ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات دەڵێت، بە شێوەی خۆبەڕێوەبەریی دەوڵەتی سوریا هیچ دژایەتییەكی لەگەڵ ئیدارەی ناوچە كوردنشینەكانی سوریا نییە.

رۆژی یەكشەممە 5ی ئابی 2018 ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لەكۆبوونەوەی شاندی رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ دیمەشق باسیان لە دۆسیەی ئەمنیی نەكردووە، سەردانەكەشمان لەسەر داوای دەوڵەتی سوریا بووە.

هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات راشیگەیاند، دەوڵەتی سووریا هیچ دژایەتیەكی لەگەڵ ئیدارەی ناوچە كوردنشینەكانی سووریا بە شێوەی خۆبەڕێوەبەریی نییە.

ئیلهام ئەحمەد باسی لەوەشكرد، زۆربەی پارتە كوردییەكانی سووریا لە ژێرناوی سیستەمی خۆبەڕیدا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتی سووریا نوێنەری تایبەتیان دەبێت.

ناوبراو ئەوەشی نەشاردەوە، لامەركەزییەت لە سووریا ڕێگاچارەیەكی گونجاوە بۆ ڕزگاركردنی سوریا لەو قەیرانەی كە زیاتر لە حەوت ساڵە تێیكەوتووە.

ئیلهام ئەحمەد رونیشیكردەوە، لە كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ شاندی دیمەشق باسی ڕادەستكردنی ناوچە كوردنشینەكانیان نەكردووە، بڕیارە لە دیدارەكانی داهاتوودا تەوەری سەرەكی خۆبەڕێوەبەریی ناوچە كوردنشینەكان و مافی كەمینەكان لە سووریا تاوتوێ بكرێت.