ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سزاكانی سەر ئێران رۆژ لەدوای رۆژ بەهای دراوەكەی بەرەو خراپتر دەبات بۆیە لەگەڵ دەستپێکردنی سزا ئابووریەکانی ئەمریکا، رۆژی یەکشەممە لێپرسراوانی ئێران بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەو سزایانە و رێگرتن لە دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار، چەند بریارێکی نوێیان لەبارەی مامەڵەکردن بە دراوی بیانییان دەرکرد.

لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتە نوێیەدا، بڕیاردراوە بە هەڵگرتنی رێوشوێنی تووند لەسەر مامەڵەکردن و هێنانەناوەوەی دراوی بیانی، هەروەها بڕیاریشدراوە باج لەسەر هاوردەکردنی ئاڵتوونی خام هەڵبگیرێت.

لەلایەن خۆشیەوە، عەبدولناسڕ هیمەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاندووە: دۆخی ئابووریی ئێران باشە و دەتوانین بڵێین وڵات بەدەست قەیرانی ئابووریەوە ناناڵێنێت.

راشیگەیاندووە: بازاڕی ئێران لەدوای جیبەجێکردنی ئەم سیاسەتە ئابووریە نوێیانە جێگیریی بەخۆیەوە دەبینێت.

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: ئیدارەی واشنتۆن لە رۆژی دووشەممەوە بەکاتی ئەمریکا بڕیاری سەپاندنی سزاکانی سەر ئێران دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، پاش ئەوەی لەمانگی ئایاری رابردوودا بەپێی بڕیارێکی دۆناڵد ترامپ، ئەمریکا لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە، کشایەوە و بڕیاریدا جارێکی تر سزاکانی سەر ئێران کارابکاتەوە.