارای تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا و بریكاری حزبە سیاسییەكان و چاودێرانی كۆمەڵگەی مەدنی پەیوەندیدار بە كاروباری هەڵبژاردن و دەزگاكانی راگەیاندن دەبێت".